بارزانی: هیچ پاساوێك نییە بۆ دەنگ نەدان‌و 25-9 ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە

06-09-2017 07:05
سەرباری فشارەكان، بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی ڕایگەیاند، لەپرسی ڕیفراندۆم نابێت كەس بێلایەن بێت‌و دەبێت لایەنگری بەڵێ بكەن‌و هیچ پاساوێك نییە بۆ دەنگ نەدان، دەشڵێت، 25-9 ڕۆژی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانە.

 

ئەو وتانەی بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا هات لەگەڵ ڕۆژنامەنوس‌و هونەرمەندان لەشاری هەولێر لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كە سەرباری فشاری ناوخۆیی‌و دەرەكی بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

بارزانی لە وتەكانیدا تیشكی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداو فشاری وڵاتان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام تەئكیدی كردەوە پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

بارزانی ئەوەی خستەڕوو، دەنگی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە پێشبینی ئەودا نەبووە‌و خۆزگەی خواست نەبوایە، بەڵام نابێت هیچ لێپرسینەوەیەكیان لەگەڵ بكرێت‌و ئازادن، وتیشی"خەڵكی سەربەخۆ زۆرن، لە هەڵبژاردن ئازادن دەنگ بەكێ دەدەن یان دەنگ نادەن، بەڵام لەپرسی ڕیفراندۆم نابێت كەس بێلایەن بێت‌و دەبێت لایەنگری بەڵێ بكەن."

 

هەرێمی كوردستان، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە‌و هەوڵدان بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا كە دراوسێی هەرێمن دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، ئێران تووندتر لە توركیا دژی پڕۆسەكەیەو ئەو دوو وڵاتە تەئكید لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەنەوە.

 

بارزانی لەوتەكانیدا ئەوەشی خستەڕوو، هیچ پاساوێك نییە بۆ دەنگنەدان‌و "25-9 ڕاگەیاندنی سەربەخۆییە"، وتی"ڕۆژی 25-9 بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتە كە دەنگتدا بە بەڵێ واتە بڕیارتداوە"، بەڵام لەسەر چەند پرسێك دەبێت لەگەڵ بەغدا ڕێككەوتن بكرێت، لەوانە سنورو ئاو و ئاسمان‌و سامانی سروشتی.

 

هەروەك داواشی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد كە چاودێری پڕۆسەی ڕیفراندۆم بكەن، باسیلەوەشكرد لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆ بەردەوام دەبن‌و گفتوگۆش بۆئەوەیە چۆن ببنە دوو دراوسێی باش.

 

وتەكانی بارزانی لەكاتێكدایە كاردانەوە نەرێنییەكان لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستان كە بڕیارە 19 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت بەردەوامە، ئێران ئەمڕۆش جارێكی دیكە لەزاری وەزیری دەرەوەوە نوێترین هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند‌و دەڵێت"ئەم پرسە مەترسییەكی زۆر گەورەیە بۆ برایانی كوردی ئێمە. ئێستا دۆخی كوردەكانی عێراق زۆر باشترە لە ڕابردوو، سەرۆك كۆماری عێراق كوردەو ڕێژەیەكی بەرچاو وەزیر و پەرلەمانتاری كورد لە عێراقدا هەن."

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.