گۆڕان‌و كۆمەڵ بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ناكەن

15-09-2017 02:40
پەرلەمانی كوردستان نزیكەی دوو ساڵە كۆنەبووەتەوە. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند لەبارەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان‌و بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن.

 

بڕیارە كاتژمێر 7ی ئێوارەی ئەمڕۆ دوای نزیكەی دووساڵ كۆنەبوونەوەی، پەرلەمانی كوردستان بە بەشداریی پارتی، یەكێتی‌و یەكگرتوو و حزبەكانی دیكە كۆببێتەوە، گۆڕان‌و كۆمەڵ كە پێكەوە خاوەنی 30 كورسی پەرلەمانن لەكۆی 111 كورسی بەشداریی كۆبوونەوەكە ناكەن.

 

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەر یەك كۆبوونەوەكانی بەردەوام بوو بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی بزوتنەوەكە لەبارەی ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمان.

 

شۆڕش حاجی، وتەبێژی فەرمی گۆڕان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاند"جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا فراكسیۆنی گۆڕان بەشداریی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ناكات لەبەرئەوەی ئەو ڕێكارانەی گیراونەتەبەر بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان‌و بڕیاردان لەپرسێكی وا چارەنوسساز كە پەیوەندی بە ژیانی ئێستاو ئایندەی گەلەكەمانەوە هەیە ناتەندروستەو بەڕێكاری نایاسایی‌و ناتەندروست كراوەو ئەمە نابێتە مایەی ئاسایی كردنەوەی پەرلەمان‌و ڕێككەوتنی سیاسی‌و پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی بۆئەوەی گەلەكەمان بتوانێت لەبەردەم هەر ئەگەرێك‌و ڕووداوێكی ئایندە بتوانێت خۆی بگرێت."

 

بڕیارەكەی گۆڕان دوای ئەوەدێت لە چەند كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و پرسی ڕیفراندۆم.

 

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان بۆ پشتیوانیكردە لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 10 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت‌و هەریەكە لە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە.

 

هەرئەمڕۆش فراكسیۆنی كۆمەڵ هەڵوێستی خۆی لەبارەی كۆبوونەوەی پەرلەمان ڕاگەیاند كە بەشداریی نەكردنە لە كۆبوونەوەكە، گۆڕان‌و كۆمەڵ كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لەدوای پەكخستنی پەرلەمان لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون.

 

فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، بەشداریی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناكەن لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی، "یەكەم: نەگەیشتنی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان بە رێككەوتنی سیاسی لەسەر نەخشەی كاری داهاتوو و ئالیەتەكان. دووەم: لەبەر ئەوەی تەنها دوو فراكسیۆن خشتەیان بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ دیاری كردووە، ئەمەلەكاتێكدا دانانی خشتەی كۆبوونەوە ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە نەك فراكسیۆنەكان."

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.