ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام بێت

17-09-2017 07:55
سەرباری فشارەكان سەركردایەتی كورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت‌و لەپێناو دەستەبەركردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان درێژە بە پڕۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدرێت.

 

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنەكە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا هاتووە، ئەوەش دوای ئەوەدێت كە 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی‌و بڕیاربوو لەماوەیەكی نزیكدا سەركردایەتی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەیەوە ڕابگەیەنێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی كردووە، ئەنجومەنەكە ئەو پێشنیارانەی هەڵسەنگاندووە كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كراون‌و بەڕێزەوە ئەو هەوڵانە هەڵسەنگێندراون‌و سوپاسی ئەو بایەخپێدانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە كە بە گەلی كوردستان دراون.

 

ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ دوو بڕیاریداوە، یەكەمیان"لەبەر ئەوەی ئەو پێشنیارانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو ئەو گرێنتییە پێویستانەی تێدا نییە كە جێی ڕەزامەندی و بڕوای گەلەكەمان بێت، بۆیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام بێت."

 

لە بڕیاری دووەمیشدا ئەوە هاتووە، "لە هەمان كاتیشدا، لەپێناو دەستەبەركردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان، بە ڕووحیەتێكی بونیادنەرانەی بەرپرسانەوە درێژە بە پرۆسەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدرێت."

 

ئەنجومەنی باڵا تەئكیدی كردووەتەوە، ڕیفراندۆم تەنها ئامرازە بۆ گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەل.

 

بڕیاری بەردەوامیی پڕۆسەی ڕیفراندۆم هاوكاتە لەگەڵ تووندبوونەوەی فشاری وڵاتان لەسەر سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ دواخستنی پڕۆسەكە، بەتایبەت ئێران‌و ئەمەریكا فشارەكانیان بۆئەو مەبەستە زیادكردووە.

 

ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە بڕیارە 8 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.