بارزانی: بەدیلی ڕیفراندۆم نییەو بەرنامەی بەغدا ئەوەیە دۆخی كوردستان تێكبدەن

16-09-2017 11:05
بارزانی لەمیانی وتارەكەی ئەمڕۆیدا لە دهۆك. فۆتۆ؛ كوردستان 24.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە هێشتا بەدیلی ڕیفراندۆم نییەو داوا لە خەڵكی كوردستان دەكات 25ی ئەم مانگە بچنەسەر سندوقی دەنگدان‌و دەنگ بە بەڵێ بدەن بۆ سەربەخۆیی، دەشڵێت، پلان‌و بەرنامەی بەغدا ئەوەیە دۆخی كوردستان تێكبدەن، حەیدەر عەبادیش ڕیفراندۆم بە "یاریكردن بە ئاگر" وەسف دەكات.

 

لە درێژەی هەڵمەتی پشتیوانیكردن بۆ دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا، ئەمڕۆ لەشاری دهۆك كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجامدراو مەسعود بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد.

 

بارزانی ئەوەی خستەڕوو، تائێستا بەدیلی ڕیفراندۆم پێشكەش نەكراوە، وتی"ڕۆژی 25ی ئەیلول بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی."

 

بارزانی وتیشی"باوەڕتان هەبێت ئەمڕۆ لە بەغدا هەموو بەرنامەی ئەوان ئەوەیە ئەو وەزعەی هەرێمی كوردستان تێكبدەن‌و دەستكەوتەكان لەگەلی كوردستان بسەننەوە، بەرلەوەی ئەوان ئەو پلانە جێبەجێ بكەن، خەڵكی كوردستان بڕیاری خۆیداو بندەستی‌و پلانگێڕی دژی ئایندەی ئێمە قبوڵ ناكەین."

 

 

بانگەشەی لایەنگرانی دەنگی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم، دهۆك 16-9-2017. فۆتۆ؛ كوردستان 24.

 

مەسعود بارزانی باسیلەوەشكرد، پێشبینی ناكەن وڵاتانی دراوسێ دژی مافەكانی گەلی كوردستان بوەستنەوە، وتیشی"زمانی هەڕەشە بەكارناهێنین بەرامبەر كەس‌و حەزیش ناكەین كەس زمانی هەڕەشە بەرامبەرمان بەكاربهێنێت، مافی بەرگری لەخۆكردن بەكاردەهێنین نەك دەستدرێژیكردنەسەر هیچ لایەك."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 9 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت، بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

بارزانی لەبارەی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وتی"ئەگەر سیاسەت‌و بەرژەوەندی وڵاتان ڕێگەنادەن بە ئاشكرا بڵێن ئێمە پشتیوانی ڕیفراندۆم‌و مافی ڕەوای گەلی كوردستانین كەیفی خۆیانە، بەڵام كاتێك بەرپرسێك لە دەرەوەبێت بڵێت ئەوە ناشەرعییەو نادەستورییە هەرگیز ئەوە لەكەس قبوڵ ناكەین، شەرعییەتی ڕیفراندۆم لە جەماوەری كوردستان‌و خوێنی شەهیدان وەردەگرین نەك لە خەڵكی دیكە."

 

وتەكانی بارزانی لەكاتێكدایە هەرئەمڕۆ، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دواین هەڵوێستیدا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەسیۆشێتدپرێس هۆشداری ئەوەیداوە كە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، "یاریكردنە بە ئاگر"‌و ئەوان دان بە ئەنجامەكانیدا نانێن.

 

عەبادی داوایكردووە كێشەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا بە برایانە‌و لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر بكرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی دەستوردا.