ئێران هەڕەشەی داخستنی سنورەكانی دەكات ئەگەر هەرێم لە عێراق جیاببێتەوە

17-09-2017 03:52
عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران.

 

پەرەگراف

 

ئێران هەڕەشەی داخستنی سەرجەم سنورەكانی دەكات لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ئەگەری جیابوونەوە لە عێراق.

 

لە چوارچێوەی فشارەكان دژی ڕیفراندۆمی هەرێم كە بڕیارە 8 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی تەنها حكومەتی فیدراڵی عێراق بە فەرمی دەناسێت‌و لە ئەگەری جیابوونەوەی هەرێمی كوردستان لە عێراق، هەرچی ڕێككەوتنە لە نێوان وڵاتەكەی‌و عێراقدا هەڵیدەوەشێننەوە.

 

عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەگەر هەرێمی كوردستان لە عێراق جیاببێتەوە، پێداچونەوە بە سەرجەم رێككەوتننامەكانیان لەگەڵ هەرێم دەكەن، "چونكە ئێمە ڕێككەوتنمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە لەچوارچێوەی وڵاتی عێراق."

 

بەوتەی شەمخانی، یەكێك لەو ڕێككەوتنانە لەبواری دەروازە سنوورییەكانە، ئەگەر هەرێمی كوردستان جیاببێتەوە، بەواتای داخستنی سەرجەم دەروازە و ڕێڕەوە سنوورییەكانە.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕادەگەیەنێت، بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، جارێكی دیكە داوای لە بەرپرسانی هەرێم كرد، پێداچوونەوە بە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بكەن‌و پێیوایە، دژایەتی دراوسێكانی عێراق بۆ ڕیفراندۆم، دۆخێكی ئاڵۆزو دژوار بۆ كوردستان دەهێنێتە ئاراوە.

 

شەمخانی هەروەها دەڵێت، ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێت وڵاتەكەی هەنگاوی جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بۆ كردنە ئامانج‌و ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی دژبە ئێران لە خاكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەبەر.

 

ئەوە یەكەمجارنییە بەرپرسانی ئێران هەڕەشە لە هەرێم بكەن بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، ئەو وڵاتە بەتوندی دژایەتی پڕۆسەكە دەكات، ڕۆژانی 10‌و 11ی ئەم مانگە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەرێمی كوردستان بووەو لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ پەرەگراف، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە، بەڵام حزبە بەشدارەكانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و مەسعود بارزانی سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا.