گۆڕان‌و كۆمەڵ دوو بڕیاری جیاوازیاندا لەبارەی دەنگدان لە ڕیفراندۆمدا

24-09-2017 11:32
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ، عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی گۆڕان.

 

پەرەگراف

 

بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی خۆیان یەكلایی كردەوە لە بارەی دەنگدان لە ڕیفراندۆمەكەی سبەینێدا، كۆمەڵ لەگەڵ بەڵێ دایەو گۆڕان هاوڵاتیانی سەرپشك كرد لە چۆنیەتی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی.

 

ئەو دوو حزبە هەر لەسەرەتای بڕیاری ڕیفراندۆمەوە پڕۆسەكەیان بە "حزبی‌و نایاسایی" ناوبردو نەچوونە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم‌و چەند جارێكیش بە فەرمی داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیانكرد.

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ لە ساتەكانی كۆتاییدا ئەمڕۆ دواین هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند، بڕیارە پڕۆسەكە سبەینێ لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەبچێت.

 

دەقی دوا پەیامی بزوتنەوەی گۆڕان دەرباری ڕیفراندۆم

 

راگەیاندراوێك بۆ رای گشتی

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە یەكەم ساتی راگەیاندنیەوە لە بەرنامەی سیاسی خۆیدا مافی چارەنوس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی كردوە بە یەكێك لە ئامانجە نەتەوەییەكان. ریفراندۆمیش وەك هەنگاوێك بەرەو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە نەتەوەییە دانراوە. بەڵام سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هاوئاوازەكانیان ئەم پرۆسەیان بۆ دەسكەوتی كەسیی و حزبی و خۆدزینەوە لە چارەسەركردنی كێشە ئابوری و یاسایی و سیاسییەكانی كوردستان بەكارهێناوە و ناشیرینیان كردوە. هەروەها هەنگاوەكانیان بەو ئاڕاستەیە بوە كە یەكڕیزی گەلەكەمان و یەك دەنگی خەڵكی كوردستان بخەنە بەردەم مەترسیەوە.

 

ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و بەشێك لە كەسایەتییە رۆشنبیر و نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان هەوڵی زۆرمانداوە گەلەكەمان بە یەكڕیزی و نەخشەیەكی تۆكمەوە هەنگاو بنێت بەرەو دروستكردنی پایەكانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و خۆمان بۆ ئایندەیەكی شایستە بە قوربانییەكانی گەلی كوردستان ئامادە بكەین. هەر بۆیە داوای دواخستنی ئەنجامدانی ریفراندۆممان بۆ كاتێكی گونجاو كرد و داوامانكرد پێشوازی لە دەستپێشخەری هێزە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتوەكان بكرێت. بەڵام ئەو هەوڵانە فەرامۆشكران و گرنگی ئەو هەنگاوانە رەچاو نەكران. بۆیە هەر دەرەنجامێكی نەخوازراوی ئەم پرۆسەیە لە ئەستۆی ئەوانەدایە كە لەم كاتەدا بڕیاریان لەم پرسە داوە.
لێرەش بەپێویستی دەزانین بڵێین كە حكومەتی بەغداش بەدەر نییە لە پێشێلكردنی دەستور و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی ترو جێبەجێ نەكردنی ئەو مادە دەستورییانەی كە مافە نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر دەكەن.

 

لەكۆتاییدا ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان جارێكی تر جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان، بە كەركوك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكانەوە دەكەینەوە، چونكە لە دروستبونی دەوڵەتی نوێی عێراقەوە تاكو ئەمڕۆ ململانێی سەرەكی نێوان گەلی كوردستان و رژێمە یەك لە دوای یەكەكان لەسەر دیاریكردنی سنوری جوگرافیای باشوری كوردستان بوە. چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كرۆكی چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستانە لە عێراقدا. بۆیە وەك بزوتنەوەی گۆڕان هاوڵاتیانی كوردستان ئازاد دەكەین لە چۆنیێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرسەدا.

