بارزانی داوایەكی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕەتدەكاتەوە

21-09-2017 06:59
مەسعود بارزانی‌و ئیمانوێل ماكرۆن.

 

پەرەگراف

 

سەرۆكی فەڕەنسا پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە دەكات‌و داوای لێدەكات ڕیفراندۆم دوابخرێت، بارزانی داواكەی ڕەتدەكاتەوەو سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وادەی خۆیدا.

 

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمڕۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامداوە‌و پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ یەكپارچەیی عێراق‌و مافەكانی گەلی كوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا خستۆتەڕوو، "داواشی كرد ڕیفراندۆم دوابخرێت."

 

لە وەڵامی ئەو داوایەدا بارزانی وتویەتی"ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دەرگای گفتوگۆش دانەخراوە و دوای ڕیفراندۆم، كوردستان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكات."

 

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی فەڕەنسا ستایشی كوردستانی كردووەو ڕۆڵی كوردستانی لە شەڕی داعش‌و حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەرز نرخاندووە، بارزانیش سوپاسی سەرۆك‌و حكومەت‌و گەلی فەڕەنسای كردووە بۆ پشتگیریی بەردەوامیان بۆ كوردستان.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە 4 ڕۆژی دیكەیە، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

سوربوونی بارزانی لەسەر ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە، ئەمڕۆش ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تەئكیدی كردەوە هێشتا ئەو بەدیلەی كە جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە نەگەیشتووەو كاتی گونجاویش نەماوە، ڕایگەیاند"ئەگەر گرێنتیی تەواو بۆ سەربەخۆیی كوردستان نەدرێت، ڕیفراندۆم لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت."

 

ئەنجومەنەكە چوار بڕیاری دەركردووە، "ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سكرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێكهاتەكان‌و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، پێش 25ـی9ـی2017، بڵاو بكاتەوە."