یەكێتی پەیامی خۆی بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان دەگەیەنێتە گۆڕان‌و كۆمەڵ

07-09-2017 05:38
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا پەرلەمانی كوردستان لەسەر هەندێك بنچینەی یاسایی‌و ئابوری‌و سیاسی پێویستە بەزووترین كات كارا بكرێتەوە، بۆئەو مەبەستەش پەیامی یەكێتی بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەماوەی دوو ڕۆژدا دەگەیەندرێتە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەمڕۆ بەسەر پەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ كۆبوەوەو پرسی ڕیفراندۆم‌و چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و كێشەو گرفتەكانی تاوتوێ كرد.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، دوو بڕیار دراوەو لە بڕیاری یەكەمدا هاتووە"پەرلەمانی كوردستان، لەسەر هەندێك بنچینەی یاسایی و ئابوری و سیاسی پێویستە بەزووترین كات كارا بكرێتەوە."

 

هەروەها بڕیاری دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت"وەفدێكی یەكێتی، پەیامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەم دوو رۆژەدا دەگەیەنێتە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. وەفدی یەكێتی-یش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لەسەر نەخشەرێگای یەكێتی و ریفراندۆم، هەمان بنچینە، بۆ پارتی و لایەنەكانی دیكە، رون دەكەنەوە." 

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی دوای ئەوەدێت، 5ی ئەم مانگە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕیفراندۆم كۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، 21ی مانگی ڕابردووش پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015 ئەو حزبە مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و گۆڕان بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو داوای دواخستنی دەكەن‌و پێیانوایە كات‌و هەلومەرج لەبارنییە بۆ ڕیفراندۆم.

 

بەرلە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، هەر ئەمڕۆ كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە لەگەڵ سەرۆك‌و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەوەو تەئكیدی كردەوە، "پەرلەمان وەك دەزگایەكی نیشتمانی گرنگ، كە بەدەنگی گەلی كوردستان هەڵبژێردراوە، پێویستە كارابكرێتەوەو پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌و یاساییە گرنگەكان لەوێ‌ بڕیار‌و یاسای بۆ دەربكرێ."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ باسیلەوەشكردووە، كوردستان بەهەلومەرجێكی هەستیارو چارەنوسسازدا تێدەپەڕێ‌و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و هێنانەدی یەكێتی ڕیزەكانی گەل پێویستیان بەئارامی‌و گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە.

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەیان، عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردوەتەوە كە یەكێتی ڕێككەوتنی كردبێت لەگەڵ پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕایگەیاند"ئەو هەواڵانە بێ‌ بنەمان."

 

هاوكات قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئاماژەی بەوەكردووە، پەكخستنی پەرلەمان بووەهۆی چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، "لەسەرەتاوە تائێستاش پەكخستنی پەرلەمان بەكارێكی نایاسایی‌و ناسیاسی‌و نادیموكراسی دەزانین‌و لەئێستاشدا لەگەڵ ئەوەدانین پەرلەمان بۆ یەك دانیشتن كارابكرێتەوە، پێویستە پەرلەمان ئەركی خۆی ڕابپەڕێنێ كە یاسادانان‌و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەت‌‌و بڕیاردانە لەسەر پرسە نیشتمانییە گرنگەكان."