مەعسوم: بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی بڕیاری یەك لایەنەی ڕیفراندۆم خۆبپارێزن لەگرژیی

24-09-2017 10:24
فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق.

 

پەرەگراف

 

فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق، بڕیاری ڕیفراندۆمی كوردستان كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت بە "تاكلایەنە" ناودەبات‌و داوادەكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو بڕیارە، سەركردایەتی كورد‌و بەغدا خۆیان لە گرژیی بپارێزن.

 

سەرۆك كۆماری عێراق كە لە پشكی كورد(یەكێتی) لەو پۆستەدایە بەیاننامەیەكی لە بارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بڵاوكردەوەو تێیدا باسلەوەدەكات، هەوڵدەدات بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆو چارەسەری كێشەكان لە نێوان هەولێرو بەغدا.

 

بەیاننامەكەی فوئاد مەعسوم، دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و مەسعود بارزانی دواین بڕیاریان ڕاگەیاند كە تەئكید كردنەوەبوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سبەینێ 25-9 لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

 

"بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو بڕیارە یەك لایەنەیەو لە روانگەی بەرپرسیاریەتیی دەستوریمانەوە بۆ پێویستیی خستنەگەڕی ئەوپەڕی هەوڵمان بۆ دورخستنەوەی وڵاتمان لە مەترسییە سەختەكان و یەكێتیی گەلەكەمان، داوا لە سەركردایەتیی سیاسیی لە كودستان و بەغداد دەكەین، بەهەر نرخێك بێت خۆ بپارێزن لە گرژی و لۆجیكی حیكمەت و چڕكردنەوەی هەرچی زوتری دیالۆگ زاڵ بكەن بۆ لانی كەمی رێككەوتنێك" فوئاد مەعسوم وادەڵێت.

 

سەرۆك كۆماری عێراق تەئكید دەكاتەوە كە پرەنسیپەكانی دەستور بخرێتە ڕیزی پێشەوەو ڕێزی داواكاریی پشتیوانیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بگیرێت‌و درێژە بدرێت بە دیالۆگ لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، "لەرێی چارەسەری تەوافوقیی و رەتكردنەوەی هەڵوێستی گێچەڵپێكردن و توندڕەویی و هەنگاونان بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی پێویست لە نێوان هەردولادا، پێكەوەش هەنگاوبنێین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی هاوڵاتیی بون و مافەكان كە ویستی هەموانە."

 

 دەقی بەیاننامەكەی فوئاد مەعسوم


بە ناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
ئەی گەلی عێراقی بەڕێز،
سڵاوی خواتان لێ بێت،

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەییدا رایگەیاند كە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بڕیاری كۆتایی داوە كە سبەینێ بیست و پێنجی مانگی ئەیلول ریفراندۆم بەڕێوە بچێت.

 

بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو بڕیارە یەك لایەنەیەو لە روانگەی بەرپرسیاریەتیی دەستوریمانەوە بۆ پێویستیی خستنەگەڕی ئەوپەڕی هەوڵمان بۆ دورخستنەوەی وڵاتمان لە مەترسییە سەختەكان و یەكێتیی گەلەكەمان، داوا لە سەركردایەتیی سیاسیی لە كودستان و بەغداد دەكەین، بەهەر نرخێك بێت خۆ بپارێزن لە گرژی و لۆجیكی حیكمەت و چڕكردنەوەی هەرچی زوتری دیالۆگ زاڵ بكەن بۆ لانی كەمی رێككەوتنێك.. لە پێناوی دورخستنەوەی گەلەكەمان لە هەر دژوارییەك كە كەس پێی خۆش نەبێت، هەرچی پێویست بێت بكرێت و قوربانیی بۆ بدرێت.. تەئكید كردنەوەمان نوێ دەكەینەوە بۆ ئەوەی پرەنسیبەكانی دەستور بخرێتە ریزی پێشەوەو رێزی داواكاریی پشتیوانیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی بگیرێت و درێژە بدرێت بە دیالۆگ لە نێوان هێزە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی نێوانیان لەرێی چارەسەری تەوافوقیی و رەتكردنەوەی هەڵوێستی گێچەڵپێكردن و توندڕەویی و هەنگاونان بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی پێویست لە نێوان هەردولادا، پێكەوەش هەنگاوبنێین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی هاوڵاتیی بون و مافەكان كە ویستی هەموانە.

 

منیش وەك سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوام دەبم لە خستنە كاری هەمو كۆشش و هەوڵێك لەپێناوی خێراكردن لە دەستپێكردنی دیالۆگی برایانە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵییدا بۆ دانانی چارەسەری سەركەوتو كە زامنی تێپەڕاندنی ئەم قەیران و بارە ناسكە بكات و رێبگرێت لەوەی تێرۆریستان بیقۆزنەوەو بەكاری بهێنن بۆ مەرامی خۆیان.. دەبێت بڕۆین بەرەو كاركردنی پێكەوەیی بە مەبەستی بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكان و چارەسەركردنی هەڵەو كێشە كەڵەكەبوە نێگەتیڤەكان، ناكۆكیی و بۆچون و هەڵوێستەكان چەندە توندیش بن...

 

هاوكات پێویستیی یەكخستنی هەوڵی هەموان دوپات دەكەینەوە بۆ بە گەورەیی هێشتنەوەی سەركەوتنی هێزە چەكدارەكانی عێراق بەسەر تێرۆر و پشتیوانیكردنی زامنكردنی گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەو بەئارامیی زیاتر لە سێ ملیۆن ئاوارە بوو پەنابەر بۆ زێدی خۆیان.

 

ئێمە متمانەی تەواومان هەیە بەتوانای گەلەكەمان لە تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە كە بە یەكگرتویی و ورەو توانای پتەوترەوە لێی دەربازدەبن بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی ئێستاو گەشەپێدانی سیستمە دیموكراسییەكەی و بنیاتنانی ئایندە گەشەكەی.

 

بەخواتان دەسپێرم

 

فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار”