بارزانی بۆ وەفدی باڵای وڵاتان: ئەگەر ئامانج تەنها دواخستنی ڕیفراندۆم بێت دواناخرێت

14-09-2017 05:36
بارزانی: 25ی ئەم مانگە بڕیار لە چارەنوسی خۆمان دەدەین

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكات لەوادەی خۆیدا‌و زانیاریی لەسەر كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرادەكات كە تێیدا بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستوەتەڕوو، دەڵێت، پێمانوتن بەدیلی باشتر هەبێت باشە، نەبێت، ڕیفراندۆمی خۆمان دەكەین‌و چی دەبێت با ببێت.

 

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكاو یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق‌و فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندی یاوەریان، بارزانی لە زاخۆ بەشداریی لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی سنورەكەدا كرد بۆ پشتیوانی ڕیفراندۆم‌و وتارێكی پێشكەشكرد.

 

بارزانی باسیلە كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی وڵاتان كردو ئەوەی خستەڕوو 3 بۆ 4 كاتژمێر گفتوگۆیان كردووەو وەفدەكە وتویانە لەگەڵ مافی گەلی كوردن بەڵام ئێستا كات گونجاو نییە بۆ ڕیفراندۆم نەوەك كێشە ڕووبدات، "وتمان بەدیلی باشتر هەبێت باشە، نەبێت ڕیفراندۆمی خۆمان دەكەین‌و چی دەبێت با ببێت."

 

بارزانی وتیشی"ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لەسەر هێڵە، ئەگەر بەدیلێكی باشتریان پێشكەش كرد، ئەوە سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد بڕیاری خۆی دەدات، ئەگەر ئامانج تەنها دواخستنی ڕیفراندۆم بێت ڕیفراندۆم دواناخرێت."

 

لەمیانی وتەكانیدا بارزانی ڕووەو ئامادەبووان تەئكیدی كردەوە كە 25ی ئەم مانگە گەلی كوردستان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان‌و بڕیار لە چارەنوسی خۆیان دەدەن، وتی"پرسەكە تەنها ئیرادەیەو ئەگەر ئیرادەمان بەهێزبێت‌و ئامادەبین باجی پێویست بۆ سەربەخۆیی بدەین، من هیچ گومانم نییە سەربەخۆیی مسۆگەرە."

 

وتەكانی بارزانی دوای ئەوەهات، هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.

 

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەی بارزانی‌و نوێنەری ئەو وڵاتانە پرسی ڕیفراندۆمی كوردستان بووە كە بڕیارە 11 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، سەرۆكایەتی هەرێم ڕایگەیاند"لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان بەدیلێكیان لەجێگای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە 25ی9، خستەڕوو."

 

لە بەرامبەردا مەسعود بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرتووەو پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە كردووە، "بەڵام سەبارەت بە ڕیفراندۆم و بەدیلی پێشنیاركراو، ڕایگەیاند كە ئەوە بە تەنها بڕیاری من نییەو ئەو بابەتە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان باس دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵوێستمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین."

 

سەرۆكایەتی هەرێم هیچ وردەكارییەكی لەبارەی بەدیلی ڕیفراندۆم ئاشكرا نەكردووە كە لەو كۆبوونەوەیەدا خراوەتە بەردەم بارزانی.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش، سەردانی هەرێمی كردو ڕیفراندۆم‌و كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێری لەگەڵ حزبەكان تاوتوێ كرد.

 

مەكگۆرك دوێنێ لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی‌و گۆڕان كۆبووەوە، هۆشیار عومەر، ئەندامی‌ ژوری‌ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی‌ گۆڕان، دوای كۆبوونەوەی مەكگۆرك‌و گۆڕان ڕایگەیاند"برێت مەكگۆرك پێی وتین لە واشنتۆنەوە هاتووم بۆ ئەوەی‌ بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان ڕوون بێت، كە ئەمریكا سەد لەسەد دژی‌ ڕیفراندۆمە لە 25ی‌ ئەیلولدا."

 

ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتیشی"مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوەو ئامادەن بۆ دامەزراندن‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندییەكانی‌ نێوان هەرێم‌وو بەغدا و ئەم پرسەش دەبەنە ئەنجومەنی‌ ئاسایش‌و هەفتەی‌ داهاتوو لەنیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن."

 

بەوتەی هۆشیار عومەر مەكگۆرك ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەگەڵ فەڕەنسا‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن، بۆ ئەوەی‌ هەموو قەیران‌و ناكۆكیەكانی‌ نێوان هەرێم‌و بەغدا چارەسەربكرێن‌و گرەنتی‌ هەبێت، "سێیەم پەیامیش ئەوەبوو كە ڕیفراندۆم لەڕێگەی‌ پەرلەمانەوە دوابخرێت."