ڕێباز حەملان بەهۆی پشتیوانی نەكردن لە ڕیفراندۆم وازی لە گۆڕان هێنا

18-09-2017 06:34
ڕێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان.

 

پەرەگراف

 

ڕێباز محەمەد حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان، وای لە بزووتنەوەكە هێناو هۆكارەكەی بۆ پشتیوانی نەكردنی گۆڕان دەگەڕێنێتەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

 

ڕێباز حەملان كە لە مانگی 10ی 2015وە لەگەڵ وەزیرەكانی دیكەی گۆڕان بە بڕیاری پارتی لە كارەكەی دورخراوەتەوە، ئەمڕۆ نامەی وازهێنانی ئاڕاستەی بزوتنەوەكەی كردووە، لە نامەكەدا كۆمەڵێك خاڵی خستوەتەڕو و باسی لە كارەكانی ڕابردووی لەناو گۆڕاندا كردووە.

 

ئەو وەزیرەی گۆڕان ڕەخنە لە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەی دەگرێت كە پاڵپشتی ڕیفراندۆمی نەكردووە، دەڵێت"جڤاتی نیشتمانی بە داخەوە بڕیاری بۆ نەدرا و كەوتە ژێر كاریگەریی هەندێكی كەسی نامەسئول یاخود كەسانێك كە خولیای موزایدە و گەورەبوونی خۆیانن كە لە كاتێكدا زۆرن ئەوانەی لە ناو گۆڕان هەمان بیركردنەوەی منیان هەیە."

 

ڕیفراندۆم كە بڕیارە 7 ڕۆژی دیكە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو داوای ئەنجامنەدانی دەكەن، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

لە دوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە 12-10-2015و دورخستنەوەی وەزیرەكانی گۆڕان، پارتی مەرجی سەرەكیی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بوو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، دوای بڕیاری ڕیفراندۆم وازی لەو مەرجەی هێنا، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی پەرلەمان پرسی ڕیفراندۆم بە یاسایی بكات، بەڵام گۆڕان‌و كۆمەڵ ئامادەنەبوون بەشداری بكەن لە كۆبوونەوەی پەرلەمان.

 

"سەرەڕای ئەوەی دو ساڵ گۆڕان داوای كاراكردنەوەی پەرلەمانی كرد بێ مەرج و كە كارا كرایەوە بێ مەرج ئامادە نەبو بەشداری بكەن" ڕێباز حەملان لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا وادەڵێت.

 

نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ڕێباز حەملان