ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم: ڕیفراندۆم لە هەرێم‌و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان بەڕێوەدەچێت

24-09-2017 04:56
كەرنەڤاڵی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم لە یاریگای سلێمانی، 20-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم تەئكید دەكاتەوە سبەینێ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدەدرێت.

 

ئەنجومەنەكە ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبووەتەوەو 4 بڕیاری دەركردووە، ئەوەشخراوەتەڕوو دوای ڕیفراندۆم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامدەبێت بۆ " بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش."

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووەتە پرسێكی گەرمی ناوچەكە‌و كاردانەوەی فراوانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتوەتەوەو تەنها ئیسرائیل پشتیوانی دەكات‌و هیچ وڵاتێكی دیكە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نییە، لەسەر ئاستی ناوخۆش بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بایكۆتی پڕۆسەكەیان كردووەو تائێستا ڕایان نەگەیاندووە سبەینێ كە دەنگدان بۆ ڕیفراندۆم لە ناوخۆ بەڕێوەدەچێت، لایەنگرانیان چ هەڵوێستێك وەربگرن.

 

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

 

ڕۆژی یەكشەممە 24ـی9ـی2017 لە سەلاحەدین ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی كۆبۆوە.

 

لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا باسی دوایین پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی پەیوەست بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كرا و بەڕێز مەسعود بارزانی باسی ئەو كۆبوونەوە و پەیوەندییانەی كرد كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەكان هەبووە.

 

دواتر شاندی كوردستان كە ڕۆژی 23ـی9ـی2017 سەردانی بەغدایان كردبوو، ئەنجامی سەردانەكە و گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان خستەڕوو و ڕوونیان كردەوە كە بەغدا بەهیچ شێوەیەك، ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕیفراندۆم قبوڵ ناكات و بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوون و دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز سەرۆككۆماری عێراق و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەكانیشیان ڕەت كردۆتەوە و ئامادە نەبوون لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان هیچ گفتوگۆیەك بكەن.

 

 

شاندەكە ئەوەشی خستەڕوو كە بە لایەنە سیاسییەكانی عێراقیان ڕاگەیاندووە كە ئەوە بڕیاری گەلی كوردستانە و ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەڕێوەدەچێت.

 

دواتر لیژنەی ئامادەكردنی بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان، بەڵگەنامەكەی خستەڕوو.

 

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەئكید كرایەوە كە كوردستان لە ڕۆڵی كاریگەری خۆی لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوام دەبێت و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دژی تیرۆر درێژەی دەبێت.

 

دوای شی كردنەوەی سەرجەم پێشهات و هەڵوێستەكان، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی دا:

 

یەكەم: ڕۆژی دووشەممە 25ـی9ـی2017، ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوە دەچێت.

 

دووەم: كۆبوونەوەكە، بەڵگەنامەی سیاسیی گرێنتیكردنی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی پەسند كرد و دەستخۆشیی لە لیژنەی ئامادەكاری بەڵگەنامەكە كرد.

 

سێیەم: دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ عێراق كراوە دەبێت. بە ئەجێندایەكی كراوەوە و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سەرجەم بابەتەكان بۆ بوون بە دوو دراوسێی باش.

 

چوارەم: ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دەستخۆشیی لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد بۆ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سووربوونیان و یەكڕیزی و هاوهەڵوێستییان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا و جەختیش كرایەوە كە بە یەكڕیزی بەسەر هەموو ئاستەنگەكاندا زاڵ دەبین.

 

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم

24ـی9ـی2017