بارزانی بەدیلی ڕیفراندۆم ئاشكرادەكات‌و دەڵێت: 3 ڕۆژی دیكە بە دەستمان نەگات ڕیفراندۆم دەكەین

19-09-2017 05:32
بارزانی سوورە لەسەر هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی لە نوێترین وتاریدا ئەو بەدیلە ئاشكرادەكات كە لای سەركردایەتی كورد شوێنی ڕیفراندۆم دەگرێتەوەو ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر تا 2 بۆ3 ڕۆژی دیكە بەدەستیان نەگات ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دەكرێت.

 

لە درێژەی هەڵمەتی پشتیوانیكردن بۆ دەنگی بەڵێ لە ڕیفراندۆمدا، ئەمڕۆ لە سۆران كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی فراوان ئەنجامدراو مەسعود بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد.

 

بارزانی جارێكی دیكە ئەوەی خستەڕوو، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكرێت، داواشیكرد تەنها ئاڵای كوردستان لە بانگەشەدا بەكاربهێنرێت نەك ئاڵای حزب‌و كەسایەتی، وتی"ڕیفراندۆم ناكەین بۆئەوەی بڵێن ڕیفراندۆمیان كرد، ڕیفراندۆم بۆئەوە دەكەین بە هەموو جیهان بڵێین ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت، ئەگەر بەدیلێك نەبێت وەكو ڕیفراندۆم مەحاڵە دوایبخەین."

 

بارزانی باسیلەوەشكرد، كۆمەڵگای نێدەوڵەتی هاتوونەتەسەرخەت، هەندێك بیرۆكەو نامەیان هێناوە كە زمانەكەی جیاوازە لەگەڵ پێشتر و بە ڕێزەوە داڕێژراون، وتی"كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدایە دەبێت لەگەڵ ئەوان بگەینە ئەنجام، ڕێككەوتنی دوو قۆڵی بكەین بەشێوەیەك ڕێككەوتنەكە شوێنی ڕیفراندۆم بگرێتەوەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی بكەن‌و گەرەنتی جێبەجێكردنی بدەن، بەڵام تائێستا بەغدا تا ئەوئاستە نەهاتووەتە پێشەوە، ئەگەر تا دوو-سێ ڕۆژی دیكە ئەو بەدیلەمان بەدەست گەیشت، ڕۆژی 25-9 ئاهەنگ دەگێڕین‌و ئەگەر ئەو بەدیلە نەگەیشت ڕیفراندۆمی خۆمان دەكەین."

 

لەبارەی ئەو پەیامانەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاڕاستەی هەرێم دەكرێن بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بارزانی وتی"مافی خۆمانە بڕوا بەهیچ بەڵێنێكی شەفەیی‌و نامەی مەتاتیی نەكەین، دەبێ بەزمانێك بنوسرێت كەس نەتوانێت لێی ڕابكات، ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت" وتیشی"هەڵەمانكرد 2003 چوینەوە بەغدا، بەڵام بە نیەتێكی پاك‌و دڵێكی ساف چووین، ئێمە یەكپارچەیی عێراقمان تێكنەداوە خۆیان تێكیاندا، ئەوان شەراكەت قبوڵناكەن‌و ئێمەش خزمەتكاری قبوڵ ناكەین. ئەو كاتەش كە بودجەیان بڕی دەبوو ڕیفراندۆم ڕابگەیەنین، ئەوەش نیمچە هەڵەیەك بوو نەمانكرد، چونكە شەڕی داعشمان بەسەردا سەپێندرابوو."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 6 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

"ئەگەر ئێستا ڕیفراندۆم قبوڵ نەكەن دوای دووساڵی دیكە چۆن قبوڵی دەكەن؟ كات بڕوات لەبەرژەوەندی گەلی كوردستان نییە" بارزانی وای وت، ڕەخنەی توندیشی لە بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق‌و دادگای فیدراڵی گرت دژی ڕیفراندۆم، وتی"بڕیارەكانی بەغدا نایەتە كوردستان‌و جێبەجێ ناكرێت."

 

بارزانی جارێكی دیكە تەئكیدی كردەوە دەیانەوێت پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت‌و نابنە هەڕەشە بۆهیچ لایەك، "دۆستانە داوا لە دراوسێكان دەكەم بەزمانی تەهدید قسەمان لەگەڵ نەكەن، چونكە لەكەسی قبوڵ ناكەین."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.