ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

21-09-2017 06:40
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم. فۆتۆ؛ ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تەئكید دەكاتەوە هێشتا ئەو بەدیلەی كە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووەو كاتی گونجاویش نەماوە، دەڵێت، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبووەوەو هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و عێراقی هەڵسەنگاندن لەبارەی ڕیفراندۆم‌و 4 بڕیاری دەركرد.

 

بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنەكە"ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێكهاتەكان‌و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، پێش 25ـی9ـی2017، بڵاو بكاتەوە."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە 4 ڕۆژی دیكەیە، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم

 

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ـی٩ـی٢٠١٧، لە سەلاحەددین، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی كۆبۆوە.

 

لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و نوێترین هەڵوێستەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراق هەڵسەنگێندران.

 

كۆبوونەوەكە گەیشتە ئەو بڕیارانە:

 

یەكەم: لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو بەدیلەی كە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووە و كاتی گونجاویش نەماوە، ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

دووەم: بڕیار درا كە بەهەموو شێوەیەك دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەكراوەیی بهێڵدرێتەوە و كاتی پێویستی پێ بدرێت.

 

سێیەم: كۆبوونەوە بڕیاری دا كە بۆ ڕوونكردنەوەی دوایین هەڵوێست، شاندی دانوستانكاری ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی شەممە ٢٣ـی٩ـی٢٠١٧ سەردانی بەغدا بكاتەوە.

 

چوارەم: ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێكهاتەكان و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، پێش ٢٥ـی٩ـی٢٠١٧، بڵاو بكاتەوە.