گۆڕان بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەبارەی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی پەرلەمان چاوەڕوانی چییە؟

13-09-2017 10:51
کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەبێ بڕیاردان کۆتایی هات، گۆڕان چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبونەوەی ئەمەریکییەکان و مەسعود بارزانی دەکات بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی کۆتایی لەسەر پرسی بەشداریکردن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان.

 

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، سبەینێ کۆبونەوەی بەردەوام دەبێت و بڕیاری کۆتایی دەدات لەسەر پرسی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی پەرلەمان کە ڕۆژی هەینی ئەنجامدەدرێت.

 

هەرچەندە گۆڕان بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆی برێت مەکگۆرک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش لەگەڵ بەرپرسانی گۆڕان و حزبەکانی دیکە کاریگەریی لەسەر بڕیاری بزوتنەوەکە دەبێت، بەوتەی ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف، گۆڕان دەگەڕێتەوە پەرلەمان و بەشداریی یەکەم کۆبونەوە دەکات.

 

"برێت مەکگۆرک سبەیێ لە ئەنجامی کۆبونەوەی لەگەڵ کاک مەسعود ئاگادارمان دەکاتەوەو ئێمەش بڕیاری کۆتایی دەدەین" ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە داوایکرد ناو نەهێنرێت وای وت، ئەندامێکی دیکەشیان وتی"پێموایە دەگەڕێینەوە پەرلەمان و دکتۆر یوسف سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات."

 

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو سبەینێ ئەنجامبدرێت كەوتە ڕۆژی هەینی، بێگەرد تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە پەرەگرافی وت"دواخستن نییەو پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت 48 كاتژمێر پێشتر بانگەشەی بۆ بكرێت بەوپێیەش كۆبوونەوەكە دەكەوێتە ڕۆژی هەینی."

 

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بڕیاربوو 14ی ئەم مانگە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە كۆنەبوونەوەی، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە كەوتە 15ی مانگ، بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان گفتوگۆی چڕی لەنێوان حزبەكاندا بەدواداهات، ئەوەش بەمەبەستی بەشدارییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان لەپشكی ئەوانە.

 
پێشتر پەرەگراف لەزاری بەرپرسانی گۆڕانەوە ئەوەی بڵاوکردەوە ڕای زۆرینەی بزوتنەوەکەو خانەی ڕاپەڕاندن ئەوەیە بەشداری نەکەن لە کۆبونەوەی ۱٤ی مانگی پەرلەمان، بەڵام دواخستنی کۆبونەوەکە بۆ ڕۆژی دواتر و کۆبونەوەی ئەمەریکییەکان لەگەڵ حزبەکان پێدەچێت پێشهاتی نوێ و گۆڕانکاریی نوێ بهێنێتە ئاراوە.

 
‎لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە 12 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە.

 

سووربوونی کورد لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەکاتێکدایە فشاری وڵاتان بەتایبەت ئێران و ئەمەریکا توند بوەتەوە بۆ پاشگەزبونەوەی کورد لەوبڕیارە، لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەردانی هەرێمی كردو ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكان تاوتوێ دەكات.

 
 
‎مەكگۆرك لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، هۆشیار عومەر، ئەندامی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی‌ گۆڕان ڕایگەیاند"برێت مەكگۆرك پێی وتین لە واشنتۆنەوە هاتووم بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان ڕوون بێت، كە ئەمریكا سەد لەسەد دژی‌ ڕیفراندۆمە لە 25ی‌ ئەیلولدا."


 
‎ئەو بەرپرسەی گۆڕان دەشڵێت"مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوەو ئامادەن بۆ دامەزراندن‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم‌وو بەغدا و ئەم پرسەش دەبەنە ئەنجومەنی‌ ئاسایش‌و هەفتەی‌ داهاتوو لەنیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن."
 


‎بەوتەی هۆشیار عومەر مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فەڕەنسا‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی‌ هەموو قەیران‌و ناكۆكیەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەربكرێن‌و گرەنتی‌ هەبێت، "سێیەم پەیامیش ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لەڕێگەی‌ پەرلەمانەوە دوابخرێت."
 


‎هەر لەچوارچێوەی فشارەكاندا بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."
 


‎بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."