دوو لێپرسراوی یەكێتیی لە كەركوك: لەگەڵ ڕیفراندۆم نین

23-09-2017 02:45
كه‌ركوك/2005/ لایەنگرانی یەكێتی‌ له‌ بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان. فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی.

 

كەركوك ناو- پەرەگراف

 

سەركردایەتیی‌و زۆرینەی ئۆرگانەكانی یەكێتی لە كەركوك سوورن لەسەر‌ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە پارێزگاكە بەهۆی بوونی مەترسی لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكەو جەخت لەدواخستنی دەكەنەوە، دەڵێن "قومار" بەكەركوكەوە ناكەین، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ جارێكی تر دواهەڵویستی خۆیان گەیاندە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەیان.

 

ئەمڕۆ شەممە 23-9-2017 كۆبوونەوەیەكی فراوانی تەواوی سەركردایەتیی كەركوكی یەكێتیی‌و تەواوی ئۆرگانەكانی پارێزگاكە لە مەڵبەندی دووی حزبەكە لە كەركوك بەڕێوەچوو، زۆرینەی لەگەڵ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم بوون.

 

سەرچاوەیەك كە بەرپرسیارێتی حزبی هەیەو لە كۆبوونەوەكە ئامادەبووە، بە (كەركوك ناو)ی وت"هەموو بەڕاشكاویی قسەی خۆمان كرد، وتمان كێ لەگەڵ ڕیفراندۆمە با قسە بكات، كێش لەگەڵ نییە با پاساوەكانی باسبكات، زۆرینەی هەرە زۆری لەگەڵ دواخستنی ڕیفراندۆم بوون."

 

ئەو كە خۆی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە، وتی"مەترسییەكانمان لێكدایەوە شەڕ دروستدەبێت، دەبێت هەموو پێكهاتەكان بەڕوونی قسەیان لەگەڵ بكرێت، تەنانەت هەموو حزبە كوردییەكانیش لێرە كۆكنین لەسەر ڕیفراندۆم، نامانەوێت ماڵوێرانی بۆ كەركوك بهێنین كە هێشتا دڵنیانین ئەم ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆییە یان نا... ڕاستییەكەی ئەوەیە نامانەوێت قومار بەكەركوكەوە بكەین بۆیە نە لەگەڵ ڕیفراندۆمین نە لەگەڵ ئەنجامدانین."

 

لە كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی خەڵكی كەركوك،‌ رەفعەت عەبدوڵا كە هاوكات لێپرسراوی مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتییە و ڕزگار عەلی، لێپرسراوی مەڵبەندی هەولێر، ئاسۆ ئەڵمانی لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، هەروەها ئەندام سەركردایەتییەكانی یەكێتی لەو شارەو تەواوی جێگرو كارگێڕو ئۆرگانە حزبییەكانی تری یەكێتی لە كەركوك ئامادەبوون. جگە لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك كە بەشداریی نەكرد.

 

سەرچاوەیەكی تری یەكێتیی كە بەرپرسیارێتی هەیە لە كەركوك‌و لەبەر هەستیاری دۆخەكە نەیویست‌ ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی"خۆشبەختانە هەموو مەكتەب سیاسییەكان‌و ئەندام سەركردایەتییەكان لەگەڵ ڕێكخستنەكانی كەركوكی یەكێتی بوون، تەنها نەجمەدین كەریم نەبێت."

 

وتیشی"جارێكی تری نامەیەكمان ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی‌و سەركردایەتی كورد كرد كە ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆم نین لە كەركوك و ڕێگە بە ڕیفراندۆم نادەین... چاوەڕوانی ئەوەین مەكتەبی سیاسیی یەكێتی تا كاتژمێر هەشت بۆ نۆی شەو وەڵاممان بدەنەوە."

 

لەبارەی ئەوەی چی دەكەن ئەگەر سەركردایەتی یەكێتیی لە بڕیاری ڕیفراندۆم پاشگەزنەبێتەوە، وتی "پلانی Bی مان هەیە" بەبێئەوەی ناوەڕۆكی پلانەكە ئاشكرابكات.

 

رەوەند مەحمود، جیگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ ئەو پرسە یەكلاییدەبێتەوە"، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەك لەسەر ئەو پرسە بكات.

 

ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانی، لەدواین پەیامیدا دوێنێ هەینی 22-9 لەبارەی دواخستنی ریفراندۆمەوە وتی "من خۆم شەرمەزاری میلەتەكەم ناكەم... ڕیفراندۆم لەدەستی من و سەركردایەتی كورد نەماوەو كەوتۆتە دەست گەل."

 

هاوكات پارتی دیموكراتی كوردستان، چەند جارێك دژایەتی خۆی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم لە كەركوك و "ناوچەكانی جێناكۆك" ڕاگەیاندووە كە بڕیاری ڕیفراندۆم دەیگرێتەوە.

 

"نەجمەدین كەریم - كە لەپشكی یەكێتی پارێزگاری كەركوكە- سوورە لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكەو كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیی پشتیوانی دەكات"سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكانی یەكێتی لە كەركوك وادەڵێت.

 

هاوكات یەكێتی لە ژێر فشاری توندی ئێراندایە بۆ كشانەوە لە ڕیفراندۆم بەتایبەت لەشاری كەركوك.

 

لە ئێستادا حزبە كوردییەكانی كەركوك، لە مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كۆبوونەوەدان‌و بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، مەڵبەندی یەكێتی بەڕوونی هەڵوێستی خۆی لەو كۆبوونەوەیەدا ڕادەگەیەنێت.

لە 14ی ئەم مانگە مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك بڕیاریدا ڕیفراندۆم لە پارێزگاكە نەكرێت و لە ماوەی بانگەشەی ڕیفراندۆمدا هیچ بانگەشەیەكیان بۆ ئەو پڕۆسەیە نەبوو.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆبوونەوەیەكدا لە 29-8 بە بەشداریی نەجمەدین كەریم‌، پارێزگاری كەركوك بڕیاردرا ریفراندۆم پارێزگای كەركوكیش بگرێتەوە، هەرچەندە عەرەب و توركمان لەو كۆبوونەوەیە بەشدارنەبوون و دژایەتی خۆیان بۆ بڕیارەكە نیشاندا.

 

هاوكات، پەرلەمانی عێراق لە 12-9 بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و “ناوچەكانی جێناكۆك”، ئەوەش لە دانیشتنێكدا كە فراكسیۆنە كوردییەكان بایكۆتیان كرد.

 

ئەم ڕاپۆرتە پەرەگراف‌و كەركوك ناو بە هاوبەشیی ئامادەیان كردووە.