پارتی بانگەشەی ڕیفراندۆم لە سلێمانی چڕدەكاتەوە

18-09-2017 05:38
بانگەشەی لایەنگرانی دەنگی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم، دهۆك 16-9-2017. فۆتۆ؛ كوردستان 24.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

پارتی لە سلێمانی بانگەشەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم چڕدەكاتەوەو دەیگوازێتەوە بۆسەر شەقامەكان، بەڵام یەكێتی هەرچەندە پابەندبوونی خۆی دووپاتدەكاتەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا، بەڵام هێشتا ئەو بڕیارەی نەداوە بانگەشە بگوازێتەوە بۆسەر شەقام.

 

وادەی بانگەشەكردن بۆ ڕیفراندۆم 5 ڕۆژی ماوە، تائێستا لەسنوری پارێزگای سلێمانی بانگەشە كردن گەرموگوڕی بەخۆیەوە نەبینیوە، پارتی دەڵێت بەپێی ئەو پلانەی هەیان بووە هەفتەی كۆتاییان دیاریكردووە بۆ بانگەشەی فراوان‌و ڕۆژی چوارشەممەش لە یاریگای سلێمانی بە بەشداری هەزاران كەس بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دووپاتدەكەنەوە.

 

"هەفتەی یەكەمی بانگەشە لە ڕێكخستنەكان‌و ناو بارەگاكان بوو، هەفتەی دووەم جەماوەری‌و فراوانتر بوو بۆنمونە شەممەی ڕابردوو كەرنەڤاڵی گەورەمان هەبوو بە ئۆتۆمبێل لە شەقامەكانی سلێمانی‌و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت هەروەها چالاكی هونەریشمان هەبووە"عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی بۆ پەرەگراف وای وت.

 

وتەبێژەكەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئێوارە 101 كەس كە مەشخەڵیان بە دەستەوە دەبێت بە پیادە لە شاخی گۆیژەوە دێنەخوارەوە بۆسەر شەقامی شەست مەتری‌و لەوێ مەشخەڵەكان دەكوژێننەوە، "ئەوەش وەك دروشمێك بۆ كۆتایی هاتنی 101 ساڵەی سایكس بیكۆ."

 

وەك ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی دەڵێت، ئەم چەند ڕۆژەی كۆتایی بانگەشەی ڕیفراندۆم گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، چالاكییەكان كۆڕوكۆبونەوەو هونەری‌و نمایشی ئاڵای كوردستان لەخۆدەگرن لەڕێگەی پەڕەشوتەوە لە ئاسمانی سلێمانی، وتیشی"ڕۆژی چوارشەممە كەڕنەڤاڵێكی زۆر گەورە بە بەشداریی هەزاران كەس لە یاریگای نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەم چالاكییە بە هەماهەنگییە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی."

 

لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە سلێمانی تەنها یەك چالاكی فراوان هەبووە، ئەوەش كەرنەڤاڵی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"بوو لە یاریگای سلێمانی(9-9-2017) كە داوای دەنگدان بە نەخێر بۆ ڕیفراندۆم دەكەن.

 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە ئەندامە لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمەو لە سنوری سلێمانی‌و هەڵەبجە دەسەڵاتی بەدەستەو جەماوەری لە پارتی زیاترە، تائێستا تەنها لە ڕاگەیاندنەكانیەوە بانگەشە بۆ ڕیفراندۆم دەكات.

 

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی باسلەوەدەكات حزبەكەی پابەندە بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان‌و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا كە 25ی ئەم مانگەیە.

 

فەرید ئەسەسەرد بە پەرەگرافی وت"هەڵمەتی بانگەشەمان لە ڕاگەیاندن دەستپێكردووە، نەك لەسەر شەقام، تائێستا بڕیارمان نەداوە لەسەر شەقام دەستپێبكەین، بۆئەوەش پێویست بە كۆبوونەوەیەك دەكات بۆ ڕێكخستنی ئەو پرسە یاخود مەڵبەندەكان سەرپەرشتی بكەن، من ئاگاداری نیم."

 

لە وەڵامی ئەوەی پارتی تێبینی لەسەر ئەدای یەكێتی هەیە بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆم، عەتا شێخ حەسەن وتی"ئێمە هیچ ناڵێین ئەگەر خەمساردن دەكرێ لەخۆیان بپرسن" وتەبێژەكەی پارتی لەبارەی سەردانی مەسعود بارزانی بۆ سلێمانی‌و بانگەشەكردن، وتی"دڵنیانین دێت، پێشتر لێمان بیستووە، بەڵام چ كاتێك دێت ئاگادارنین" ئەوە لەكاتێكدایە بارزانی لە چەندین كەرنەڤاڵی فراوانی پارێزگای دهۆك بەشداریی هەڵمەتەكەی كردووە.

 

ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە بڕیارە 7 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووەو داوای دواخستنی دەكەن.

 

لەناوخۆی یەكێتیشدا بۆچوونی جیاواز دروست بووەو ئەو حزبە بووە بە دوو بەشەوە، بەشێكیان لەگەڵ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆمدان لە ئێستادا، 14ی ئەم مانگەش مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك بڕیاریدا ڕیفراندۆم لە پارێزگاكە نەكرێت.

 

بەرپرسانی یەكێتی لە كەركوك دەڵێن، ڕیفراندۆم ئەو شارە دەخاتە مەترسییەوە"بۆیە ئامادەنین قومار بەكەركوكەوە بكەین" بەڵام فەرید ئەسەسەرد دەڵێت ئەو بڕیارە مەڵبەند نابێت بە بڕیاری فەرمی یەكێتی.

 

"لەبارەی كەركوك، ئێمە بڕیارێكمان هەیە لە نەخشەڕێگای یەكێتیش باسكراوەو ڕفراندۆم بەبێ ناوچە جێناكۆكەكان ئێمە بەشداریی تێدا ناكەین" ئەسەسەرد وای وت.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم فشاری وڵاتان لەسەر كورد تووند بووەتەوە بۆ ئەنجامنەدانی پڕۆسەكە، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم سوورە لەسەر ئەوەی ڕیفراندۆم بەردەوام دەبێت‌و پێشنیارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕەتدەكاتەوە.

 

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی بەتوندی ڕیفراندۆم ڕەتدەكاتەوەو چەندینجار زمانی هەڕەشەی بەكارهێناوە دژی كورد لەسەر ئەو پرسە، یەكێتی نیشتمانی كە بە نزیك لە ئێران دادەنرێت بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی تاران كراو هۆشداریی پێدرا.

 

لەبارەی كاریگەریی ئەو فشارانە‌و ئایا یەكێتی دەبێتە هۆكاری دواخستنی ڕیفراندۆم؟ فەرید ئەسەسەرد وتی"مەسەلەكە ئێران نییە هەڕەشەكان زۆر زیادیان كردووەو خەریكە دەچنە قۆناغی جێبەجێ كردن‌و جدییەت وەردەگرن، ئەگەر بزانین ڕیفراندۆم كۆمەڵێك كێشەی دیكەمان بۆ دروست دەكات پێویستە بڕیارێكی دیكە بدەین، ڕیفراندۆم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆییە ئەگەر سەربەخۆیی لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بەدەست نەیەت‌و كۆمەڵێك كێشەی دیكەشمان بۆ دروست ببێت بەدڵنیاییەوە دەبێت بڕیارێكی گونجاوتر بدرێت."

 

ئەوانە لەكاتێكدان ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كۆمسیۆن بڕیاریداوە هەردوو دەنگدانی گشتی‌و تایبەت پێكەوە ئەنجامبدرێن.

 

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆن، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی“ئامادەكاریی باش كراوە، زۆرینەی فەر‌مانبەرانمان لە هەشتی بەیانی تا شەشی ئێوارە دەوامدەكەن لە پێناو تەواوكردنی ئامادەكارییەكان.. تائێستا سەدا 90ی تەواوی مەوادەكانی كە‌ پێویست بوو‌ بگاتە هەرێمی كوردستان، لە ئیستادا گەیشتووە… هەروەها كۆمسیۆن دوو ئۆفیسی سەرەكی لە هەریەكە لە كەركوك و شێخان كردۆتەوە، ئەوەش شێخان ئەركی ئامادەكاریی و بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمە لە ناوچە جیناكۆكەكانی موسڵ."