بارزانی: ڕیفراندۆم دواناخرێ‌و بۆ سەربەخۆیی هەر باجێك پێویست بكات دەیدەین

13-09-2017 06:14
بارزانی سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25-9دا.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا دەكاتەوەو دەڵێت، بۆ سەربەخۆیی هەر باجێك پێویست بكات دەیدەن، داواش لە پەرلەمانی عێراق دەكات بە بڕیاری ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆمدا بچێتەوە، چونكە ئیرادەی میللەتی كورد بەوان ناشكێت.

 

سووربوونی بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا لەكاتێكدایە فشاری وڵاتان بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووند بوونەتەوە بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئەمڕۆش نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی هەرێمی كردو داوادەكات ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستانەوە دوابخرێت.

 

مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ لە ئاكرێ وتارێكی بۆ جەماوەری سنورەكە پێشكەشكردو تێیدا باسیلە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و كاردانەوەكان كرد، بارزانی تەئكیدی كردەوە شەراكەت لەعێراق شكستی هێناوەو ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا كە 12 ڕۆژی دیكەیە بەڕێوەدەچێت.

 

"بۆ سەربەخۆیی هەر باجێك پێویست بكات دەیدەین، ناڵێم بی سەركێشییە، بەڵام سەركێشی چاوەڕوانكردن زۆر مەترسیدارترە لەوەی بڕیاری خۆمان بدەین، هیچ میللەتێك سەربەخۆیی بەدیاری وەرنەگرتووەو هەمووان خەباتیان بۆ كردووە" بارزانی وای وت.

 

لەبارەی داوای وڵاتان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بارزانی باسیلەوەكرد، ئەگەر بەدیلێك هەیە هەمان ئامانج بەدی بهێنێت كە سەربەخۆییە ئەوە كێشەیان نییە، بەڵام ئەوانەی داوای دواخستنی دەكەن بەدیلیان نییە.

 

لەبارەی بڕیارەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق بە ڕەتكردنەوەی ڕیفراندۆم، بارزانی ئەوەی خستەڕوو، بە زۆرینەی سیاسی دژی ئیرادەی میللەتی كورد‌و هەبوونی میللەتی كورد بڕیاریانداوە، وتی"ڕاشكاوانە بە پەرلەمانی عێراق دەڵێم بە بڕیارەكەیاندا بچنەوە، چونكە ئیرادەی میللەتی كورد بەئێوە ناشكێت."

 

بارزانی جارێكی دیكە ئەوەی دووپاتكردەوە كە نایانەوێت شەڕو خوێنڕشتن ڕووبدات‌و دوای ڕیفراندۆم ئامادەی گفتوگۆن بۆگەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر سنور، نەوت‌و گازو ئاو، وتیشی ئەگەر كەسێك دەیەوێت خۆی تاقی بكاتەوەو بەزۆر ئیرادەی میللەتی كورد بشكێنێت مەیدان كراوەیەو با خۆی تاقی بكاتەوە."

 

سووربوونی بارزانی لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا لەكاتێكدایە فشاری وڵاتان بە تایبەت ئێران‌و توركیا تووند بوونەتەوە بۆ پاشگەز بوونەوەی كورد لەو بڕیارە.

 

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەردانی هەرێمی كردو ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكان تاوتوێ دەكات.

 

مەكگۆرك لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، هۆشیار عومەر، ئەندامی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی‌ گۆڕان ڕایگەیاند"برێت مەكگۆرك پێی وتین لە واشنتۆنەوە هاتووم بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان ڕوون بێت، كە ئەمریكا سەد لەسەد دژی‌ ڕیفراندۆمە لە 25ی‌ ئەیلولدا."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەشڵێت"مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوەو ئامادەن بۆ دامەزراندن‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم‌وو بەغدا و ئەم پرسەش دەبەنە ئەنجومەنی‌ ئاسایش‌و هەفتەی‌ داهاتوو لەنیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن."

 

بەوتەی هۆشیار عومەر مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فەڕەنسا‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی‌ هەموو قەیران‌و ناكۆكیەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەربكرێن‌و گرەنتی‌ هەبێت، "سێیەم پەیامیش ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لەڕێگەی‌ پەرلەمانەوە دوابخرێت."

 

هەر لەچوارچێوەی فشارەكاندا بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."