یەكێتی بەبێ گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدار دەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان؟

07-09-2017 07:30
عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گۆڕان، كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

یەكێتی نیشتمانی پێشنیاری نوێی هەیە بۆ چۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان‌و پێشنیارەكانی دەگەیەنێتە گۆڕان‌و كۆمەڵ، سەركردایەتییەكی یەكێتی دەڵێت، حزبەكەی بەبێ گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداردەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

 

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا پەرلەمان لەسەر هەندێك بنچینەی یاسایی‌و ئابوری‌و سیاسی پێویستە بەزووترین كات كارا بكرێتەوە، بۆئەو مەبەستەش پەیامی یەكێتی بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەماوەی دوو ڕۆژدا دەگەیەندرێتە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی.

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی كە بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە، هەندێك زانیاری ناو كۆبوونەوەكەی بۆ پەرەگراف ئاشكراكرد، وتی"لیژنەیەك پێكهێنرا سەردانی كۆمەڵ‌و گۆڕان بكەن، پێشنیاری نوێمان هەیە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و یەكڕیزی نیشتمانی، بڕیارێكی دیكەشمان ئەوەبوو پشتیوانی ڕیفراندۆم بكەین."

 

لەبارەی پێشنیاری نوێی حزبەكەی بۆ چۆنێتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، وتی"پێشنیارە نوێیەكە لیژنەیەك خاڵەكانیی نوسیوەو دەبرێت بۆ گۆڕان‌و كۆمەڵ" ئامادەنەبوو خاڵەكان ئاشكرابكات.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی دوای ئەوەدێت، 5ی ئەم مانگە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕیفراندۆم كۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، 21ی مانگی ڕابردووش پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

لە وەڵامی ئەوەی ئایا یەكێتی بەبێ گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدار دەبێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان؟ ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی وتی"بەڵێ، بەڵام بڕیارمان نەداوە تا لیژنەكە لە سەردانی گۆڕان‌و كۆمەڵ دەگەڕێنەوە ئەوكات بڕیار دەدەین."

 

بۆوەرگرتنی زانیاریی زیاتر پەرەگراف پەیوەندیكرد بە ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی یەكێتی، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەك ئاشكرابكات، وتی"پێمانوتراوە ئەم چەند ڕۆژە لێدوان نەدەین."

  

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، دوو بڕیار دراوەو لە بڕیاری یەكەمدا هاتووە"پەرلەمانی كوردستان، لەسەر هەندێك بنچینەی یاسایی و ئابوری و سیاسی پێویستە بەزووترین كات كارا بكرێتەوە."

 

هەروەها بڕیاری دووەمی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت"وەفدێكی یەكێتی، پەیامی ئەنجومەنی سەركردایەتی، بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان، لەم دوو رۆژەدا دەگەیەنێتە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. وەفدی یەكێتی-یش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لەسەر نەخشەرێگای یەكێتی و ریفراندۆم، هەمان بنچینە، بۆ پارتی و لایەنەكانی دیكە، رون دەكەنەوە."

 

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە هیچ زانیارییەكی ئاشكرا نەكردووە لەبارەی پەیامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و گۆڕان بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو داوای دواخستنی دەكەن‌و پێیانوایە كات‌و هەلومەرج لەبارنییە بۆ ڕیفراندۆم.

 

بەرلە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، هەر ئەمڕۆ كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبە لەگەڵ سەرۆك‌و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان كۆبووەوەو تەئكیدی كردەوە، "پەرلەمان وەك دەزگایەكی نیشتمانی گرنگ، كە بەدەنگی گەلی كوردستان هەڵبژێردراوە، پێویستە كارابكرێتەوەو پرسە نەتەوەیی‌و نیشتمانی‌وو یاساییە گرنگەكان لەوێ‌ بڕیار‌و یاسای بۆ دەربكرێ."

 

كۆسرەت ڕەسوڵ باسیلەوەشكردووە، كوردستان بەهەلومەرجێكی هەستیارو چارەنوسسازدا تێدەپەڕێ‌و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و هێنانەدی یەكێتی ڕیزەكانی گەل پێویستیان بەئارامی‌و گفتوگۆی بەرپرسیارانەیە.

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا لەگەڵ فراكسیۆنی حزبەكەیان، عومەر فەتاح ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردوەتەوە كە یەكێتی ڕێككەوتنی كردبێت لەگەڵ پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕایگەیاند"ئەو هەواڵانە بێ‌ بنەمان."

 

هاوكات قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ئاماژەی بەوەكردووە، پەكخستنی پەرلەمان بووەهۆی چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسی لەهەرێمی كوردستان، "لەسەرەتاوە تائێستاش پەكخستنی پەرلەمان بەكارێكی نایاسایی‌و ناسیاسی‌و نادیموكراسی دەزانین‌و لەئێستاشدا لەگەڵ ئەوەدانین پەرلەمان بۆ یەك دانیشتن كارابكرێتەوە، پێویستە پەرلەمان ئەركی خۆی ڕابپەڕێنێ كە یاسادانان‌و چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەت‌‌و بڕیاردانە لەسەر پرسە نیشتمانییە گرنگەكان."