ئێران ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخست

24-09-2017 04:05
كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

لە یەكەم كاردانەوەی كرداریی دژی ڕیفراندۆمی كوردستان، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا لەسەر داوای حكومەت عێراق ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی گەشتە ئاسمانییەكانی هەرێمی كوردستاندا داخست.

 

داخستنی ئاسمانی ئێران بەڕووی هەرێمی كوردستاندا یەكەم هەنگاوی كرداریی ئەو وڵاتەیە دژی ڕیفراندۆمی كوردستان كە بڕیارە سبەینێ لە سەرتاسەری هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامبدرێت.

 

بەرپرسانی كورد نەچوونە ژێرباری فشارە ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم، ئێران هەر لەسەرەتاوە بەتووندی دژی ڕیفراندۆم وەستایەوەو فشاری توندی خستەسەر حزبە كوردییەكان بۆ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە، بەڵام تاران سەركەوتوو نەبوو لە هەوڵەكانی دژی ڕیفراندۆم.

 

كەیوان خەسرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ڕایگەیاند"لەسەر داخوازیی دەوڵەتی ناوەندی عێراق، سەرجەم ئەو گەشتە ئاسمانیانەی لە ئێرانەوە دەچنە سلێمانی و هەولێر و ئەو گەشتانەش لە هەرێمەوە دێنەسەر ئاسمانی ئێران ڕاگیراون."

 

خەسرەوی ئەوەشی خستەڕوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە كۆبوونەوەیەكی بەپەلەدا داخوازیی دەوڵەتی ناوەندیی عێراقی سەبارەت بە داخستنی سنوورەكانی ئێران لەگەڵ هەرێم لێكداوەتەوە، وتیشی"لەئەنجامی كاریگەر نەبوونی هەوڵە سیاسیە خێرخوازانەكانی ئێران و سووربوونی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەسەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەو ناوچەیە، لەسەر داخوازیی بەغدا، ئێران سنووری ئاسمانیی خۆی بە سەر هەرێمی كوردستاندا داخست."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووەو تائێستا ڕایان نەگەیاندووە سبەینێ كە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە ناوخۆ بەڕێوەدەچێت، لایەنگرانیان چ هەڵوێستێك وەربگرن.

 

"بڕیاری بەپەلەی هەندێ لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وێرای سنووردار كردنەوەی توانایی ڕۆڵگێڕان و گفتوگۆی سازێنەری كوردەكان لە حاكمیەتی عێراق، ئاسایشی گەلی كورد، وڵاتی عێراق و ناوچەكە تووشی تەنگژە دەكات"وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وای وت.