ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم بارزانی

14-09-2017 04:34
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان. فۆتۆ؛ سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێكی باڵای هاوپەیمانان كردووە كە پێكهاتبوون لە برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكاو یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان‌و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق‌و فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان.

 

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی بارزانی‌و نوێنەری ئەو وڵاتانە پرسی ڕیفراندۆمی كوردستان بووە كە بڕیارە 11 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، " لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان بەدیلێكیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە 25ی9، خستەڕوو."

 

لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرتووەو پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە كردووە، "بەڵام سەبارەت بە ڕیفراندۆم و بەدیلی پێشنیاركراو، ڕایگەیاند كە ئەوە بە تەنها بڕیاری من نییەو ئەو بابەتە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان باس دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵوێستمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین."

 

سەرۆكایەتی هەرێم هیچ وردەكارییەكی لەبارەی بەدیلی ڕیفراندۆم ئاشكرا نەكردووە كە لەو كۆبوونەوەیەدا خراوەتە بەردەم بارزانی. ئەوەش لەكاتێكدایە بارزانی بەردەوام سووربووە لەسەر ئەوەی كە ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دەكرێت‌و دواناخرێت.

 

بارزانی، دوێنێ لە ئاكرێ وتارێكی بۆ جەماوەری سنورەكە پێشكەشكردو تێیدا باسیلە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و كاردانەوەكان كرد، تەئكیدی كردەوە شەراكەت لەعێراق شكستی هێناوەو ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

"بۆ سەربەخۆیی هەر باجێك پێویست بكات دەیدەین، ناڵێم بی سەركێشییە، بەڵام سەركێشی چاوەڕوانكردن زۆر مەترسیدارترە لەوەی بڕیاری خۆمان بدەین، هیچ میللەتێك سەربەخۆیی بەدیاری وەرنەگرتووەو هەمووان خەباتیان بۆ كردووە" بارزانی وای وت.

 

لەبارەی داوای وڵاتان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بارزانی باسیلەوەكرد، ئەگەر بەدیلێك هەیە هەمان ئامانج بەدی بهێنێت كە سەربەخۆییە ئەوە كێشەیان نییە، بەڵام ئەوانەی داوای دواخستنی دەكەن "بەدیلیان نییە."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەردانی هەرێمی كردو ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێری لەگەڵ حزبەكان تاوتوێ كرد.

 

مەكگۆرك دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، هۆشیار عومەر، ئەندامی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی‌ گۆڕان، دوای كۆبوونەوەی مەكگۆرك‌و گۆڕان ڕایگەیاند"برێت مەكگۆرك پێی وتین لە واشنتۆنەوە هاتووم بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان ڕوون بێت، كە ئەمریكا سەد لەسەد دژی‌ ڕیفراندۆمە لە 25ی‌ ئەیلولدا."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوەو ئامادەن بۆ دامەزراندن‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم‌وو بەغدا و ئەم پرسەش دەبەنە ئەنجومەنی‌ ئاسایش‌و هەفتەی‌ داهاتوو لەنیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن."

 

بەوتەی هۆشیار عومەر مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فەڕەنسا‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی‌ هەموو قەیران‌و ناكۆكیەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەربكرێن‌و گرەنتی‌ هەبێت، "سێیەم پەیامیش ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لەڕێگەی‌ پەرلەمانەوە دوابخرێت."

 

هەر لەچوارچێوەی فشارەكاندا بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ڕیفراندۆم، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بوو، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی‌و شاندی وڵاتان

 

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ـی٩ـی٢٠١٧ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی باڵای هاوپەیمانان کرد کە پێکهاتبوو لە برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا و یان کۆبیچ نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق و فرانک بەیکر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەریان.

 

دانیشتنەکە لە سەنتەری سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەڕێوە چوو کە لە سەرەتای شەڕی دژی داعش تەنها پێنج کیلۆمەتر لە تیرۆریستانی داعشەوە دوور بوو. لەو دانیشتنەدا نوێنەرانی هاوپەیمانان باسیان لە کۆمەڵێک تەوەر کرد، لەوانەیش بابەتی ڕیفراندۆم کە بڕیاروایە لە ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧ بەڕێوە بچێت. شاندەکە پێزانینی زۆریان بۆ گەلی کوردستان هەبوو و ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بەرز نرخاند و سڵاویان بۆ گیانی شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستان نارد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان بەدیلێکیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە ٢٥ـی٩، خستەڕوو.

 

سەرۆک بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرت و پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە کرد، بەڵام سەبارەت بە ڕیفراندۆم و بەدیلی پێشنیارکراو، ڕایگەیاند کە ئەوە بە تەنها بڕیاری من نییە و ئەو بابەتە لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان باس دەکەین و لە ماوەیەکی نزیکدا هەڵوێستمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین.