بارزانی: ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت

23-09-2017 07:00
بارزانی سوورە لەسەر ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا.

 

پەرەگراف

 

مەسعود بارزانی تەئكید دەكاتەوە، ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانەو لەدەستی هیچ حزب و كەسێكدا نەماوەو لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

 

ئەو وتانەی بارزانی ئەمڕۆ لە دیدارێكیدا هاتووە لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق، ئەوەش لەكاتێكدایە یەكێتی بە فەرمی ڕایگەیاند، لەگەڵ قبوڵكردنی دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە كە داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكەن.

 

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، برۆبۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی ڕایگەیاندووە"فەڕەنسا وەك بنەما دژی ڕیفراندۆم نییە، بەڵام پێمانوایە ئێستا كاتەكە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەبار نییە و ڕەنگە كاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش بكات."

 

لە بەرانبەردا بارزانی جەختی لەوەكردووەتەوە، بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیاری یەك یان دوو حزب نییەو بڕیاری گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانییەوەو بڕیاری پەرلەمانی كوردستانیشە، "ئێستاش كاتی ئەوە نەماوە باس لە دواخستنی بكرێت‌و بڕیارەكەش لە دەست هیچ حزبێك و هیچ كەسێكدا نییە و ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت."

 

بارزانی ئەو هۆكارانەشی ڕوونكردووەتەوە كە بوونەتەهۆی ئەوەی گەلی كوردستان هیچ ئومێدێكی بە پێكەوەژیان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت‌و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بدات، "تەئكیدیشی كردەوە كە گەلی كوردستان ڕۆژی 25ـی9ـی2017 دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ڕای خۆیان بە جیهان ڕادەگەیەنن."

 

سەبارەت بە داواكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بۆ ئەنجامدانی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا، بارزانی ڕایگەیاندووە"ئێمە هیچ كاتێك دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و ئەمڕۆش شاندێك چوونەتە بەغدا تا بابەتەكە زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراق ڕوون بكەنەوە و لە دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كراوەیە و ئامادەین بە ئەجێندایەكی كراوە و دڵێكی كراوە لەسەر هەموو بابەتەكانی وەك سنوور، نەوت، ئاو، غاز و هەر بابەتێكی دیكە كە پێویست بێت گفتوگۆ بكەین تا بە ڕێگەیەكی ئاشتییانە و لێكتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش."

 

سوربوونی بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ لە پەیجی فەیسبوكی تایبەتی بافڵ تاڵەبانی بەرپرسی سكرتاریەتی سكرتێری گشتی یەكێتی بڵاوكرایەوە كە پارتی‌و یەكێتی ڕێككەوتوون بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بەڵام دواتر ناوبراو ئەوەی ڕتكردەوەو ڕایگەیاند، ئەو نوسینە بە "هەڵە"بڵاوبووەتەوە، هەروەها هەریەكە لە پارتی‌و ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕتیانكردەوە ڕیفراندۆم دوابخرێت.

 

هاوكات ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تەئكیدی كردەوە كە ئەوەی ڕاگەیاندنەكان بەناوی بافڵ تاڵەبانییەوە بڵاویانكردووتەوە هەڵەیە، بەڵام وتی"راستییەكەی ئەوەیە كە یەكێتی پێیوایە لەبەر بارودۆخی جیهان و ناوچەكەو عێراق و كوردستان و رەچاوكردنی دەستپێشخەرییەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەوڵەتانی دۆست پێویستەو لەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەكانی گەلەكەمانە."

 

ڕاگەیاندنی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دەشڵێت"ئەم بۆچوونەمان سەرلەبەیانی ئەمرۆ لە روانگەی پەرۆشیەوە بە بەرێز مەسعود بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی ووتووە."

 

یەكێتی لەئاستی باڵادا بووە بەدوو بەشەوە لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەتایبەت بەرپرسانی ئەو حزبە لە كەركوك ڕیفراندۆم لەوشارە ڕەتدەكەنەوە.

 

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ڕۆژی ڕیفراندۆم، فشاری وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت ئێران‌و توركیا تووندبووەتەوە لەسەر سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم. لەو چوارچێوەیەشدا 14ی ئەم مانگە هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بەدیلی ڕیفراندۆمیان خستە بەردەم مەسعود بارزانی، بەڵام ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە كۆبوونەوەیەكدا بەدیلەكەی ڕەتكردەوە.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووە.