عەبادی: دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان و "ناوچەكانی جێناكۆك" دەسەپێنین

26-09-2017 02:33
به‌غداد/26-9-2017/ ‌كۆبوونه‌وه‌ی عه‌بادی له‌ باره‌گای فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان. فۆتۆ: راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەڕەشەی سەپاندنی دەسەڵاتی فیدراڵی دەكات لە هەرێمی كوردستان‌و "ناوچەكانی جێناكۆك" تا ئەوكاتەی چارەنووسی ناوچەكە بەپێی دەستوور یەكلاییدەبێتەوە.

 

لە وتەیەكیدا لە‌بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان عەبادی وتی"ڕێوشوێنمان گرتۆتەبەرو ڕێوشوێنەكانیش قورستر دەكەین، تا ئەو كەسانەی هەستان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە رپرسیارێتی لە ئەستۆبگرن نەك هاوڵاتیانی كورد."

 

وتیشی "دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان و ناوچەی جێناكۆك دەسەپێنین و پێویستە دەسەڵاتی فیدراڵی بگەڕێتەوە تا ئەوكاتەی دەستوور جێبەجێدەكرێت… ڕێوشوێنی خۆشمان هەیە‌ لەو بارەیەوە."

 

ئاماژەی بەوەشكرد كە دادگای فیدراڵی بڕیاری نادەستووری بوونی ڕیفراندۆمی داوەو"پەنا نابەینەبەر سەپاندنی ئەمری واقیع بە ‌هێزو پشت بەدەستوور دەبەستین."

 

وتیشی "هێزەكانمان لە ئێستادا لەسەر زەوی دەجەنگن، چیتر بەشتی لاوەكییەوە سەرقاڵیان ناكەین."

 

سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرسوڕمانی خۆشیی نیشاندا لەوەی"هەندێك سەرەڕای ئەم قوربانیدانە دەیەوێت فیتنەو ئاژاوە لەناوچەكە دروستبكات."

 

عەبادی ئاشكرایشیكرد "دان بە‌ئەنجامی ڕیفراندۆمدا نانێین‌و ئامادەنین گفتوگۆ لە‌سەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بكەین."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی ئێوارەی دووشەممە 25-9 بڵاویكردەوە، وەزارەتی بەرگری عێراق دەستپێكردنی مانۆڕی سەربازی فراوانی عێراق‌و توركیای ڕاگەیاندووە لە سنوری هاوبەشی نێوانیان.

 

هاوكات حكومەتی توركیا هەفتەیەكە مانۆڕێكی سەربازی لە ناوچە سنورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بڕیارە بەردەوامی هەبێت.

 

بینالی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیا دووشەممە ئاشكرایكرد عێراقیش لە ئاستی كارمەند، ئەفسەر‌و پسپۆڕی سەربازی بڕیارە بەشداری لە مانۆڕە سەربازییەكانی وڵاتەكەیدا بكات، ئەوەش بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵ.

 

ڕۆژێك پێش ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق داوای رادەستكردنی دەروازە سنورییەكان‌و فڕۆكەخانەكانی لە سەركردایەتی كورد كرد‌و بەپێویستی زانی، وڵاتان لەو دەروازانەوە تەنیا مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكەن.