بارزانی: ئەو بەدیلەی جێی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نییەو بۆئێمە نەهاتووە

15-09-2017 05:10
مەسعود بارزانی لەمیانی وتارەكەی ئەمڕۆیدا لە ئامێدی. فۆتۆ؛ كوردستان 24.

 

پەرەگراف

 

بارزانی تەئكید دەكاتەوە ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت‌و تا ئەمڕۆش ئەو بەدیلەی جێی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نییەو نەخراوەتە بەردەستیان، داواش لە خەڵكی كوردستان دەكات ئیرادەیان بەهێزبێت‌و خەڵك شەرعییەت دەدات بە ڕیفراندۆم نەك وڵاتانی دەرەوە.

 

مەسعود بارزانی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی جەماوەریی قەزای ئامێدی بۆ پشتیوانی دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆم بەشداریی كردو وتارێكی پێشكەشكرد، بارزانی تەئكیدی كردەوە بەرەو ڕیفراندۆم دەچن‌و لە وادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، وتی"ئەوەی نایەوێت لەو شەرەفەدا بەشداربێت كەیفی خۆیەتی."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 10 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.

 

بارزانی لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانكرد لەبارەی ڕیفراندۆم، وتی"بیستومە دوودڵی پەیدا بوووە، خەڵكی كوردستان شەرعییەت دەدات بە ڕیفراندۆم نەك وڵاتانی دەرەوە." لەبارەی كۆبوونەوەی دوێنێی لەگەڵ وەفدی باڵای وڵاتان‌و داواكاریی دواخستنی ڕیفراندۆم، بارزانی وتی"خۆتان مشەوەش مەكەن بە هەواڵی تەلەفزیۆنەكان، تا ئەمڕۆش ئەو بەدیلەی جێی ڕیفراندۆم بگرێتەوە بۆئێمە نەهاتووە."

 

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ وڵاتێك پێی نەوتوون دژی سەربەخۆیی‌و ڕیفراندۆمن، بەڵام دەڵێن كاتی نییە، كاتێكیش پرسیاریان لێدەكەن كەی كاتییەتی وەڵامیان نییە، بارزانی جەختیكردەوە، ڕیفراندۆم ئامڕازە بۆ سەربەخۆیی‌و سەربەخۆیی ئامانجە، وتی، بەدیلمان بدەنێ بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕیفراندۆم هەر پێویست ناكات.

 

"پرسیاری ئێمەش بۆ ئەوان ئەوەیە ڕیفراندۆم دوابخەین‌و هیچ بەدیلیش نەدەن، ئەی كوا پرەنسیپی ئێوە، كوا پڕوپاگەندەی مافی مرۆڤ‌و دیموكراسی، پێشبینیمان دەكرد لە پاداشتی خەڵكی كوردستان‌و ئەنجامی خوێنی شەهیدان تێكشكاندنی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە پێمان دەڵێن خەڵكی كوردستان مافی خۆتانە، مادەم ئێوە بەرهەڵستی دەكەن ئێشمە هیچ حسابێك بۆ ڕای یەك بەشەر ناكەین"بارزانی بەتوڕەییەوە وای وت.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا باسیلە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی كرد‌و زانیاریی لەسەر ئەو بەدیلە خستەڕوو كە پێشكەیان كردووە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم.

 

مەكگۆرك، وتی"هیچ هێزێك نییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتگیری ڕیفراندۆم بكات، لەبەرئەوە ئەنجامدانی مەترسیدارە."

 

نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی داعش، ئاماژەی بەوەشكرد بەدیلەكە نزیكبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدایە بۆ چارەسەری كێشەكان، "دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا چارەسەربكرێن‌و ناچمە وردەكارییەوە، بەڵام بەدیلەكە باشەو ئارامی بۆ ناوچەكە دەهێنێت."

 

مەكگۆرك ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ هاوپەیمانان‌و بەغدا كاری جدییان كردووە بۆ ئامادەكردنی ئەو بەدیلە‌و چارەسەری زۆربەی كێشەكان دەكات، وتیشی"هانی لایەنەكان دەدەین‌و گرجوگۆڵ بن‌و زۆر زوو وەڵاممان بدەنەوە، ڕیفراندۆم كۆمەڵێك كێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت‌و ئێمە لەگەڵیدانین."