 

جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان
24/9/2017

 

دەقی دوا پەیامی كۆمەڵی ئیسلامی دەرباری ڕیفراندۆم

 

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری بەڕێزی كوردستان
لایەنە سیاسییەكان
ئەندام‌و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان

 

بەپێویستی دەزانین لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بەكورتیی‌و ڕوونیی هەڵوێستی خۆمان لەمەڕ بابەتی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی بخەینەڕوو:

 

یەك
وەك چەندان جارو لەبۆنەی جۆراوجۆردا ڕامان گەیاندوە، جارێكی دیكەش دووپاتی دەكەینەوە كە گەلی كوردستانیش وەك سەرجەم گەلانی دیكەی دنیا مافی ڕەوای خۆیەتی لە وڵاتی خۆیدا خاوەنی ئیرادەو ئیدارەی خۆی بێ‌‌و ئازادو سەربەخۆبێ‌‌و، لەژێر سایەی دەوڵەت‌و قەوارەی سیاسیی خۆیدا بژی.

 

دوو
ئێمە وەك زەمینە سازییەك بۆ ئەو مەبەستە لە (6/4/2014)دا لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا پڕۆژەی هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆمان ڕاگەیاند، بەڵام بڕیار بەدەستان، وەڵام‌و بەدەنگەوە هاتنیان نەبوو!

 

سێ‌
سەبارەت بەو ریفراندۆمەی كە دەویسترێ‌ سبەینێ‌ (25/9/2017)ز بەڕێوەبچێ‌، ئێمە چەند جارێك لەكۆبوونەوە تایبەتییەكانداو لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندنیشەوە بەدەنگێكی زوڵاڵ‌و بەڕاشكاویی بیروڕاو هەڵوێستی خۆمانمان خستۆتە ڕوو: كە لەبەر ئەوەی هیچ زەمینەسازییەكی نێوخۆیی‌و هەرێمیی‌و نێودەوڵەتیی بۆ نەكراوەو، بڕیارێكی حیزبیی لەپشتەوەیە لەجیاتی یاسایەك، یان بڕیارێكی دامەزراوەیی هەمەلایەنە، بۆیە ئێمە مەترسیی جیددییمان هەیە كە سەروبەر نەگرێ‌‌و، بگرە لەسەریشی قەرزدار ببینەوە، كەچی بەداخەوە سەرنج‌و ڕەخنەكانی ئێمەو غەیری ئێمەش لەسەر چۆنیەتی‌و هەل‌و مەرجی تێدا ئەنجامدرانی ئەو پڕۆسەیە "كەلەئەسڵدا پرسێكی گشتیی‌و نیشتیمانییە" وەرنەگیران!

 

چوار
كەمتەرخەمیی بڕیار بەدەستانی هەرێمیش لە زەمینەسازیی كردنی نێوخۆیی‌و هەرێمیی‌و دەرەكییدا، بۆ هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی، هەڵوێستی نەرێنیی زلهێزان‌و دەوڵەتانی دنیاو، زۆربەی حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانی عێڕاق پاساو ناداتەوە، كە ئامادەنین دان بەو مافە سروشتیی‌و خواڕسكەی گەلی كوردستاندا بێنن.
وەدەبوو زەمینەسازیی تەواو بۆ گشتپرسیی لەناوچە كوردستانییە ناكۆكیی لەسەرەكان كرابایە، كە دیارە نەكراوەو، ترسی هەڵگیرسانی شەڕۆ ئاژاوە هەیە.

 

پێنج
هەركات ریفراندۆمیش ئەنجامدرا، ئێمە دەنگمان (بەڵێ‌)یە، چونكە لەهەركوردێكی دڵسۆز بپرسرێ‌: ئایا دەوڵەتی سەربەخۆت دەوێ‌؟ بێگومان دەڵێ‌: (بەڵێ‌)، بەڵام لێرەشەوە دەڵێین: بەرپرسیار لەبەرانبەر دەرهاویشتەو ئەگەرە مەترسیی لێكراوەكاندا، تەنیا بڕیاردەرانی ئەو پڕۆسەیەن...

 

كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان
4/1/1439ك
24/9/2017ز