ئەمەریكا: بێهیواین لە ڕیفراندۆم، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵكی هەرێم ناگۆڕێت

26-09-2017 02:08
كه‌ركوك/25-9-2017/ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف

 

ئەمەریكا هەڵوێستی فەرمی خۆی لەبارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئاشكراكردو دەڵێت، پەیوەندی مێژوویی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیە، بەڵام ئەو هەنگاوە ناسەقامگیری‌و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان‌و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

دوای ئەوەی دوێنێ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەچوو، وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەت ئێران‌و توركیاو حكومەتی ناوەندیی كاردانەوەی توندیان پیشاندا، ئەمەریكاش هەڵوێستی فەرمی ڕاگەیاند.

 

هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا، دەڵێت"ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەقوڵی بێهیوابووە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاك لایەنانە بڕیاریدا بەوەی ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، لەوناوچانەش كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانی عێراقدان."

 

بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر دەقەكەی بە كوردی بۆ پەرەگراف ناردووە، دەشڵێت"پەیوەندی مێژوویی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستاندا گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیەی ئەمڕۆدا، بەڵام باوەڕیشمان وایە ئەم هەنگاوە ناسەقامگیری و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی زیاد دەكات."

 

دەقی بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا
نوسینگەی ووتەبێژ
بۆ بڵاوكردنەوەی دەست بەجێ
بەیاننامەی ووتەبێژ هێزەر ناوێرت
٢٥ی ئە یلولی ٢٠١٧

 

ڕیفراندۆمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی عێراق


ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەقوڵی بێهیوابووە لەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان تاك لایەنانە بڕیاریدا بەوەی ئەمڕۆ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، لەوناوچانەش كە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستانی عێراقدان. پەیوەندی مێژوویی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستاندا گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیەی ئەمڕۆدا، بەڵام باوەڕیشمان وایە ئەم هەنگاوە ناسەقامگیری و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

ئەم ڕیفراندۆمە تاكلایەنەیە پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێش زۆر ئاڵۆز دەكات. شەڕی دژ بەداعش كۆتایی نەهاتووەو گرووپە توندئاژۆكان بەدوای ئەوەیا دەگەڕێن ناسەقامگیری و ناتەبایی بقۆزنەوە. ئێمە باوەڕمان وایە پێویستە هەموو لایەنەكان بەشێوەیەكی بنیاتنەرانە بچنە دایەلۆگێكەوە لەپێناو باشتركردنی داهاتووی هەموو عێراقیەكان. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دژی پشێوی و جوڵەی تاك لایەنەیە لەلایەن هەرلایەنێكەوە بێت بەئاراستەی گۆڕینی سنورە ناوخۆییەكان.

 

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی لە عێراقێكی یەكگرتوو و فیدراڵ و دیموكراسی و خۆشگوزەران دەكات، هەروەها بەردەوام دەبێت لە دۆزینەوەی هەل بۆ یارمەتیدانی عێراقیەكان بۆ بەدەستهێنانی خواستەكانیان لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا.