مەكگۆرك: بەدیلی ڕیفراندۆم چارەسەری زۆربەی كێشەكان دەكات‌

14-09-2017 07:49
برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش

 

پەرەگراف

 

برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش ڕایگەیاند، ئەو بەدیلەی پێشكەشیان كردووە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم چارەسەری زۆربەی كێشەكان دەكات، هیواداریشن سەركردایەتی كورد بەزوویی وەڵامیان بدەنەوە.

 

مەكگۆرك لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی لەبارەی سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان‌و كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكان‌و مەسعود بارزانی ئاشكراكرد، وتی"هیچ هێزێك نییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری ڕیفراندۆم بكات، لەبەرئەوە ئەنجامدانی مەترسیدارە."

 

هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمڕۆ بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.

 

مەكگۆرك لەبارەی بەدیلی ڕیفراندۆم ئامادەنەبوو زانیاریی ورد ئاشكرابكات‌و ئاماژەی بەوەكرد بەدیلەكە نزیكبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدایە بۆ چارەسەری كێشەكان، "دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەربكرێن‌و ناچمە وردەكارییەوە، بەڵام بەدیلەكە باشەو ئارامی بۆ ناوچەكە دەهێنێت."

 

نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ هاوپەیمانان‌و بەغدا كاری جدییان كردووە بۆ ئامادەكردنی ئەو بەدیلە‌و چارەسەری زۆربەی كێشەكان دەكات، وتیشی"هانی لایەنەكان دەدەین‌و گرجوگۆڵ بن‌و زۆر زوو وەڵاممان بدەنەوە، ڕیفراندۆم كۆمەڵێك كێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت‌و ئێمە لەگەڵیدانین."

 

لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، مەكگۆرك وتی"باشترە پەرلەمانی كوردستان بە بەشداری هەموولایەنەكان كارابكرێتەوە."

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، لەكۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی باڵای وڵاتان، مەسعود بارزانی ئەو بەدیلەی وەرگرتووەو پێشوازیی لە گفتوگۆی بونیادنەرانە كردووە، "بەڵام سەبارەت بە ڕیفراندۆم و بەدیلی پێشنیاركراو، ڕایگەیاند كە ئەوە بە تەنها بڕیاری من نییەو ئەو بابەتە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان باس دەكەین و لە ماوەیەكی نزیكدا هەڵوێستمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین."

 

سەرۆكایەتی هەرێم هیچ وردەكارییەكی لەبارەی بەدیلی ڕیفراندۆم ئاشكرا نەكردووە كە لەو كۆبوونەوەیەدا خراوەتە بەردەم بارزانی.

 

دوای ئەو كۆبوونەوەی لەگەڵ وەفدی ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان، هەرئەمڕۆ بارزانی تەئكیدی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كردەوە لەوادەی خۆیدا‌و وتی، بە وەفدەكەمان وت بەدیلی باشتر هەبێت باشە، نەبێت، ڕیفراندۆمی خۆمان دەكەین‌و چی دەبێت با ببێت.

 

بارزانی كە لە زاخۆ بەشداریی لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی سنورەكەدا كرد بۆ پشتیوانی ڕیفراندۆم‌، وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا وتیشی"ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لەسەر هێڵە، ئەگەر بەدیلێكی باشتریان پێشكەش كرد، ئەوە سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد بڕیاری خۆی دەدات، ئەگەر ئامانج تەنها دواخستنی ڕیفراندۆم بێت ڕیفراندۆم دواناخرێت."

 

لەمیانی وتەكانیدا بارزانی ڕووەو ئامادەبووان تەئكیدی كردەوە كە 25ی ئەم مانگە گەلی كوردستان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان‌و بڕیار لە چارەنوسی خۆیان دەدەن، وتی"پرسەكە تەنها ئیرادەیەو ئەگەر ئیرادەمان بەهێزبێت‌و ئامادەبین باجی پێویست بۆ سەربەخۆیی بدەین، من هیچ گومانم نییە سەربەخۆیی مسۆگەرە."