یەكێتی: هیچ بەهانەیەك نامێنێت بۆ بەشداری نەكردنی گۆڕان‌و كۆمەڵ لە كۆبوونەوەی پەرلەمان

11-09-2017 06:33
پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵە کۆنەبووەتەوە.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان وەفدێكی باڵا دەنێرێتە شاری هەولێر بۆ كۆبوونەوەی یەكلایی كەرەوە لەسەر پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیش دەڵێت، ئەگەرێكی زۆر كەمە گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدارنەبن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، "چونكە هیچ بەهانەیەك نامێنێت."

 

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای دوو ساڵ لە كۆنەبوونەوەی 3 ڕۆژی دیكە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، گفتوگۆی نێوان حزبەكانیش چڕبوونەتەوە بەمەبەستی بەشدارییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

بۆ ئەو مەبەستە، ئەمڕۆ یەكێتی‌و كۆمەڵ كۆبوونەوەو ئەو 7 خاڵەی یەكێتییان تاوتوێ كرد كە ئەو حزبەو پارتی لەسەر ڕێككەوتوون بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان.

 

كۆمەڵی ئیسلامی خاڵەكانی یەكێتی بە باش دەزانێت‌و داوای ڕێككەوتنی سیاسی نێوان لایەنەكان دەكات، عەبدولستار مەجید ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵ، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، پێویستە هەموو لایەنەكان ڕێكبكەون‌و خاڵەكانی ڕێككەوتنەكەیان بدەن بە پەرلەمانی كوردستان.

 

هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی فەرمی یەكێتی باسیلەوەكرد ئەگەرێكی زۆر كەمە گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشدارنەبن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان، وتی"چونكە هیچ بەهانەیەك نامێنێت بۆئەوەی نەیەن."

 

وتەبێژەكەی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، هەموو لایەنەكان حەوت خاڵەكەی یەكێتییان پێباشەو دوێنێش دوای گفتوگۆیەكی چڕ، پارتی ڕازیبووە لەسەر حەوت خاڵەكەیان.

 

هەرلەسەر هەمان پرس، ئەمڕۆ خانەی‌ ڕاپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە سەرپەرشتی‌ عومەری‌ سەید عەلی‌ ڕێكخەری‌ گشتی بزوتنەوەكە‌ كۆبووەتەوە‌و وەفدێكی پێكهێناوە كە سبەینێ سەردانی شاری هەولێر دەكات بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ حزبەكان.

 

ڕێككەوتنەكەی یەكێتی‌و پارتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان، دوای ئەوەدێت 5ی ئەم مانگە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان لەسەر ئەو پرسە كۆبووەوە، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، 21ی مانگی ڕابردووش پارتی‌و گۆڕان كە دوولایەنی سەرەكین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەو نەگەیشتنە هیچ ڕێككەوتنێك.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە لە 25-9 ئەنجامبدرێت.

 

بزوتنەوەی گۆڕان كە لایەنێكی سەرەكی ئەو پرسەیەو سەرۆكی پەرلەمان لە پشكی ئەوە، بەهۆی بایكۆتكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و بەحزبیی دانانی ئەو پڕۆسەیە نوێنەری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا نییە، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیش كە سكرتێری پەرلەمان لە پشكی ئەوە بەهەمان هۆكار ڕیفراندۆمی بایكۆت كردووەو نوێنەری لە ئەنجومەنەكەدا نییە.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ هێشتا بڕیاریان نەداوە بەشداری بكەن لە كۆبوونەوەكەی 14ی ئەم مانگەی پەرلەمان، عەبدولستار مەجید، كۆبوونەوەكانی سبەینێی بە گرنگ ناوبردو ئەوەی خستەڕوو، زیاتر پرسەكان ڕۆشن دەكەنەوەو ڕەنگە ئەوكاتە بگەنە ڕێككەوتنێكی تەواو.

 

لەبارەی پرسی ڕیفراندۆمەوە ئەو بەرپرسە باڵایەی كۆمەڵ وتی"هەركاتێك ڕیفراندۆم كاتەكەی‌و میكانیزمەكەی بە فلتەری پەرلەماندا تێپەڕی ئێمە پشتیوانی دەكەین، ئەوە بڕیاری مەكتەبی سیاسیمانە."

 

پڕۆژە حەوت خاڵییەكەی یەكێتی كە 7ی ئەم مانگە ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەوحزبە پەسەندی كرد:

 

1.ئاساییكردنەوەو كاراكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.

 

2.لەپێناوی‌ بەدیهێنانی‌ هاوسەنگی‌ لەنێوان موچەی‌ پلە باڵاكان‌و موچە كەمەكاندا، پێویستە پاشەكەوتكردنی‌ موچە لەرێگەی‌ پەسەندكردنی‌ پرۆژە یاسایەكی‌ تایبەت لاببرێت‌و گرەنتی‌ دانەوەی‌ موچە پاشەكەوتكراوەكانی‌ موچەخۆران بكرێت.

 

3.متمانە بەخشین بەسەرۆك‌و ئەندامانی‌ ئەنجوومەنی‌ سندوقی‌ داهاتە نەوتی‌‌و غازییەكان.

 

4.هەمواری‌ یاسای‌ هەڵبژاردن‌و دەستەبەركردنی‌ مافی‌ دەنگدانی‌ دانیشتوانی‌ ناوچە دابڕێندراوەكان، بۆ ئەوەی‌ نوێنەری‌ راستەقینەی‌ خۆیان هەبێت لەپەرلەمانی‌ كوردستان.

 

5.پەسەندكردنی‌ یاسای‌ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌.

 

6.لیژنەی‌ ئامادەكردنی‌ دەستوور بۆ راپرسی‌، متمانەی‌ پێ‌ ببەخشرێتەوە بۆ ئامادەكردنی‌ دەستووری‌ دەوڵەتی‌ كوردستان.

 

7.هەمواری‌ یاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ژمارە (1)ی‌ ساڵی‌ (2005).