سەرۆك وەزیرانی توركیا بژاردەكانی وڵاتەكەی دژی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات

23-09-2017 01:10
بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا

 

پەرەگراف

 

سەرۆك وەزیرانی توركیا جارێكی دیكە دژایەتیی وڵاتەكەی بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان دووپاتدەكاتەوەو ئەو بژاردانە ئاشكرادەكات كە لەبەردەم وڵاتەكەیدان، دەشڵێت، ڕیفراندۆم بە مێشكی كەسێكدا هاتووەو هەستاوە بەم سەركێشییەو سەرباری هۆشداری‌و ئاگاداركردنەوەی هەموو جیهان، گوێی داخستووەو پێداگری دەكات، تەئكیدیش دەكاتەوە ئەوانە باجەكەی دەدەن كە بڕیارەكەیان داوە‌.

 

ئەو وتانەی بیناڵی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لە كاتێكدایە تەنها 2 ڕۆژ ماوە بۆ دەستپێكردنی دەنگدانی ڕیفراندۆم‌و پڕۆسەكە بۆ كوردستانیانی دەرەوەی وڵات دەستیپێكردووە، كورد سوورە لەسەر بڕیارەكەی‌و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی.

 

"بڕیاری ئەم گشتپرسییە بڕیارێكی هەڵەیە. هەر لە سەرەتاوە هۆشدارییەكانمان بە دۆستانە وەك وڵاتێكی دراوسێ و وەك توركیا ئاڕاستەكردوون. بەڵام دەبینین ئەو هۆشدارییانە ئەنجامیان نەبووە. سوورن لەسەر ئەم هەڵەیە. كۆتایی ئەم سووربوون و پێداگرییە لەسەر ئەم هەڵەیە كە هەموو جیهان و دراوسێكان لە دژی دەوەستنەوە، باش نابێت" یڵدرم وا دەڵێت.

 

سەرۆك وەزیرانی توركیا باسلەوەشدەكات لە پێناو ئاسایش‌و خۆشگوزەرانیی وڵاتەكەیاندا، نەرمیی لەئاست هیچ سەركێشییەكدا نانوێنن، بڕیاری ڕیفراندۆمیش بە بڕیاری گەلی كوردستان نازانێت، دەڵێت"ئەمە دەرەنجامی ئەوەیە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئەم بیرۆكەیەكە بە مێشكی كەسێكدا هاتووەو هەستاوە بەم سەركێشییە. سەرباری هۆشداری‌و ئاگاداركردنەوەی هەموو جیهان، گوێی داخستووەو پێداگری دەكات. بێگومان باجی دەبێت‌و ئەوانە باجەكەی دەدەن كە بڕیارەكەیان داوە. مافی ئەوەشیان نییە كە باجەكە بەو خەڵكە بێتاوانە بدەن كە هیچ بەرژەوەندییەكیان لەمەدا نییە."

 

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەودیو سنوری وڵاتەكەی لەناو بژاردەكاندان دژی هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، بیناڵی یڵدرم وتی"بژاردە ئەمنی، ئابووری‌و سیاسییەكان چ كاتێك پەیوەندی بە كامیانەوە بوو، بەڵێ. ئەمە پەیوەندیدارە بە كاتەوە، بەرەوپێشچوونی هەلومەرجەكان ئەمە دیاری دەكەن."

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

دوێنێش مەسعود بارزانی تەئكیدی كردەوە ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت‌و كات بۆئەو قسانە نەماوە كە داوای دواخستنی دەكەن، وتیشی، ڕیفراندۆم لەدەستی جەماوەردایەو ئەو خۆی شەرمەزاری خواو خەڵك ناكات، داواشیكرد 25ی مانگ خەڵكی كوردستان بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و چارەنوسیان دیاریبكەن.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.