پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی لە 25-9دا پەسەند كرد

15-09-2017 08:51
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان.

 

پەرەگراف

 

دوای نزیكەی دووساڵ كۆنەبوونەوەی، پەرلەمانی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبووەوەو پشتیوانیی بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند كە بڕیارە 10 ڕۆژی دیكە بەڕێوەبچێت، گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و سێ فراكسیۆنی دیكە بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد، سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانیش کۆبوونەوەکە بە "نایاسایی" دادەنێن.

 

كۆبوونەوەكەی پەرلەمان لەلایەن جەعفەر ئیمنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە سەرۆكایەتی كراو تێیدا بێگەرد تاڵەبانی وەك سكرتێری پەرلەمان هەڵبژێردرا، بەوپێیەی یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان(گۆڕان)‌و فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمان(كۆمەڵ) بەشداریی كۆبوونەوەكەیان نەكرد.

 

لە كۆبوونەوەكەدا بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، چەند ڕاسپاردەیەكی تایبەت بە ڕیفراندۆم پەسەند كران، لەوانە؛ پەرلەمان كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕاسپار 25-9 لە هەرێم‌و ناوچەكوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی ئەنجامبدات.

 

هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپار بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ مافی چارەنوس، ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.

 

هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان(24 پەرلەمانتار) كۆمەڵی ئیسلامی(6 پەرلەمانتار) فراكسیۆنی ڕافیدەینی ئاشوری(2 پەرلەمانتار) فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی(1 پەرلەمانتار) فراكسیۆنی بەرەی توركمانی(1 پەرلەمانتار) لە دانیشتنەكەدا بەشدارییان نەكرد، هەروەها یەكێتی نیشتمانی لەكۆی 18 پەرلەمانتار 6یان بەهۆكاری جیاواز بەشدار نەبوون، پارتی و 12 پەرلەمانتاری یەكێتی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حزبەكانی دیكەو پێكهاتەكان بەشداربوون لە كۆبوونەوەكە .

 

دوای کۆبوونەوەکە یوسف محەمەدو فەخرەدین قادر لە ڕگەیەندراوێکی هاوبەشدا کۆبوونەوەکەیان بە"نایاسایی" ناوبرد، وتیان"بۆیه‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی وا نایاسایی ده‌ره‌نجامه‌كانیشی پوچه‌ڵن."

 

"ئه‌م كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بو بۆ سه‌رده‌می كاری نایاسایی له‌ كاری په‌رله‌مانی كوردستان. هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵپروزكاندنی مافی چاره‌ی خۆنوسونی گه‌لی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی, ئه‌م مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی وا نائاسایی و نایاساییدا هه‌م كه‌م نرخ و بایه‌خ كردنی ئه‌م بابه‌ته‌ چاره‌نوسسازه‌یه‌ و هه‌میش هێنده‌ی تر شكاندنی شكۆی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای شه‌رعی و هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی كوردستان." یوسف محەمەد و فەخرەدین قادر وادەڵێن.

 

سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان باسلەوەشدەکەن، سپاردنی بڕیاردان لەپرسی ڕیفراندۆمدا‌ به‌ لایه‌نی نادیار و ناڕه‌سمی و هه‌ڵنه‌بژێردراو، ته‌نازول كردنه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و مه‌رجه‌عیه‌تی كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی "نایاساییه‌."

 

لەكاتی كۆبوونەوەكەدا فراكسیۆنەكانی گۆڕان‌و كۆمەڵ لەبەردەم بینای پەرلەمان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو.

 

فراكسیۆنی كۆمەڵ كۆبوونەوەكەی بە "سیناریۆ" ناوبردو ڕایگەیاند، كۆبوونەوەكە بەبێ ئاگاداری سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمان بەشێكی ترە لە قوڵكردنەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان‌و بەكارهێنانی دامەزراوەی پەرلەمانە بۆ مەرامی حزبی‌و كەسی لە پرسێكی چارەنووسسازدا، وتیشی"بەم جۆرە پەرلەمان كارادەكرێتەوە كە نەك چارەسەری كێشەكانی پێناكرێت، بەڵكو ناكۆكییەكانی تۆخ كردەوەو لێكترازانی زیاتری دروستكرد."

 

مەروان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەل، ئاماژەی بەوەكرد بەشداریی دانیشتنەكانی داهاتووی پەرلەمان دەكەن.

 

هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا ڕایگەیاند، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان دوورە لە عورفی یاسایی‌و پەرلەمانی.

 

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی"كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان گەڕانەوەی پەرلەمانە بۆ سەردەمی پێش بوونی ئۆپۆزسیۆن كە ئیرادەی حزب زاڵبووە بەسەر پەرلەماندا، بۆیە بەشداریكردنی حزبەكانی دیكە درێژەدانە بە كودەتاكەی پارتی."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ كە پۆستەكانی سەرۆك‌و سكرتێری پەرلەمانیان بەدەستەوەیە لەدوای پەكخستنی پەرلەمان لەزۆربەی پرسە سیاسییەكاندا هاوهەڵوێست بوون، ئەو دووحزبە پڕۆسەی ڕفراندۆمان بایكۆت كردووە.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام ئێستا وازی لەو مەرجەی هێناوە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كردووە، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت.