توركیا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دادەخات؟

26-09-2017 05:06
دەروازەی سنوریی خابور(ئیبراهیم خەلیل)

 

پەرەگراف

 

بەرپرسانی باڵای توركیا لێدوانی جیاواز دەدەن لەبارەی داخستنی دەروازەی سنوریی خابور(ئیبراهیم خەلیل) لە كاردنەوەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان، وەزیری گومرگ‌و بازرگانیی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە بەرنامەیاندایە چەند ڕۆژی ئایندە دایبخەن، بەڵام وەزیری دەرەوە دەڵێت، هیچ هۆكارێك نییە سنور دابخەن.

 

هاوكات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامە لە لێدوانە توندەكانی دژی كوردستان‌و وەك ئاماژەیەك بۆ سزادان‌و وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێم، باسلەوەدەكات ئەوكاتەی دەستیان بە جێبەجێكردنی گەمارۆكان كرد، هەرێم بێچارە دەمێنیتەوە.

 

"لەگەڵ گرتنەوەی بەلوعەیەكدا كارەكە كۆتایی دێت. هەموو داهات و ماهاتی لەدەستدەچێت. ئەگەر بارهەڵگرەكانمان نەچن بۆ باكووری عێراق، ئەمانە خۆراك و پۆشاكیان دەستناكەوێت" ئەردۆغان وادەڵێت.

 

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دوێنێ لە هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدرا، پڕۆسەكە بەرلە ئەنجامدان‌و دوای ئەنجامدانی كاردانەوەی تووندی وڵاتانی لێكەوتەوەو توركیا لە ئاستی باڵادا هەڕەشە دەكات.

 

بەرپرسانی توركیا دەڵێن، بژاردەی ئەمنیی، سیاسی، ئابوریی‌و بازرگانیی لەبەردەستیاندایە بۆ سزادانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ڕیفراندۆمەوە، بولەنت توفەكچی وەزیری گومرگ‌و بازرگانیی توركیا، ڕایگەیاند"لە ئێستادا دەروازەی سنووریی خابوور كراوەیە، بەڵام لە چاو ڕۆژانی ڕابردوودا هاتوچۆكردن كەمیكردووە. بێگومان داخستنی دەروازەی سنووریی خابوور لە چەند ڕۆژی ئایندەدا لە كارنامەدایە."

 

توفەكچی باسیلەوەشكرد، كومەتی عێراق داوادەكات دەروازەی خابور ڕادەستی ئەوان بكرێت‌و توركیاش بەپێی پێشهاتەكان هەنگاودەنێت، وتی"وەك چۆن بەڕێز سەركۆماریش باسیكرد، دەكرێت لە هەر ساتێكدا دابخرێت. چاوەڕوانی چەند پێشهاتێكی ئەوێ دەكەین. بە گوێرەی ئەنجامی ئەو پێشهاتانە، دەكرێت دەروازەكەش دابخەین و چەند ڕێوشوێنێكی دیكەی وەك گرتنەوە نەوتەكەش بگرینەبەر."

 

توركیا لەڕێی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل(خابوور) ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەكات كە ساڵانە قەبارەكەی دەگاتە 12 ملیار دۆلار، هاوكات هەرێمی كوردستان بۆری سەربەخۆی خۆی هەیە كە نەوتەكەی دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان لە توركیاو لەوێوە دەفرۆشرێت، فرۆشی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمەو موچەی فەرمانبەرانی پێدەدرێت، توركیا هەڕەشەی ڕاگرتنی نەوتەكە دەكات.

 

"هێشتا سندوقەكان نەكراوەتەوە، پەكەكەییەكان دەست بە ئاهەنگگێڕان دەكەن، ئەوە مانای ئەوەیە كە پاكی و شەرعییەتی تیادا نییە، با ئەمە بەوشێوەیە ئەنجامبدرێت. هەروەك چۆن شێوازی ئەنجامدانی ئەم ڕیفراندۆمە نەزانراوە، ڕێژەی بەشداریی و ئەنجامەكانیشی جێگەی گومانن. چونكە ئەو كارەی كە ئەنجامدراوە، گوماناوییە. بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەرەب و توركمانن، لەدوای پڕۆسەیەك كە هەموو ڕێكارێكی نایاسایی هەر لە لەناوبردنی تۆماری دانیشتوان و كۆچی بەزۆری تیادا ئەنجامدراوە، ڕەوایەتی دان بە ڕیفراندۆمێك لەدوای پڕۆسەیەكی لەوشێوەیە، مەحاڵە" سەرۆك كۆماری توركیا وادەڵێت.

 

ئەردۆغان جەختیلەوەشكردەوە ئەوان تا دواسات ئەگەری ئەوەیان دانەنابوو كە بارزانی بكەوێتە "هەڵەیەكی لەوشێوەیەوە" وتی"واتا كەوتینە هەڵەوە. لە كاتێكدا پەیوەندییەكانمان لە بەرزترین ئاستی خۆی لە مێژوودابوو، ئەو بڕیارە كە بێ هیچ پرس‌و گفتوگۆیەكی پێشوەختە دراوە، بە ئاشكرا ناپاكییە لەبەرامبەر وڵاتەكەمان."

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 6-7-2017 وڵاتانی ناوچەكەو دەرەوە فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

ئەردۆغان دەشڵێت''لە ئێستادا هەر لە گەمارۆی ئابوورییەوە تا بژاردەی سەربازیی، هەموو ئەگەرەكان لەبەردەستدایە. كایەی ئاسمانی و وشكانی لەبەردەستدایە. لە ئێستادا هەموو ئەم بژاردانە تاوتوێ دەكرێن. ئومێدەوارم بەرلەوەی پێویست بەمانە بكات، سەركردایەتیی هەرێمی باكووری عێراق ژیریی بۆ بگەڕێتەوە و دەستبەرداری ئەم هەوڵە ئەنجام ڕەشە ببێت".

 

بەپێچەوانەی لێدوانەكەی وەزیری گورمرگی توركیا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسلەوەدەكات سنوری ئیبراهیم خەلیل داناخەن، بەڵام دەڵێت"چیتر هەولێر ناتوانێت نەوتی بەغدا بفرۆشێت".

 

مەولود چاوشئۆغڵۆ، لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستانەوە، ڕایگەیاند"بۆ لەمەودوا ئەوان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەكەن‌و بە نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستانیشیان ڕاگەیاندووە كە نەگەڕێتەوە ئەنقەرە."

 

لەبارەی ئەگەری جوڵانی هێز چاوشئۆغڵۆ دەڵێت"ئەگەر بەغدا داوا بكات، ئێمە بە هاوبەشی پێكەوە جوڵە دەكەین، تێیدا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی" لەبارەی داخستنی دەروازە سنورییەكانەوەیە، وتی"ئێمە لەڕێی دەروازەی سنوریی خاپورەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكەین نەك لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە دەروازەی سنوریی خاپور داناخەین."