لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە بۆ باشور: سنورمان كراوەیەو چیمان هەیە لەگەڵتان بەشی دەكەین

25-09-2017 06:22
د.جاویدان كەمال، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ڕۆژئاوای كوردستان پشتیوانی ڕیفراندۆم دەكات‌و ئامادەیی پیشاندەدات بۆ هەموو هاوكارییەك‌و داوادەكات پارتی سنوری سێمالكا بكاتەوە، دەشڵێت، هەرچیمان هەیە لەگەڵ خەڵكی باشور بەشی دەكەین.

 

ئەو پشتیوانییە لەكاتێكدایە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە هەریەكە لە عێراق‌و ئێران‌و توركیا هەڕەشەی داخستنی خاڵە سنورییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، لەو حاڵەتەشدا تەنها سنوری سێمالكا(فیشخابور) دەمێنێتەوە كە لەو دیوەوە بەدەست كوردانی ڕۆژئاواوەیەو لەمدیوەوە بەدەست پارتییەوەیە.

 

د.جاویدان كەمال، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا لە هەرێمی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف تیشكدەخاتەسەر هەڵوێستی ڕۆژئاوا دەباری ڕیفراندۆم‌و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

 

هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا پێیوایە، ڕیفراندۆم دوژمنانی كورد گەورەیان كردووەو مافی ڕەوای گەلی كوردستانەو پشتیوانیی دەكەن، وتی"ئێمە لەگەڵ ڕای گەلی كوردستانین، گەل چیی پێباشە ئێمە پشتگیری لێدەكەین" هەروەها دیاریكردنی چارەنوس بە مافی ڕەوای گەلی كوردستان دەزانێت‌و داواشدەكات بەپێی خوێندنەوەی واقیعی بارودۆخەكە هەنگاو بنرێت.

 

هەرچەندە بەهۆی گەمارۆی توركیاو ڕژێمی ئەسەد‌و داخستنی سێمالكا لەلایەن پارتییەوە، ڕۆژئاوای كوردستان لە دۆخێكی باشدا نییە، بەڵام هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا ئەوەدەخاتەڕوو، پێویست بوو ئامادەكاریی بكرێت، دەڵێت"هیچ قسەیەك لەگەڵ ئێمە نەكراوەو داوا لە ڕۆژئاوا نەكراوە كە ئامادەكاریی بكرێت لەسەر سنور، بەڵام ئێمە پاڵپشتی باشورین سنورەكە هەركراوەیە لای ئێمەوەو ئەوەی پێمانبكرێت دەیكەین‌و ماڵەكانی خۆشمانیان دەدەینێ."

 

د.جاویدان باسلەوەشدەكات پارتی دەرگای سێمالكای بەدەستەوەیەو وەكو كارتێكی فشاری سیاسی بەرامبەر ڕۆژئاوا بەكاریدەهێنێت، وتی"پارتی سنور دادەخات لەسەر هاتووچۆی كەسانی سیاسی‌و دیبلۆماسی‌و ڕێگە نادات هەندێك بابەتی ژیانی ڕۆژانە بچێتە ڕۆژئاواو ڕێگە بە خەڵك‌و ڕۆژنامەنوس‌و كەسانی بیانیی نادەن، دەبوایە وانەبوایە ئێمە لەكاتێكدا دەڵێین سایكس بیكۆ شكستی هێناوە، بەڵام سنورێكی ناوخۆیی هەیە لەنێوان باشورو ڕۆژئاوای كوردستان‌و پارتی سنور دادەخات‌و پێویستە ئەودەرگایەیان بكردایەتەوە پێش ئەوەی ڕیفراندۆمەكەش بكرێت."

 

د.جاویدان وتیشی"ئەگەر تۆ داوای سەربەخۆیی دەكەیت ئەگەر هەیە برسیش ببیت‌و بێ شوێنیش ببیت، دەبێت كوردانی باشور ئەمەیان لەبەرچاوبێت، ئەوەی كە شۆڕش بكات حسابی ئەوەناكات برسی دەبێت یان برسی نابێت، حسابی ئەوەدەكات ئایا ئازاد دەبێت یان ئازاد نابێت."

