كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ ڕۆژی دووەم لەسەریەك بەبێ بڕیاردان كۆتایی هات

14-09-2017 04:02
کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، 13-9-2017. فۆتۆ؛ بڕیار نامیق.

 

پەرەگراف

 

كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ ڕۆژی دووەم لەسەر یەك بەبێ بڕیاردان كۆتایی هات، گۆڕان بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی كۆتایی لەسەر پرسی بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی پەرلەمان چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبونەوەی نوێنەری وڵاتانی دەرەوەو نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی دەكات.

 

لە هەوڵێكی نوێشدا فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و یەكێتی پڕۆژەیەكی هاوبەشیان ئامادەكردووە لەبارەی كاری پەرلەمان‌و میكانیزمی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیان دیاریكردووە.

 

فراكسیۆنی گۆڕان چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی دەكات بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، سبەینێش كۆبونەوەی بەردەوام دەبێت بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر ئەو پرسە.

 

ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو بزوتنەوەكەی چاوەڕوانی ئەنجامی كۆبوونەوەی نوێنەری ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان لەگەڵ مەسعود بارزانی دەكات كە ئەمڕۆ ئەنجامدەدرێت.

 

"ناتوانین ئەنجامی ئەو كۆبوونەوەیەو ڕای وڵاتانی زلهێز بەهەند وەرنەگرین، بەڵام ئەگەر شتی نوێ ڕوونەدات گفتوگۆی جڤاتی نیشتمانی بەو ئاڕاستەیەبوو كە بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكەین" ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وای وت.

 

هاوكات عەبدولرەحمان عەلی بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەیان دەكەن بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەوەش لەكاتێكدا بڕیارە سبەینێ كاتژمێر 7ی ئێوارە پەرلەمان دوای نزیكەی دوو ساڵ لە پەكخرانی كۆببێتەوە، هەریەكە لە یەكێتی، پارتی‌و یەكگرتوو بەشداردەبن لە كۆبوونەوەكەدا.

 

ئەمڕۆش هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان‌و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەتەوەو پێكەوە ئەو خاڵانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیان تاوتوێ كردووە كە پێشتر ڕایانگەیاند بۆ چارەسەری كێشەكان، میكانیزمی جێبەجێ كردنیان دیاری كردووە.

 

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت "هەوڵێكمانداوە 7 خاڵەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و 5 خاڵەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانمان لەیەكداوەو خستومانەتە بەردەست سەركردایەتی گۆڕان‌و یەكێتی، خاڵەكان پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە كە بەیانێك دەربكات‌و بە تەدریجی ئەو چەند خاڵە جێبەجێ بكات."

 

عەبدولرەحمان عەلی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان میكانیزمی جێبەجێ كردنی خاڵەكانیان دیاریكردووە، وتی"بۆ نمونە باسلەوەكراوە بەپێی یاسای سندوقی داهاتە نەوت‌و گازییەكان لەماوەی 2 هەفتەدا حكومەت پابەند بكرێت ئەنجومەنی بۆ دروست بكات."

 

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و بڕیاری حزبەكانی بەشدار لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە كەوتە سبەینێ، بڕیاری كاراكردنەوەی پەرلەمان گفتوگۆی چڕی لەنێوان حزبەكاندا بەدواداهات، ئەوەش بەمەبەستی بەشدارییكردنی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی پەرلەمان كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان لەپشكی ئەوانە.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات كە بڕیارە 11 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەردانی هەرێمی كردو ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەگەڵ بارزانی‌و حزبەكان تاوتوێ دەكات.

مەكگۆرك لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، هۆشیار عومەر، ئەندامی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی‌ گۆڕان، دوێنێ دوای كۆبوونەوەی مەكگۆرك‌و گۆڕان ڕایگەیاند"برێت مەكگۆرك پێی وتین لە واشنتۆنەوە هاتووم بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان ڕوون بێت، كە ئەمریكا سەد لەسەد دژی‌ ڕیفراندۆمە لە 25ی‌ ئەیلولدا."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوەو ئامادەن بۆ دامەزراندن‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم‌وو بەغدا و ئەم پرسەش دەبەنە ئەنجومەنی‌ ئاسایش‌و هەفتەی‌ داهاتوو لەنیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن."

 

بەوتەی هۆشیار عومەر مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فەڕەنسا‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی‌ هەموو قەیران‌و ناكۆكیەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەربكرێن‌و گرەنتی‌ هەبێت، "سێیەم پەیامیش ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لەڕێگەی‌ پەرلەمانەوە دوابخرێت."

 

هەر لەچوارچێوەی فشارەكاندا بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووە، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."