پەرلەمانی عێراق عەبادی پابەند دەكات بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك

27-09-2017 04:35
عەبادی لە پەرلەمان داوای كشانەوەی پێشمەرگەی كرد لە كەركوك.

 

پەرەگراف

 

پەرلەمانی عێراق ژمارەیەك بڕیار لە دژی هەرێمی كوردستان دەردەكات‌و داوای دادگایی كردنی مەسعود بارزانی دەكات‌و حەیدەر عەبادی پابەند دەكات بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك‌و تەواوی "ناوچە جێناكۆكەكان"و گەڕاندنەوەی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لە كاردانەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەركران، لەناو بڕیارەكاندا داوای بەدواداچون بۆ دادگاییكردنی ئەو كەسانە دەكات كە بەرپرس بوون لە جێبەجێكردنی ڕیفراندۆم، دەڵێت"لە ناویاندا سەرۆكی دەسەڵاتی هەرێم كە ویلایەتەكەی كۆتایی هاتووەو ڕادەستكردنی بە دادگا."

 

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق كە پەرلەمانتارە كوردەكان بایكۆتیان كردبوو، بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامدراو تێیدا عەبادی وتەیەكی پێشكەشكردو تەئكیدی كردەوە بە پشت بەستن بە دەستوور دەسەڵات بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەسەپێنن.

 

عەبادی داواشی لە هێزەكانی پێشمەرگە كرد لە شاری كەركوك بچنە دەرەوەو هەرێمی كوردستان فڕۆكەخانەكان ڕادەستی بەغدا بكاتەوە.

 

هەرلەو دانیشتنەدا پەرلەمانی عێراق 13 بڕیاری لەبارەی هەرێمی كوردستان‌و دۆخی ئاوارەكان دەركرد، زۆربەی زۆری بڕیارەكان وەك سزادانی هەرێمی كوردستان دەركراون لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەدا.

 

پەرلەمانی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەستوری نییەو لە یەكێك لە بڕیارەكانیدا هاتووە"پابەندكردنی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بە گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنە دەستووری‌و یاساییەكان لەپێناو پاراستنی یەكێتی عێراق‌و هاوڵاتیان‌و دەركردنی فەرمان بۆ هێزە ئەمنییەكان بە گەڕانەوەو بڵاوبونەوەیان لە سەرجەم ناوچە جێناكۆكەكان، بە كەركوكیشەوەو گەڕانەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی لە پێش 10/6/2014 تێیدابوون."

 

لە بڕیارێكی دیكەدا پەرلەمانی عێراق تەئكید لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە دەكات كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاسایشی نیشتمانی دەركراون لە دواین دانیشتنیدا، "سەرەڕای بڕیاری بەدواداچونی دادگایی ئەو كەسانەی بەرپرس بوون لە جێبەجێكردنی ڕیفراندۆم، لە ناویاندا سەرۆكی دەسەڵاتی هەرێم كە ویلایەتەكەی كۆتایی هاتووەو ڕادەستكردنی بە دادگا بەپێی یاساكانی عێراق‌و سەرجەم ئەو فەرمانبەرە كوردانەی سەربە دامەزراوەكانی دەوڵەتی فیدراڵین."

 

پەرلەمانی عێراق لە یەكێكی دیكە لە بڕیارەكانیدا، داوای داخستنی ئەو دەروازە سنوورییانەی كردووە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵین‌و هەژماركردنی كاڵاكانیان بە قاچاخ، دەشڵێت"داوا لە وڵاتانی دراوسێی عێراق بكرێت ڕێكاری پێویست بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی عێراق بگرنەبەر بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە."

 

"گەڕاندنەوەی كێڵگە نەوتییەكانی باكور لە كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان‌و سەرپەرشتی كردنیان لەلایەن وەزارەتی نەوت‌و ڕێگرتن لە دەستێوەردانی پارتە دەستڕۆیشتووەكان لەو ناوچانە" بڕیارێكی دیكەی پەرلەمانی عێراق وادەڵێت‌و لە بڕیاری ژمارە 6یشدا هاتووە"گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارەكان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، یاسادانان‌و دادوەری تایبەت بە هەرێمی كوردستان، بەبڕیاری لادانی پارێزگاری كەركوكیشەوە."

 

هەروەها پەرلەمان، حكومەتی عێراقی پابەند كردووە كە سەرجەم باڵیۆزو نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی نوێنەرایەتیان لە هەرێم هەیە بانگهێشت بكات‌و داوایان لێبكات نوێنەرایەتی‌و كونسوڵخانەكانیان دابخەن‌و بیگوازنەوە بۆ دەرەوەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.

 

سەرباری ئەو زنجیرە بڕیارە لە دژی هەرێمی كوردستان، پەرلەمانی عێراق لە بڕیاری ژمارەی 12یدا دەڵێت"پاراستنی پەیوەندییە نیشتمانی‌و كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ هاوڵاتیانی كورد بەوپێیەی پێكهاتەیەكی بنەڕەتین لە پێكهاتەكانی گەلی عێراق."

 

دەقی بڕیارەكانی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق