كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەنجامی فەرمیی بەرایی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند

27-09-2017 05:50
دەنگدان لە قوتابخانەیەكی سلێمانی بۆ ڕیفراندۆم، 25-9-2017. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی فەرمیی ئەنجامە بەراییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ڕاگەیاند، دەنگی بەڵێ لەسەدا 92.73ی بەدەستهێناوەو لەسەدا 7.27ی دەنگدەرانیش بە نەخێر دەنگیانداوە.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامە بەراییە فەرمییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمی ئاشكراكرد، ژمارەی دەنگدەرانی هەرێم‌و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم‌و كوردستانیانی دەرەوەی عێراق 4 ملیۆن‌و 581 هەزارو 255 دەنگدەر بووە.

 

لەو ڕێژەیە 3 ملیۆن‌و 305 هەزارو 925 دەنگدەر بەشداریی پڕۆسەكەیان كردووە كە دەكاتە ڕێژەی 72.16%ی ئەو كەسانەی مافی بەشداریكردنیان هەبووە. 


لە ئەنجامی هەبوونی سكاڵاو یەكلایی كردنەوەیان، 40 هەزارو 11 دەنگ پوچەڵ كراونەتەوەو 170 هەزارو 611 دەنگیش دورخراونەتەوە، دەنگی سپیش 9 هەزارو 368 دەنگ بووە، ئەو دەنگانەشی بە ڕاست هەژماركراون 3 ملیۆن‌و 85 هەزارو 935 دەنگ بوون.

 

لەو ڕێژەیەش 2 ملیۆن‌و 861 هەزارو 471 كەس بە بەڵێ دەنگیانداوە كە دەكاتە 92.73%ی دەنگدەران، هەروەها 224 هەزارو 464 كەس دەنگیان بە نەخێر داوە كە 7.27% دەكات.

 

پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە 25ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناو ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەركردو داوای دادگایی كردنی مەسعود بارزانی دەكات‌و حەیدەر عەبادی پابەند كرد بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك‌و تەواوی "ناوچە جێناكۆكەكان"و گەڕاندنەوەی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لە كاردانەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەركران، ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ لە یەكەم پەیامی دوای ڕیفراندۆمیدا مەسعود بارزانی وێڕای پیرۆزبایی سەركەوتن هاوكات قۆناغێكی نوێی ڕاگەیاندو داوای لە بەغداكرد دەرگای گفتوگۆ دانەخەن.

 

هەر لەچوارچێوەی كاردانەوەكان لەبارەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە لەگەڵ تەئكید كردنەوە لە پشتگیری یەكپارچەیی‌و سەروەری خاكی عێراق‌و وڵاتانی ناوچەكە، وتی"مۆسكۆ بە ڕێزەوە دەڕوانێتەوە خواستە نیشتمانییەكانی گەلی كورد."

 

ڕوسیا داواشدەكات كێشەكانی نێوان هەرێم‌و عێراق بە گفتوگۆ چارەسەربكرێن‌و بۆ پێكەوەژیان لە چوارچێوەی عێراقداو دوركەوتنەوە لە هەر هۆكارێك كە ببێتە هۆی ئاڵۆزی‌و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

بە پێچەوانەی وڵاتانی ناوچەكەو زۆربەی زۆری وڵاتانی دونیا، ڕوسیا بەرلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش نەرمیی پیشاندابوو بۆ پڕۆسەكە، ئەوەش بە پێچەوانەی ئەمەریكا كە بەرلە ڕیفراندۆم‌و دوای ڕیفراندۆمیش هەڵوێستی نەرێنی بووەو ڕەتیكردۆتەوە.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو دەرەوە فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

دوای بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەو سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، حكومەتی ناوەندیی‌و ئێران‌و توركیا دژایەتییەكانیان تووند كردەوەو هەڕەشەی تووند دەكەن‌و دەڵێن، چەند ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ سزادانی كوردستان.

 

لەو چوارچێوەیەشدا تاران ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمی كوردستاندا داخست‌و بەغداش داوای ڕادەستكردنەوەی فڕۆكەخانەو خاڵە سنورییەكان دەكات، ئەنقەرەش لە بەرنامەیدایە سنورەكانی دابخات‌و هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمیش دەكات.