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو دەرەوە فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە عێراق‌و ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

ڕۆژئاوای كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە بۆ كشتوكاڵ‌و پشتی بە بەروبومی ناوخۆیی بەستووە، هاوكات لە توانایدا هەیە هاوكاریی هەرێمی كوردستانیش بكات، د.جاویدان دەڵێت"بەتەئكید ئەوەی لە ڕۆژئاوا هەیە دابەشی دەكەین لەگەڵ خەڵكی باشور. ئێمە سەرباریی ئەو گەمارۆیانە، هەزاران پەنابەری سوریاو عێراق‌و ئێزدییەكان لامانن‌و یارمەتیی ئەوانیشمانداوە. ڕۆژئاوای كوردستان خاكێكی بەپیت‌و دەوڵەمەندەو پێش شۆڕش لە سوریا بەرهەمێكی زۆری هەبووە، بەهۆی ئاڵۆزی‌و گەمارۆكانەوە بەرهەم كەمبووە، بەڵام توانای خۆژیێنیی هەیەو لە ڕووی كشتوكاڵەوە تەنها بە بەرهەمی ڕۆژئاوا دەژین."

 

لە وەڵامی ئەوەی بەرهەمیان هەیە لە پێداویستی ناوخۆیان زیادبێت‌و بتوانن هەناردەی بكەن، هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا وتی"بەڵێ هەیە، گەنم، زەیتون‌و زەیتی زەیتون، ئاژەڵ‌و گۆشت‌و هەندێكی شتی دیكەش دەتوانین هەناردە بكەین."

 

پشتیوانی ڕۆژئاوای كوردستان بۆ باشور لەكاتێكدایە ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی كرد وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ڕیفراندۆم، ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕووی سیاسی، ئەمنیی، ئابوری‌و بازرگانییەوە هەنگاو لە دژی هەرێم دەنێن.

 

بەبڕوای د.جاویدان كەمال پارچەكانی كوردستان بەبێ یەك ناتوانن بژین، هەربۆیە داوای فراوانكردن‌و كردنەوەی دەروازەی سێمالكا دەكات، "ئەگەر سنوری باشورو ڕۆژئاوا داخرابێت توركیا بە ئاسانی دەتوانێت ئیبراهیم خەلیل دابخات‌و فشار بخاتەسەر باشور، بەڵام ئەگەر سنوری سێمالكا بكرێتەوە یان بەتەواوی ئەو سنورە كە پێویستە نەمێنێت هەردوولا سوودمەند دەبین."

 

دەروازەی سێمالكا، پردێكە كە باشورو ڕۆژئاوا بەیەكەوە دەبەستێتەوەو ئۆتۆمبێلی گەورەی بارهەڵگر ناتوانن پێیدا تێپەڕببن، "پارتی بەتەواوی بڕیاری خۆی نەداوە ئەو سنورە بكاتەوە بۆیە لە ڕەوشێكدا دەیهێڵێتەوە چالاك نەبێت‌و خەڵك پشتی پێنەبەستێت، دەیەوێت وەك فشارێك لەسەر ڕۆژئاوا بەكاری بهێنێت"هاوسەرۆكی نوێنەرایەتی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا وادەڵێت.

 

ڕۆژئاوای كوردستان پێویستی بە پێداویستی پیشەسازی هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوە، هەروەها پارچەی میكانیك‌و ئەلكترۆنی بۆ دروستكردنی كارگە، وەك د.جاویدان باسیدەكات ئەو سنورە تەنها لەڕوی ئابورییەوە گرنگ نییە، "بۆ زۆر شتی دیكە گرنگە، بۆنمونە لە ڕووی پەروەردەوە ئێمە ئەمساڵ بە سێ زمان كتێبی نوێمان ئامادەكردووە بۆ چاپكردن، بەڵام چاپخانەی گەورەمان نییەو پارتی ڕێگەنادات لەو سنورەوە بیهێنین‌و لێرە كتێبەكان چاپ بكەین."