كۆسرەت ڕەسوڵ: ئەركی نیشتمانییە لە كەركوك‌و ناوچەكانیتر بەگڕوتینەوە بچین بۆ دەنگدان

24-09-2017 07:41
كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆسرەت ڕەسوڵ بەشداریكردن لە ڕیفراندۆم لە كەركوك‌و ناوچەكانی دیكەی كوردستان بە ئەركێكی نیشتمانی‌و نەتەوایەتی دەزانێت‌و داوادەكات سبەینێ بەگڕوتینەوە خەڵكی كوردستان بچنەسەر سندوقەكانی دەنگدان‌و دەنگی بەڵێ بدەن بۆ سەربەخۆیی.

 

دەقی پەیامی كۆسرەت ڕەسوڵ

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری خەڵكی كوردستان
پێشمەرگە قارەمانەكان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر

 

ریفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین مافێكی رەواو هەقی گەلی كوردستانە و بەدرێژایی مێژووی سەردەمە جیاوازەكان، گەلی كورد خەباتی كردووە بۆ ئەم پرسە چارەنووسسازەو بەسەدان و هەزاران رۆڵەی قارەمانی ئەم نیشتمانە خوێنی خۆیان بەخشیوە لەپێناو هەڵكێشانی هەناسەی ئازادی و ژیانێكی خۆشگوزەران.

 

ئەمڕۆ كە دەرفەتێكی گونجاو و لەبار هاتۆتەپێش بۆ گەلی كورد و میللەتەكەمان بڕیاریداوە لە 25/9/2017 ریفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی ئەنجام بدات، ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی و ئەوپەڕی دڵسۆزی و وەفایە بەرامبەر خوێنی شەهیدەكانمان، كە هەموومان بە كەرنەڤاڵێكی ئاشتیانە بڕۆینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری بكەین لە پرۆسەی ریفراندۆم و دیاریكردنی چارەنووسی گەلەكەمان، بۆیە داواكارم هەموو خەڵكی كوردستان بەبێ جیاوازی حزبی، ئایینی، نەتەوەیی و ناوچەیی بەشداری بكەن لەم پرۆسە چارەنووسسازەدا.

 

كوردستانیانی خۆشەویست...

 

مێژوو و خەباتی چەند ساڵەی كوردایەتیمان ئەوەمان لێ قبوڵ ناكا بەهیچ شێوەیەك دژی خواستە نەتەوەییەكانی گەلەكەمان بوەستینەوە و لەسەرەتای دامەزراندنیشیەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان راشكاوانە، راستگۆیانە، بوێرانەو بێ باكانە هەڵگری دروشمی "مافی چارەی خۆنووسین" بووەو لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدمان داوە، ئەمڕۆ ئەركێكی نیشتمانییە لەسەرمان كە درێژەپێدەری بەرنامەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بین و هەڵگری مەشخەڵی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین بین و بەگڕوتینەوە بەشداربین لەم پرۆسە گرنگ و چارەنووسسازە.

 

هاونیشتمانیانی خۆشەویست...

 

ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر هەنگاوێكی یەكجار گەورە و گرنگە و دەبێ هەموومان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە بەشداربین لە پرۆسەكە، هەروەك جەنابی مام جەلال فەرموویەتی "كلیلی چارەسەری كێشەی كورد كەركووكە و فەقەت كەركووكە".

 

كەواتا ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموومانە لە كەركووك و سەرجەم ناوچەكانی تری كوردستان بەگڕوتینەوە بچینە سەر سندوقەكانی دەنگدان و كوردستانی بوونی هەموو ئەو ناوچانە بۆ جیهان بسەلمێنین و پێیان بڵێین وەك هەمیشەو بەدرێژایی مێژوو كەركووك شاری ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانەو كەركووكییەكانیش داینەمۆی خەبات و قوربانیدانن بۆ گەلی كوردستان.

 

دۆستان و هاوپەیمانان...

 

بە سوپاسێكی زۆرە، لە سەروبەندی ئەنجامدانی ریفراندۆمدا دۆستەكانمان ژیرانە و دۆستانە هاتنەپێش و لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانمان بوون، بۆیە لێرەوە پێتان رادەگەیەنم كە هەموو هەوڵەكانتان بەرز دەنرخێنین و دڵنیاتان دەكەینەوە كە وەك هەمیشە لەسەر مەبدەئی گفتوگۆ بەردەوام دەبین و پرۆژە و پێشنیارە جددیەكانتان دەكەینە بنەمایەكی راستەقینە بۆ گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا، چاوەڕوانیشمان لێتان هەیە وەك هەمیشە لە كات و ساتە چارەنووسسازەكاندا پشتیوانمان بن و درێژ بە هاوپەیمانێتی و پەیوەندییە دوور و قووڵەكانمان بدەین.

 

كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان