جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" بۆ ڕیفراندۆم؛ ئازادی یان خیانەتی نیشتمانی؟

10-09-2017 03:14
گردبوونەوەی لایەنگرانی "نەخێر لە ئێستادا" لە یاریگای سلێمانی، 9-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

"لەبرسا هاتووم بۆئێرە، هیچم نییە، هیوادارم نەخێر ئایندەیەكی باشم بۆ بهێنێت" ئەمە وتەی سەلام مەحمود، تەمەن 60 ساڵە كە ئاڵایەكی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"ی بەرزكردبووەوەو بە ئومێدەوە گوێی بۆ وتاری بەرپرسانی جوڵانەوەكە گرتبوو.

 

سەلام كە خاوەنی 4 منداڵەو كرێكاری دەكات، یەكێك بوو لەو كەسانەی ئێوارەی دوێنێ(9-9) بەشداربوو لە گردبوونەوەی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" لە یاریگای سلێمانی كە بانگەشەی ئەوەدەكەن خەڵك دەنگ بدات بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.

 

هەرچەندە لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانەوە لایەنگرانی نەخێر بە "خیانەتكار" دادەنرێن، بەڵام ئەوان دەڵێن، دەربڕینی ڕای خۆیان سەرەتاییترین مافیانە‌و بە كەسانی دڵسۆز بۆ كوردستان‌و ناڕازی لە دۆخی حكومڕانی خۆیان دەناسێنن، هەروەك تێیاندایە باوك‌و كەسوكاری پێشمەرگەبووەو خەباتی كردووە، یاخود قوربانی دەستی ڕژێمی بەعس بوون لە ساڵانی 80ی سەدەی ڕابردوو.

 

جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" كە داوای دواخستن یاخود دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكات ڕۆژی 8ی مانگی ڕابردوو بە فەرمی ڕاگەیەندرا بە سەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید خاوەنی كۆمپانیای نالیاو كەناڵەكانی ئێن ئاڕتی، هەروەها ڕابون مەعروف پەرلەمانتاری گۆڕان‌، فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری یەكێتی‌و فاروق ڕەفیق-ڕۆشنبیر، لە كەسە دیارەكانی جوڵانەوەكەن.

 

هەڵمەتی نەخێر لەكاتێكدایە، بڕیارە 15 ڕۆژی دیكە ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوەش سەرباری ناڕەزایی ناوخۆیی‌و وڵاتانی دەرەوە‌و هەوڵدان بۆ پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

بە بڕوای سەلام مەحمود ئەم ڕیفراندۆمە بۆ دروستبوونی دەوڵەت نییە، وتی"ئەمە بۆ سەبەخۆیی نییە، تێكدەرەو پارتی دەیەوێت خۆی بسەپێنێت بەسەر كوردستاندا."

 

سەلام دانیشتوی سلێمانییەو باسیلەوەكرد ماوەیەكە كاری دەستناكەوێت‌و دۆخی گوزەرانی باش نییە، ناعەدالەتی‌و هەژاریی هۆكارێكە كە پاڵی بەوەوە ناوە دەنگی نەخێر بەرزبكاتەوە بۆ ڕیفراندۆم، هۆكاری سەرەكیش پارتی دیموكراتی كوردستانە.

 

"نە یاسا هەیە نە هیچ، نەخێر بۆ ئەم تاكە حزبەیە كە دەیەوێت خۆی بسەپێنێت(پارتی) بە تەئكید پارتی نەبوایە هەر حزبێكی دیكە بوایە دەموت بەڵێ، پارتی متمانەی نییە، 26 ساڵە حكومڕانیی دەكات دەیخوات‌و وڵاتیشی پشتگوێ خستووە، یەكێتیش هەمانشێوەی پارتییە" سەلام كە وەك كەسێكی بێلایەن خۆی ناساند وای وت، وتیشی"بەڵێ بیباتەوە ئەم وڵاتە خراپتر دەبێت، ئەمەی ئێمە بیباتەوە وەزع باش دەبێت."

 

گردبوونەوەی لایەنگرانی "نەخێر لە ئێستادا" لە یاریگای سلێمانی، 9-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

هەرچەندە ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە، بەڵام دەوروبەری 3 هەزار كەس لە گردبوونەوەكەی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" ئامادەبوون، ئەوەش بەوپێیەی ئامادەبووان بەنزیكەیی لە چوار بەش بەشێكی یاریگاكەیان پڕكردبوەوە‌و بەرپرسانی یاریگاكەش دەڵێن 12 هەزار كەس دەگرێت.

 

ئامادەبووانی گردبوونەوەكە چین‌و توێژی جیاواز بوون‌و ژمارەیەكی كەم ژنیان تێدابوو، كاتێك لە وتارەكاندا ناوی دەسەڵات دەبرا تێكڕا دروشمی"بڕوخێ بڕوخێ"یان دەوتەوە، لەكاتی وتاری شاسوار عەبدولواحیددا كەسێك كە وادیاربوو لایەنگری دەنگی بەڵێ بێت، چووە ناو یاریگاكەو نزیك بوەوە لە شوێنی وتاردانەكە، بەڵام كامەرندانی ئەمنیی ڕێگرییان لێكرد‌و پشێوییەكی كەم دروست بوو، بەدەر لەو حاڵەتە گردبوونەوەكە بە ئارامی بەڕێوەچوو.

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی قەواری جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" لەمیانی وتارەكەیدا وتی"دەمانەوێت دەسەڵات ناچاربكەین خۆیان بگۆڕن، ئەگەرخۆیان نەگۆڕن ئەوا دڵنیابن ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم دەسەڵاتە لە ڕەگ‌و ڕیشەوە هەڵدەكەنرێت، ئەوانەی دەیانەوێت كوردستان بكەن بە میرنشین خەیاڵیان خاوە، كوردستان پێویستی بە كەسانێكە دەوڵەتداری بكەن‌و خەونی گەورەیان هەبێت."

 

لەگەڵئەوەی لایەنگرانی دەنگی بەڵێ‌و نەخێر بۆ ڕیفراندۆم چەند ڕۆژێكە بە فەرمی دەستیان بە بانگەشە كردووە، بەڵام هێشتا بەشێك لە هاوڵاتیان خۆیان یەكلایی نەكردووەتەوەو سوودو زیانی ڕیفراندۆمیان بۆ ڕوون نەبووەتەوە.

 

لەناو گردبونەوەكەی دوێنێی لایەنگرانی "نەخێر لە ئێستادا" هەندێك كەس هەبوون بۆئەوە بەشداربوون یەكلایی ببنەوە، وەك چێنەر كە لەگەڵ دوو هاوڕێیدا بەشداری گردبونەوەكە بوون.

 

چێنەر گەنجێكی دانیشتوی سلێمانییە، پێیباش نەبوو ناوی تەواوی‌و پیشەكەی بڵێت، وتی"پەیامی هیچیان ڕون نییەو نازانم باشەو خراپەی ئەم ڕیفراندۆمە چییە."

 

چێنەر كە لەكۆتایی گردبوونەوەكەی "نەخێر لە ئێستادا" قسەی بۆ پەرەگراف كرد، وتی"لەمەی ئەمڕۆش تێنەگەشتم، هەر گۆرانی‌و هاتوهاواربوو."

 

دوو هاوڕێكەی دیكەی چێنەر، یەكێكیان بەهەمانشێوە هێشتا یەكلایی نەبووەتەوە دەنگ بە بەڵێ یاخود نەخێر بدات بۆ ڕیفراندۆم، ئەوەی دیكەیان لایەنگری نەخێر بوو، وتی"زیاتر بەهۆی ناعەدالەتی‌و گەندەڵی دەڵێم نەخێر، مەسعود بارزانی دەبێت سەرەتا حزبەكان ئاشت بكاتەوەو ناوخۆی كوردستان ڕێكبخات ئەوكات باسی ڕیفراندۆم‌و دەوڵەت بكات."

 

بە پێچەوانەی چێنەرو هاوڕێكانی، محەمەد عەتا كە بۆ ڕیفراندۆم یەكەمجارە بەشداری دەكات لە پڕۆسەی دەنگدان، لایەنگری دەنگی بەڵێ بوو، بەڵام بەشداربوو لە گردبوونەوەكەی "نەخێر لە ئێستادا".

 

محەمەد كە لەگەڵ دوو هاوڕێی دیكەیدا ئاڵای نەخێریان بەدەستەوەبوو، وتی"لەگەڵ هاوڕێكانم هاتین بزانین چییەو چۆنەو جەوێك وەرگرین."

 

محەمەد باسیلەوەكرد، ئەو دەنگ بە بەڵێ دەدات لەبەرئەوەی متمانەی هەیە ئەم بارودۆخە بگۆڕێت، بە پێكەنینەوە وتیشی"ئاڵاكەم كردووە بە بەخێر" -خاڵی سەر پیتی نونی وشەی نەخێری لابردوو، لەژێر پیتەكەدا كونێكی كردبوو وەك خاڵ، وشەكە بە بەخێر دەخوێندرایەوە-.

 

 

محەمەد ئاڵای نەخێری كردووە بە بەخێر. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

بەشێكی دیكە لە بەشداربووانی گردبوونەوەكە لە ناوچەكانی دەرەوەی شاری سلێمانییەوە هاتبوون، گەنجانی ناحیەی چوارقوڕنە بە جۆش‌و خروشێكی زۆرەوە بەشداربوون، بەڵام ئامانجی ئەوان، بەڵێ‌و نەخێری ڕیفراندۆم نەبوو.

 

گەنجانی چوارقوڕنە كە بە 12 پاسی 21 نەفەری هاتبوون، سەرجەمیان وەرزشكاربوون‌و وەك خۆیان باسیانكرد بە بانگهێشتی فەرمی شاسوار عەبدولواحید بەشدارییان لە گردبوونەوەكە كردبوو.

 

ئەو گەنجانە كە لەكاتی ڕۆیشتنەوەیاندا پەرەگراف قسەی لەگەڵ كردن، ئەوەیان خستەڕوو ئەوان بۆئەوە بەشداربوون لە گردبوونەوەكە شاسوار عەبدولواحید بەڵێنی پێداون یاریگای ناحیەكەیان بۆ چاك بكات.

 

چوارقوڕنە یاریگایەكی گڵی هەیەو بڕیارە بكرێت بە چیمەن، هێشتا كارەكانی تەواو نەكراون‌و ڕاگیراوە، وەك ئەو گەنجانە وتیان، شاسوار عەبدولواحید بەڵێنی پێداون لەسەر ئەركی خۆی بۆیان تەواو بكات.

 

كاتێك پەرەگراف پرسیاری لەگەنجەكان كرد، ئایا ئەگەر كەسێكی دیكە یاریگاكەتان بۆ تەواو بكات هەر دەنگ دەدەن بە نەخێر؟ گەنجەكان بوون بە دوو بەشەوەو هەندێكیان وتیان"نەخێر ئەوكاتە دەنگ دەدەین بە بەڵێ" هەندێكی دیكەشیان سووربوون لەسەر دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم.

 

 

وێنەی یاریگای چوارقوڕنە لە مۆبایلی یەكێك لە گەنجەكاندا. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

هەنگاونان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لە هەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامە.

 

هەرلەسەر ئاستی ناوخۆ، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووەو داوای دواخستنی پڕۆسەكە دەكەن، بەڵام حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی ڕیفراندۆم سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا، بەتایبەت پارتی‌و خودی مەسعود بارزانی چەندینجار تەئكیدیان لەوە كردووەتەوە.

 

زۆرێك لەو كەسانەی لایەنگری دەنگی بەڵێ نین بۆ ڕیفراندۆم، نەخێر وەك سزادانێك بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم دادەنێن.

 

"بۆ دەنگی نەخێر هاتووم، 26 ساڵە ئەم حكومەتە هیچی بۆ نەكردووین، ئەمە بۆ دوو بنەماڵەیە، گەنجەكانمان لەهەژاری‌و بێكاریدا سەری خۆیان هەڵگرتوو ڕۆیشتن، بە نەخێر دەمەوێت بڵێم كورد سەركەوتووبێت‌و بۆ خەڵكی فەقیرو هەژار بێت نەك بۆ كورسی‌و بنەماڵە بێت" كوێستان مەهدی، تەمەن 35 ساڵ كە بەشداربوویەكی دیكەی گردبوونەوەكەبوو وای وت.

 

كوێستان كە لەگەڵ ئەندامانی دیكەی خێزانەكەیدا هاتبوو، كارمەندی تەندروستییە‌و خێزاندارەو مێردەكەی بێكارە، ئەو زۆر ناڕازی بوو لە دۆخی ژیانیان‌و حكومڕانی بەرپرسانی كورد، وتی"ناعەدالەتی هۆكاری سەرەكی بووە كە بڵێم نەخێر، 10 ساڵە گرێبەستم لە كەرتی تەندروستی بۆیان نەكردوم بە ڕەسمی، ئەوكاتەی هەژاری نەمێنێت‌و گەنجەكانمان كاریان هەبێ‌و بۆ بنەماڵەو كورسی نەبێت ئەوكاتە دەڵێم بەڵێ، ئەمەی من دژی پارتی‌و یەكێتییە نەك دەوڵەتی كوردی، بەتایبەت پارتی، چونكە هەموو دەسەڵاتەكان لای ئەوەی."

 

گردبوونەوەكەی دوێنێی یاریگای سلێمانی، یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی لایەنگرانی دەنگی نەخێرە بۆ ڕیفراندۆم، بەشێك لە ئامادەبووان بە خۆشحاڵییەوە باسیان لەوەدەكرد بە ئازادی دەتوانن بانگەشەی نەخێر بۆ ڕیفراندۆم بكەن لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لایەنگری دەنگی بەڵێن، ئەو كەسانە دەیانوت ئاسان نییە لە ناوچەكانی دیكەی كوردستان لایەنگرانی نەخێر بتوانن كۆببنەوە.