گۆڕان‌و كۆمەڵ داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن‌و هۆشداریی لە دروستبوونی شەڕ دەدەن

20-09-2017 07:02
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی‌و عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان.

 

پەرەگراف

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ جارێكی دیكە داوای دواخستنی ڕیفراندۆم‌و زەمینەسازیی دەكەن، هۆشداریی ئەوەش دەدەن ئەگەر ڕیفراندۆم، لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان ئەنجام بدرێت دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی‌و لەدەستدانی ئەو ناوچانە.

 

ئەو دوو حزبە پێشتریش هەمان داوایانكردووە، بەڵام بەهەند وەرنەگیراوە، ئەمڕۆش مەسعود بارزانی لە سلێمانی تەئكیدی كردەوە ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا دەكرێت‌و هێشتا هیچ بەدیلێك بۆ دواخستنی پێشكەش نەكراوە.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ كە بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو ئەندام نین لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێن"ئەگەر ریفراندۆم، وەك ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان ئەنجام بدرێ دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی‌و لەدەستدانی ئەو ناوچانە، كە بە هەزاران قوربانیمان لەپێناویان داوە. خۆ ئەگەر ریفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێ ئەوا بەدەستی خۆمان دەسبەرداری نزیكەی نیوەی روبەری كوردستانی باشور دەبین."

 

ئەو دوو حزبە كە ماوەی دووساڵە لەزۆربەی پرسەكاندا هەڵوێستی هاوبەشیان هەیە، هەرچەندە بڕیاردان لە چارەنووس‌و دەوڵەتی سەربەخۆ بە مافی گەلی كوردستان دەزانن، بەڵام داوادەكەن داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرچاوبگیرێت بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، "لەم سۆنگەیەوەو بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە ئاڵۆزو نادیارەی گەلەكەمان تێی كەوتوەو لە هەستكردن بە بەرپرسیاریێتی ئاینی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەییەوە، داوا دەكەین پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكرێ."

 

ئەو داواكارییە لەكاتێكدایە، لەچوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم مەسعود بارزانی ئەمڕۆ بەشداریی كەرنەڤاڵێكی جەماوەریی كرد لە یاریگای سلێمانی، لە وتارێكیشدا تەئكیدی كردەوە تائێستا بەدیلی ڕیفراندۆم نەدراوەتە كوردو پڕۆسەكە لەوادەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

بارزانی لە وتارەكەیدا باسیلەوەكرد شانازییەكی گەورەیە لەگەڵ خەڵكی سلێمانی پێكەوە ئامادەكاریی دەكەن بۆئەوەی بڵێن بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، وتی"دڵنیام ئێوە پێشەنگ دەبن كە 25ی مانگ بڵێن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە بڕیارە 5 ڕۆژی دیكە ئەنجامبدرێت، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ پرسی سەربەخۆیی گەلی كوردستان یەك دەنگەو دەیەوێت بە خۆشیی ماڵئاوایی لەبەغدا بكات‌و دراوسێی یەك بن، وتیشی"ڕیفراندۆم بووەتە ئەجندای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمە ئەنجامی یەكڕیزی‌و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمانە."

 

لەبارەی ناكۆكییە سیاسیەكانی ناوخۆش، بارزانی ئاماژەی بەوەكرد هەموو گەلی كوردستان لەیەك پاپۆڕدایە، وتی"جیاوازی سیاسی زۆر ئاساییەو زۆریش خۆشە بۆ ئەوەبێت كێ زیاتر خزمەتی خەڵك دەكات، بەڵام نەك بۆ ملشكاندن‌و ڕێگە خۆشكردن بۆ دوژمنان‌و ناحەزان بۆئەوەی لە پشتەوە خەنجەرمان لێبدەن، ئێستا لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بەیەك ڕیزی‌و برایەتی هەیە."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووەو بە "حزبی‌و نایاسایی" دەزانن.

 

ڕاگەیەندراوی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیانراوێك بۆ رای گشتی‌و هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان

 

بڕیاردان لە مافی چارەنوس‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان‌ مافێكی سروشتی‌ گەلی كوردستانە. خەباتی رزگاریخوازانەی زیاتر لە سەد ساڵی رابردوی گەلەكەمان لە هەمو پارچەكانی كوردستان لە پێناوی سەربەخۆیی‌و مافی چارەنوس بوە. ریفراندۆم یەكێكە لە ئامرازەكانی گەیشتن بەو ئامانجە نەتەوەییە. بەڵام ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم بارودۆخە ئاڵۆزو پڕ لە قەیران‌و ئایندە نادیارەدا نەك تەنها خزمەتی ئەو ستراتیژە ناكات بەڵكو هەنگاوێكی مەترسیدارە لە سەر ئێستاو ئایندەی گەلەكەمان، چونكە:

 

یەكەم/ ئەگەر ریفراندۆم، وەك ئەوەی بڕیاری لێدراوە، لە كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان ئەنجام بدرێ دەبێتە مایەی شەڕو پشێوی‌و لەدەستدانی ئەو ناوچانە، كە بە هەزاران قوربانیمان لەپێناویان داوە. خۆ ئەگەر ریفراندۆم لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێ ئەوا بەدەستی خۆمان دەسبەرداری نزیكەی نیوەی روبەری كوردستانی باشور دەبین!

 

دوەم/ شەڕو روبەڕوبونەوەی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی عیراق‌و گروپە چەكدارەكان دەبێتە مایەی تێكچونی باری ئاسایش لەزۆربەی ناوچەكانی كوردستان. ئەم هەنگاوە نەك نابێتە مایەی خۆشگوزەرانی خەڵك، بەڵكو ژیانیان سەختترو باری سەرشانیان قورستر دەكا.

 

سێیەم/ درزێكی گەورەی تر دەكەوێتە ناو ریزەكانی گەلەكەمان بەهۆی هەڵوێستی جیاوازی ئێستای خەڵك سەبارەت بە ریفراندۆم. دواتر ساڕێژكردنی ئەو برینە كاتێكی زۆری دەوێت‌و دەرهاویشتەكانی ترسناكن.

 

بەڵام لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو دەوڵەتە ئەوروپاییەكان‌و نەتەوە یەكگرتوەكان داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەن ریفراندۆم ئەنجام نەدرێ‌. ئەو دەوڵەتانە ئامادەییان دەربڕیوە نێوەندگیری لە نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغدادا بكەن‌و هەوڵی چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراق بدەن.

 

لەم سۆنگەیەوەو بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە ئاڵۆزو نادیارەی گەلەكەمان تێی كەوتوەو لە هەستكردن بە بەرپرسیاریێتی ئاینی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەییەوە، داوا دەكەین پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكرێ. هەروەها جارێكی تر بە پێویستی دەزانین دوپاتی بكەینەوەو پێشتریش لە دو راگەیەندراوی هاوبەشدا داوامان كردوە كە ریفراندۆم دوابخرێت‌و زەمینەی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت، بە گێڕانەوەی یەكڕیزی‌و تەبایی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان‌و چاككردنی بژێوی‌و ژیانی خەڵك‌و گێڕانەوەی شكۆ بۆ دامەزراوە شەرعیەكانی كوردستان. پاشان رەخساندنی زەمینەی ناوچەیی‌و نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لەكات‌و هەلومەرجێكی گونجاودا كە سەربەخۆیی بە دوای خۆیدا بهێنێت‌و ئەگەری مەترسییەكان كەمتر بكاتەوە.


كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان‌ - بزوتنەوەی گۆڕان
20-9-2017