بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات؟

13-09-2017 04:11
پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵە کۆنەبووەتەوە.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بڕیارە سبەینێ بە بەشداریی فراكسیۆنەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، ڕای زۆرینەی بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە نەكەن، ئێوارەی ئەمڕۆش جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە كۆدەبێتەوەو "ئەو بڕیارە پەسەند دەكات."

 

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوای دوو ساڵ لە كۆنەبوونەوەی، سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە، گفتوگۆی نێوان حزبەكانیش چڕبوونەتەوە بەمەبەستی بەشدارییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان لەپشكی ئەوانە.

 

پەرەگراف لەزاری چەند سەرچاوەیەكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ڕای خانەی ڕاپەڕاندن‌و زۆرینەی بەرپرسانی بزووتنەوەكەی زانیوە لەسەر بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان.

 

"ڕای زۆرینەی بەرپرسانی گۆڕان ئەوەیە بەشدارنەبین لەو كۆبونەوەیەی سبەینێی پەرلەمان، تەقریبەن ئەمە یەكلایی بووەتەوەو ڕای خانەی ڕاپەڕاندنەو ئەمڕۆ دەخرێتەبەردەم جڤاتی نیشتمانی‌و پەسەند دەكرێت، بەڵام گفتوگۆكان لەناو گۆڕان لەسەر ئەوەیە ئایا چ هەڵوێستێك وەربگیرێت؟" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پەرەگراف وای وت.

 

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، دوو بۆچوون هەن لەبارەی هەڵوێست وەرگرتنی بزوتنەوەكە، "یەكەمیان لەبارەی فراكسیۆنی گۆڕانە ئەویش ئەوەیە فراكسیۆنەكە لە بەردەم بینای پەرلەمان كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ببەستێ‌و هەڵوێستی خۆی ڕابگەیەنێت‌و بەشداریی كۆبوونەوەكە نەكات، خاڵی دووەمی گفتوگۆكانی ناو گۆڕان لەسەر ئەوەیە كە گۆڕان بڕیاری كشانەوە بدات لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان، ئەم پرسەش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت."

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە 12 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە.

 

بۆ یەكلایی كردنەوەی هەڵوێستی گۆڕان، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوەو بڕیاری یەكلایی كەرەوە دەدات، ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمەریكا فشارەكانی توند كردوەتەوە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم‌و برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش ئێستا لە سلێمانییەو ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ حزبەكان تاوتوێ دەكات.

 

لەدوای ڕێككەوتنی یەكێتی‌و پارتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان لە 14ی ئەم مانگەدا، ئەو دووحزبە زنجیرەیەك كۆبوونەوەیان لەگەڵ حزبەكانی دیكە دەستپێكردو دوێنێش لەگەڵ گۆڕان كۆبوونەوەو بەبێ گەیشتنە ڕێككەوتن كۆبوونەوەكەیان كۆتایی هات.

 

دوای ئەو كۆبوونەوەیەش خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان كۆبوەوەو تاوتوێ كۆبونەوەی حزبەكەی‌و پارتی‌و یەكێتی كردووە، وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، گۆڕان پێیوایە پارتی‌و یەكێتی"پرسە گورگانەیان پێكردووە" بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و خۆیان لەسەر هەمووشتێك ڕێككەوتوون‌و بێمنەتانە گفتوگۆیان لەگەڵ گۆڕان كردووە.

 

"گۆڕان نیەتی هەبوو نەرمی پیشانبدات، بەڵام پارتی‌و یەكێتی پێشوەخت هەموشتێكیان یەكلایی كردبوەوە، بۆنمونە؛ لەبارەی موچەو بژێوی خەڵك وتیان ئەوە كاری حكومەتەو خۆی خەریكە، لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم وتیان لەدەستوردا باسیدەكەین، لەبارەی ڕیفراندۆم وتیان باسی دواخستنی مەكەن بەهیچ شێوەیەك، لەبارەی داهاتی نەوت‌و گازو شەفافیەت وتیان كاری حكومەتە" سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان وای وت.

 

پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی ڕێككەوتوون كە ئەو حزبە بەشداربێت لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆش هادی عەلی، وتەبێژی یەكگرتوو بە فەرمی بەشداریكردنیانی لە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان ڕاگەیاند.

 

هادی عەلی، دوای كۆبوونەوەی یەكگرتوو لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، دوا بڕیار ئەوەیە سبەینێ پەرلەمان كۆدەبێتەوەو یەكگرتوو بەشداریی دەكات‌و پەرلەمان پشتیوانی ڕیفراندۆم دەكات، هیواشی خواست گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بەشداریی بكەن.

 

هەر ئەمڕۆش بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، واژۆی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان پێشكەشكراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان.

 

 هاوكات لەگەڵ نەگەیشتنە ڕێككەوتنی گۆڕان لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان، گۆڕان پێیوایە كۆبوونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان نایاساییە، بەرپرسێكی باڵای گۆڕان دەڵێت"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت 48 كاتژمێر بەرلە كۆبوونەوە ئەجندای كۆبوونەوە دابنرێ‌و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پەسەندی بكات‌و ئاڕاستەی پەرلەمانتارانی بكات‌و بانگهێشت بۆ كۆبوونەوە بكات، بەڵام كۆبوونەوەكەی سبەینێ بەمجۆرە نییە لەبەرئەوە نایاساییە." 

 

پەرەگراف بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی‌و بەشدارییان لە كۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمان پەیوەندی بەچەند بەرپرسێكی باڵای ئەو حزبەوەكرد، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.