پەرەگراف زانیاریی ورد لەبارەی لیستەكەی بەرهەم ساڵح ئاشكرا دەكات

17-09-2017 05:58
بەرهەم ساڵح بە لیستێكی نوێ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لیستەكەی بەرهەم ساڵح لە كۆمسیۆن پەسەندكرا بەمەبەستی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دوای پەسەندكردنیشی پەیامێكی كورتی بڵاوكردەوەو لۆگۆی لیستەكەی ئاشكراكرد، بەرهەم ساڵح دوو كەسایەتیی دیاری ئیسلامییەكانی لەگەڵدایەو لەگەڵ گۆڕان‌و پەكەكە لە گفتوگۆدایە.

 

بەرهەم ساڵح، دوێنی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لیستێكی نوێی بە ناوی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركرد كە بڕیارە 1-11 ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی چاكسازی ناوخۆیی حزبەكەی.

 

"كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماری (هاوپەیمانی بۆ دیمكراسی ودادپەروەری) پەسەندكرد.بەهیوای بەدیهێنانی حوكمڕانی باش ودادپەروەر بۆخزمەتی هاوڵاتیان" بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ لە تویتەری خۆی وای وت‌و لۆگۆی لیستەكەی ئاشكراكرد.

 

 لۆگۆی لیستەكەی بەرهەم ساڵح.

 

بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە دروستكردنی لیستەكەیدا چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانی دەكەن، پەرەگراف لەزاری كەسانی نزیكی ناوبراوەوە زانیویەتی هیچ كام لەو سەركردانەی یەكێتی كاندید نابن لە لیستەكەدا.

 

"لەسەر ئاستی ناوچەكانی كوردستان كەسانی دیارو بەتواناو چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی دیاریكراون كاندید بن، چەند مامۆستایەكی دیارو لێهاتووی زانكۆكانی كوردستانیش لەناو كاندیدەكاندان" كەسێكی نزیك و ئاگادار لە كارەكانی بەرهەم ساڵح وادەڵێت.

 

هاوكات هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان.

 

 

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح، بە پەرەگرافی وت"بەدەر لە یەكێتی، لیستەكەی كاك بەرهەم پێشبینی دەكرێت دەنگێكی زۆری ئیسلامییەكان ببات، لەبەرئەوەی ئارام قادرو محەمەد ڕەئوف لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵ‌و یەكگرتوون‌و كەسایەتی دیاری ناو ئیسلامییەكانن."

 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی"لەگەڵ ئەوەشدا بەرهەم ساڵح چاوی لە دەنگی كەسانی ناڕازی‌و بێلایەنە."

 

دروستكردنی لیستی هەڵبژاردن لەلایەن بەرهەم ساڵح، دوای بێئومێدبوونی دێت لە هەوڵەكانی ڕابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكەی، هەروەها ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی شكستیان هێنا، هەربۆیە بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات.

 

بەرهەم ساڵح، تائێستاش جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتییەو ماوەیەكە لە حزبەكەی دابڕاوەو بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە بەشداریی كۆبوونەوەكانی یەكێتی ناكات، كەسێكی نزیكی دەڵێت"پێدەچێت بەمزووانە وازهێنان لە یەكێتی ڕابگەیەنێت."

 

بە مەبەستی فراوانكردنی لیستەكەی‌و ڕاكێشانی دەنگدەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە هەرێم، بەرهەم ساڵح لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پەكەكەوە لەوانەش بەرەی دیموكراسی گەل كە حزبێكی تازەیە لە هەرێم.

 

"گفتوگۆكان لەگەڵ حزب‌و گروپەكانی نزیك لە پەكەكە بەردەوامەو پێدەچێت بگەنە ڕێككەوتن، كاك بەرهەم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش لە گفتوگۆی بەردەوامدایەو پێدەچێت هەماهەنگی‌و هاوكاریی دروست ببێت لەنێوانیاندا بەتایبەت بۆ قۆناغی داهاتوو" سەرچاوەیەكی ئاگادار لە گفتوگۆكان وادەڵێت.

 

پێشتر‌و لە 3ی ئەم مانگەدا پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد كە بەرهەم ساڵح لیستەكەی ئامادەكردووەو بەنیاز نییە حزب دروست بكات، تەنها لیستێكی دەبێت بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن.

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی‌و نزیك لە بەرهەم ساڵح، بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات ئەو بەرپرسانەی یەكێتی كە لەگەڵ لیستەكەی بەرهەم ساڵحدا هێشتا خۆیان ئاشكرا نەكردووەو "ئومێدێكی كەم"یان ماوە بە چاكسازی لەناو یەكێتیدا.

 

ئەو سەركردایەتییەی یەكێتی كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت‌و پێشتر لە ناوەندی بڕیاری حزبەكەی بووە، وتی"تائەوكاتەی لە یەكێتی دەردەچین هەوڵی چاكسازیی دەدەین، یەكێتی بایی ئەوەی تێداماوە چاك ببێت."

 

لەبارەی ئەوەی ئەگەر دۆخی یەكێتی وەك ئێستا مایەوە، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بانگەشە بۆ یەكێتی دەكەن یاخود لیستەكەی بەرهەم ساڵح، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی وتی"ئەوكاتە بڕیار دەدەین."

 

كێشەی سەرەكی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیانە كە لەدوای نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دوركەوتنەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ناكۆكی قووڵیان.

 

جەلال تاڵەبانی لەمانگی 12ی 2012وە توشی نەخۆشی بوو، لەوكاتەوە لە سیاسەت دوركەوتووەتەوەو بەوهۆیەوە كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی یەكێتی پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌ حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی رەخنە‌و تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە‌یان.

 

لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی بە سەرۆكایەتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی"زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوە‌و بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.

 

دوای چەند مانگێك لە ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار، ناوەندەكە بە بێدەنگی هەڵوەشایەوەو كۆسرەت ڕەسوڵ‌و تەواوی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی گەڕانەوەە بۆ ناو كۆبوونەوەكانی یەكێتی‌و تەنها بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی یەكێتی مایەوە.

 

وەك سەرچاوەكانی پەرەگراف دەڵێن، لە ئێستادا ئامانجی بەرهەم ساڵح كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازی‌و چاكسازیخوازەكانە لە لیستێكی فراواندا كە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

 

دروستكردنی لیستی نوێ بۆ هەڵبژاردن لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان سێ ساڵە لە قەیرانێكی سەختی ئابوری‌و سیاسیدایەو حكومەت ناتوانێت نیو موچەی فەرمانبەرانیش لە كاتی خۆیدا دابەشبكات، ئەوەش وایكردووە بێزاری‌و نیگەرانییەكی زۆر لە ناو خەڵكدا دروست ببێت لە حزبەكان‌و زیاتریش لە حكومەت.

 

بڕیارە 1-11 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجام بدرێن، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن نزیكەی 3 ملیۆن‌و 500 هەزار كەس مافی دەنگدانیان دەبێت.

 

بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت‌و ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، هەروەها 6-11ی ئەمساڵ چوارساڵ بەسەر یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەماندا تێدەپەڕێت‌و لە دوای ئەو ڕێكەوتەوە ماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان كۆتایی دێت.