حزبەکانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕۆژی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان دیاریکرد

10-09-2017 07:40
پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵە کۆنەبووەتەوە.

 

پەرەگراف  

 

حزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێككەوتن كە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوەو دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە.

 

ڕێککەوتنەکە لەمیانی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکەدابووە کە تێیدا تەئکید کراوەتەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیداو داواش لە ڕێکخراوە بیانییەکان کراوە چاودێری پڕۆسەکە بکەن.

 

دیاریکردنی ڕۆژی کاراکردنەوەی پەرلەمان دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەکێتی و پارتی هات کە تێیدا لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتن، ئەوەش دوای ئەوەی 5ی ئەم مانگە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕیفراندۆم كۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، 21ی مانگی ڕابردووش پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

بڕیاری کاراكردنەوەی پەرلەمان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە بزوتنەوەی گۆڕان كە لایەنێكی سەرەكی ئەو پرسەیەو سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوە، بەهۆی بایكۆتكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بەحزبیی دانانی ئەو پڕۆسەیە نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نییە، هەروەها کۆمەڵی ئیسلامیش کە سکرتێری پەرلەمان لە پشکی ئەوە بەهەنان هۆکار ڕیفراندۆمی بایکۆت کردووەو نوێنەری لە ئەنجومەنەکەدا نییە.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی‌و بزوتنەوەی گۆڕان داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن‌و پێیانوایە كات‌و هەلومەرج لەبارنییە بۆ ئەنجامدانی.

 

ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم

 

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 9ـی 2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی بەڕێز كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و ئامادەبوونی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

 

لە كۆبوونەوەكەدا پێشهاتە سیاسییەكان و دوایین هەڵوێستی ناوخۆ و عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەروەها سەردانەكەی ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی بۆ هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا.

 

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان ڕێككەوتنی مێژوویی نێوان پارتی و یەكێتی لە 10ـی ئەیلوولی 2017 بۆ كاراكردنەوەی پارلەمانی كوردستانیان بەرز نرخاند و بە هەنگاوێكی گرنگ و نیشتیمانی و مێژوویی وەسفكرا و ئومێدی ئەوە خوازرا كە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆی خێراتربوونی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان.

 

كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای ڕاگۆڕینەوە و گوێگرتن لە تێبینی و پێشنیاری لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و هەروەها خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ڕێوشوێنە پڕاكتییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بەو ئەنجامانەی خوارەوە گەییشت:

 

یەكەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم جەخت لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی دیاریكراوی خۆی لە 25ـی ئەیلوولی 2017 لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەكاتەوە و، هەموو ئەو دەنگۆ و پڕۆپاگەندانە ڕەتدەكاتەوە كە باس لە دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

 

دووەم: كۆبوونەوەكە بە ڕەچاوكردنی دۆخی هەستیاری كوردستان جەختی لە پێویستی یەكڕیزی و هاودەنگیی نیشتیمانی و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان بۆ هەڵمەتی هاوبەشی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم كردەوە.

 

سێیەم: كۆبوونەوەكە تەئكیدی لە پاراستن و ڕەچاوكردنی ماف و داواكاریی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا كردەوە و دەرئەنجامی كۆبوونەوەكانی لیژنەی تایبەت بە زەماناتی پێكهاتەكان خرایە بەر باس و داوا لە سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم كرا كە داواكارییەكان یەكبخات و كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی خۆی بۆ داواكاریی پێكهاتەكان دەربڕی.

 

چوارەم: حزب و لایەنەكانی بەشدار لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕێككەوتن كە ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 9ـی 2017 پارلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و دانیشتنی ئاسایی خۆی دەست پێ بكاتەوە.

 

پێنجەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئیجرائات و هەنگاوە پڕاكتیكییەكانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم دووپات دەكاتەوە و داوایش لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات كە هاوكاری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان بن.

 

شەشەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم داوا لە ڕێكخراوە بیانییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكات كە بەشدار بن لە چاودێریكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

 

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

10ـی ئەیلوولی 2017