بەرهەم ساڵح هەڵوێستی خۆی لەسەر ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی ئاشكراكرد

19-09-2017 05:56
بەرهەم ساڵح لەگەڵ دەنگی بەڵێ-یە بۆ ڕیفراندۆم. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

بەرهەم ساڵح هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی ئاشكراكردو ڕایگەیاند، بێ دوودڵی دەنگی ئەو و هاودیدەكانیان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان، بۆ سەربەخۆییە، بەڵام دەسەڵاتی باش‌و دادپەوەر‌و حوكمڕانی باش، ئامڕازی بەجێگەیاندنی سەربەخۆیین.

 

پەیامەكەی بەرهەم ساڵح دوای ئەوەدێت ناوبراو لیستێكی نوێی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆماركردووەو ئەوەش یەكەم هەڵوێستی ناوبراوە لە بارەی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 6 ڕۆژی دیكە لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

بەرهەم ساڵح، لە پەیامەكەیدا باسلەوەدەكات گەلی كوردستان خاوەنی مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی، دەڵێت"بێ دوودڵی دەنگی من و هاودیدەكانمان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان، بۆ سەربەخۆییە. بەڵام دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوكمڕانی باش، ئامڕازی بەجێگەیاندنی سەربەخۆییە".

 

ناوبراو پێیوایە، ستەمكاری‌و لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە حوكمڕانی، سەرچاوەی هەڕەشەو مەترسین بۆ سەربەخۆیی، "بێگومان بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆیی، پێداگریشە لەسەر حوكمڕانی باش، و دادپەروەر خزمەتگوزاری هاوڵاتیان، پێداگرییە لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگەو دامەزراوەكانی حوكمڕانی دیموكراتی."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 6 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

بەرهەم ساڵح پێیوایە، سەربەخۆیی تەنها بۆ ئەم نەوەیە نییە، گەنجانی ئەم وڵاتەو نەوەكانی داهاتوو لەگەڵ ئاكامی بڕیاڕی ئەمڕۆمان دەژین، دەشڵێت"بۆیە دەبێت بە بەرپرسیارێتیەوە هەنگاو بنێین، دایەلۆگ‌و تێگەیشتنمان لەگەڵ گەلانی دراوسێ پێویستە بۆ دورخستنەوەی كوردستانی ئەمڕۆ و ئایندە لە ئاشووب و شەڕ."

 

"بڕواشمان وایە، لەم ڕوەوە بڕیاڕی ژیر و مەدروس، دایەلۆگ لەگەل بەغدا و دراوسێكان، و كاركردن لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە، بۆئەوەی سەربەخۆیی كوردستان ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی بۆ گەلی كوردستان و بۆ ناوچەكە" بەرهەم ساڵح وادەڵێت.

 

هەرئەمڕۆش مەسعود بارزانی لە نوێترین وتاریدا ئەو بەدیلەی ئاشكراكرد كە لای سەركردایەتی كورد شوێنی ڕیفراندۆم دەگرێتەوەو ڕایگەیاند، ئەگەر تا 2 بۆ3 ڕۆژی دیكە بەدەستیان نەگات ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دەكرێت.

 

مەسعود بارزانی ، ئەمڕۆ لە سۆران وتارێكی پێشكەش كرد‌و جارێكی دیكە ئەوەی خستەڕوو، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی دەكرێت، وتی"ڕیفراندۆم ناكەین بۆئەوەی بڵێن ڕیفراندۆمیان كرد، ڕیفراندۆم بۆئەوە دەكەین بە هەموو جیهان بڵێین ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت، ئەگەر بەدیلێك نەبێت وەكو ڕیفراندۆم مەحاڵە دوایبخەین."

 

بارزانی باسیلەوەشكرد، كۆمەڵگای نێدەوڵەتی هاتوونەتەسەرخەت، هەندێك بیرۆكەو نامەیان هێناوە كە زمانەكەی جیاوازە لەگەڵ پێشتر و بە ڕێزەوە داڕێژراون، وتی"كێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدایە دەبێت لەگەڵ ئەوان بگەینە ئەنجام، ڕێككەوتنی دوو قۆڵی بكەین بەشێوەیەك ڕێككەوتنەكە شوێنی ڕیفراندۆم بگرێتەوەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتیوانی بكەن‌و گەرەنتی جێبەجێكردنی بدەن، بەڵام تائێستا بەغدا تا ئەوئاستە نەهاتووەتە پێشەوە، ئەگەر تا دوو-سێ ڕۆژی دیكە ئەو بەدیلەمان بەدەست گەیشت، ڕۆژی 25-9 ئاهەنگ دەگێڕین‌و ئەگەر ئەو بەدیلە نەگەیشت ڕیفراندۆمی خۆمان دەكەین."

 

‌ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.