بارزانی: ڕیفراندۆم لەدەستی جەماوەردایەو كات بۆ داوای دواخستنی نەماوە

22-09-2017 05:56
مەسعود بارزانی لەكاتی وتارەكەیدا لە كەرنەڤاڵی ئەمڕۆی هەولێر.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت‌و كات بۆئەو قسانە نەماوە كە داوای دواخستنی دەكەن، دەشڵێت، ڕیفراندۆم لەدەستی جەماوەردایەو ئەو خۆی شەرمەزاری خواو خەڵك ناكات، داواشدەكات 25ی مانگ خەڵكی كوردستان بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و چارەنوسیان دیاریبكەن.

 

بارزانی ئەمڕۆ لە كەرنەڤاڵی فراوانی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی لەشاری هەولێر بەشداریكردو وتارێكی پێشكەشكرد، ئەوەی خستەڕوو، چەند ساڵێكە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی چیتر ناتوانن لەگەڵ بەغدا بژین، وتی"بۆ سەربەخۆیی هەموو فیداكارییەك ئاسانەو لێرە كۆبووینەوەتەوە بۆئەوەی بڵێین بەڵێ بۆ سەربەخۆیی."

 

بارزانی جارێكی دیكە باسیلەوەكرد شەراكەت لە عێراق نەماوەو دەستور پێشێلكراوە، "زۆرینەی ئەوانەی لەبەغدان تەنها دەموچاویان گۆڕاوەو عەقڵییەتیەكان هەمان عەڵییەتی ئەو كۆمەڵكوژییانەیە بەرامبەر كورد كراوە."

 

لەبارەی فشارەكان بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم بارزانی وتی"ڕیفراندۆم لەدەستی جەماوەردایەو لەدەست شەخس‌و حزب دەرچووە، شەو و ڕۆژ فشار بەردەوامە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، دەڵێن ڕیفراندۆم دوابخەن‌و دواتر گفتوگۆ بكەن، ئێمە ناگەڕێیینەوە بۆ ئەزمونێكی شكست خواردوو، ئێمە دەڵێین ئامادەین بۆ گفتوگۆیەكی زۆر جددی، بەڵام دوای 25ی ئەیلول، تازە زۆر درەنگەو كات بۆ ئەو جۆرە قسانە نەماوە." وتیشی"دەمەوێت شتێك بە خوای خۆم‌و بە ئێوەش بڵێم، من ئەو كەسە نیم خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم بكەم."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم كە 3 ڕۆژی دیكەیە، فشاری وڵاتانی دەرەوە تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

ئەمڕۆش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆچوونی خۆی لەبارەی ڕیفراندۆمی كوردستانەوە ئاشكراكردو نیگەرانیی پیشاندا كە پڕۆسەكە كاریگەری خراپی هەبێت لەسەر شەڕی داعش‌و ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی كوردستان هەن.

 

بارزانی لە وتارەكەی ئەمڕۆیدا وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایشی دایەوەو وتی"دڵنیابن سوورتر دەبین لە شەڕی دژی داعش‌و زیاتر لە پێشتر شەڕی داعش دەكەین، بەنیسبەت ئاوارەكانیش برای ئێمەن‌و میوانی ئێمەن" بارزانی لەبارەی ئاوارەكانەوە ڕووەو ئامادەبووانی كەرنەڤاڵەكە وتی"وەكو چاوی خۆتان بیان پارێزن، كێشەی ئاوارەكان لە كوردسان نییە لە فەلوجەو بەغداو تكریت‌و شوێنی دیكەیە."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.

 

بارزانی قبوڵنەكردنی ڕای گەلی كوردستان‌و داوای دواخستنی ڕیفراندۆمی بە شكاندنی ئیرادەی گەل ناوبرد، وتیشی"سەركێشی چاوەڕوانیكردن مردنەو مەترسیدارترە لە سەركێشی ئەوەی بڕیاری خۆت بدەیت... باجی ژیانی بندەستی لەدەستدانی ئیرادەو كەرامەتە، بەڵام دەژین، باجی سەربەخۆیی سەرفرازی‌و شەرەفە بەڵام مومكینە بمرین."

 

بارزانی ڕووەو وڵاتانی دراوسێ وتی"دراوسێیەكان بۆ بەزمانی هەڕەشە قسەمان لەگەڵ دەكەن، چ سوێكی هەیە؟" وتیشی"خواستی ئێمە بۆ بەغداو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەیە دوای 25ی 9 گفتوگۆی جدی بكەین لەسەر هەموو شتێك."

 

تەئكیدیشیكردەوە، پێشمەرگە ڕێگە نادات كوردستان بكەوێتە دەستی دوژمنان، "خۆڕاگریی جەماوەریی كوردستان لە هەموو هێزێك بەهێزترە، بۆ سەربەخۆیی دەبێت ئامادەبین بۆ هەموو باجێك."