بارزانی لە كەركوك: ڕیفراندۆم دواناخرێ‌و ڕای میللەت لەسەر ڕای دەوڵەتان ناوەستێت

12-09-2017 07:16
بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك، 12-9-2017. فۆتۆ؛ كوردستان 24.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی لەشاری كەركوك ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم دواناخرێت‌و ڕای میللەت لەسەر ڕای دەوڵەتان ناوەستێت‌و هەندێك وڵات لە كۆبوونەوەی دووقۆڵی قسەیەك دەكەن كە جیاوازە لەوەی بەئاشكرا ڕایدەگەیەنن.

 

سووربوونی بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا لەكاتێكدایە فشاری وڵاتان بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووند بوونەتەوە بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو ڕۆژی ڕابردووی لە هەرێمی كوردستان بەسەربردو هۆشداریی توندی وڵاتەكەی گەیاندە حزبەكانی هەرێم.

 

بارزانی ئەمڕۆ سەردانی شاری كەركوكی كردو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ پێكهاتەكانی شارەكە ئەوەی ڕوونكردەوە، بۆ بڕیاری ڕیفراندۆم درا؟، وتی، ئەمە بڕیاری كەسێك‌و حزبێك‌و نییەو بڕیاری گەلی كوردستانە‌و بڕیاری كوردیش نییە بەتەنها، ئەم بڕیارە بۆیەدرا چونكە هەموو ڕێگاكان تاقیكرانەوەو هیچ سوودی نەبوو، شەراكەتی ڕاستەقینە لە عێراق دروست نەبوو، "مادەم شەراكەت دروست نابێت، ئەگەر ڕێگایەكی دیكە نەدۆزینەوە ڕەنگە شتی زۆر ناخۆش ڕووبدات."

 

بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، كەركوك دەبێت هەمیشە وەكو نمونەی پێكەوە ژیانی ئاینی‌و نەتەوەیی‌و مەزهەبی بمێنێتەوەو ڕیفراندۆم لە كەركوك تاوان نییەو هەنگاوێكی یاساییە، دڵنیایشیدا لە پاراستنی مافی پێكهاتەكان‌و ئەوەی خستەڕوو، دەستوری دەوڵەتی كوردستان دەرناچێت ئەگەر تەواوی پێكهاتەكان لەسەری ڕازی نەبن.

 

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا بارزانی تیشكی خستەسەر، هەڵوێستی وڵاتان‌و پرسی دواخستنی ڕیفراندۆم، تەئكیدیكردەوە ڕیفراندۆم دواناخرێت‌و دواخستنی بۆ دروستكردنی كێشەیەكە كە نەتوانرێت چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، وتیشی"ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین، ناچین لە خەڵكی دیكە بپرسین ڕازین یان نا. هەڵوێستی وڵاتانی نێودەوڵەتی هەندێكیان ئەوەی لە ژووری دووبەدوو دەیڵێن ئەوەنییە لەبەردەم مایكرۆفۆن دەیڵێن."

 

"هەڵەمان كرد دەبوایە ئەو ڕۆژەی دەبابەیان جوڵاند بۆ قەرەتەپە بۆسەر پێشمەرگە لە 2008 دەبوایە ئەو ڕۆژە ڕیفراندۆممان ڕابگەیەندایە" بارزانی وای وت.

 

بڕیاری كورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو دەوڵەت، كاردانەوەی جیاوازی وڵاتانی لێكەوتەوەو سەرباری حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا دژایەتی دەكەن‌و وڵاتانی دیكەش هەڵوێستی جیاوازیان خستەڕوو، سەرجەمیان تەئكید لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن‌و تەنها ئیسرائیل پشتیوانیی بڕیارەكەی كوردە.

 

لەچوارچێوەی فشارەكاندا، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

ئێران چەندینجار بە ئاشكرا دژایەتی ئەو ڕیفراندۆمەی كردووە كە بڕیارە 13 ڕۆژی دیكە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، سەرباری فشارەكان بەڵام كورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا.

 

سەرەتای مانگی ڕابردووش شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێم بوون لە سوپای قودس سەردانی كوردستانیان كردو لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆبوونەوە.

 

هاوكات لەگەڵ سەردانی قاسم سلێمانی، باڵیۆزی ئەمەریكاش لە بەغدا سەردانی هەرێمی كرد‌و تەئكیدی كردەوە وڵاتەكەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكات‌و دان نانێت بە ئەنجامەكەیدا.

 

دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا دوێنێ لەگەڵ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوەو بەپێی میدیای فەرمی بزوتنەوەكە، سیلیمان وتویەتی"ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ئەو ڕیفراندۆمەدا نیە لەم كاتەداو داوادەكات بۆكاتێكی‌ گونجاوتر دوابخرێت، جەختی كردەوە كە واشنتن دان بە ئەنجامی‌ ئەو ڕیفراندۆمەدا نانێت ئەگەر بكرێت."

 

باڵیۆزی‌ ئەمەریكا لە عێراق ئەوەشی بە وەفدی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕاگەیاندووە"ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم لە كەركوك بە هەموو شێوەیەك ڕەتدەكەنەوە،‌ چونكە دەبێتە هۆی‌ ئاڵۆزی‌ زیاتر."

 

هەروەها ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا كە نوێنەرانی كورد بایكۆتیانكرد، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و "ناوچەكانی جێناكۆك" هاوكات عەبادیشی ڕاسپارد بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوەو پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق.

 

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.