ڕێبەری دیموكراتەكان لە سیناتی ئەمەریكا پشتیوانیی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ڕادەگەیەنێت

28-09-2017 02:29
چەك شومەر، ڕێبەری دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریكا.

 

پەرەگراف

 

ڕێبەری دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریكا پشـتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ڕاگەیاند‌و داوا لە وڵاتانی جیهان دەكات ڕێز لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان بگرن.

 

سیناتۆر چەك شومەر، لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕایفراندۆمەكە بەیانـنامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"دەنگدانێكی مێژوویی لە كوردستانی عێراق سازكراو دەبێت جیهان ڕێز لە ئەنجامەكەی بگرێت‌و دانی ‌پێدابنێت."

 

ئەو گەورە سیناتۆرەی ئەمەریكا ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوپەڕی پشتیوانی لە كوردی عێراق دەكات‌و لەو باوەڕەدایە كە پـێویستە كوردەكان لە زووترین كاتدا وڵاتێكی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، دەشڵێت"دەبێت هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكا بۆ پشتیوانیكردنی پـڕۆسەیەكی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستی كوردەكان لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ."

 

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوێنێ بەشێوەیەكی فەرمیی ئەنجامە بەراییەكانی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەكەی 25ی ئەم مانگەی ڕاگەیاند، دەنگی بەڵێ لەسەدا 92.73ی بەدەستهێناوەو لەسەدا 7.27ی دەنگدەرانیش بە نەخێر دەنگیانداوە.

 

ڕێبەری دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریكا، لە بەیاننامەكەیدا باسلەوەشدەكات، بە درێژایی 20 ساڵی ڕابردوو كوردەكان یەكێكبوون لە بەهێزترین‌و باشترین پشتیوانی ئەمەریكا لە شەڕی دژی تێرۆر‌و چەندینجار پشتیان بە پـێشمەرگە ‌بەستووە‌و كورد داكۆكی لە مافی كەمایەتییەكان كردووە.

 

سیناتۆر شومەر، دووپاتیدەكاتەوە كە پێویستە وڵاتەكەی لە پاڵ كورددا بێت بۆ سەربەخۆیی، وتی"پـێوستە ئەمەریكا لە پاڵ هاوبەشە هەرە بەهێزەكانی خۆی بوەستێت لە دەستنیشانكردنی چارەنووسـیان. كورد گەورەترین نەتەوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كە وڵاتێكیان نییەو لە مێژەوە لەو پـێناوەدا شەڕیان كردووە. سەڕەڕای ئەوە بەردەوام مامەڵەی خراپ كراون و پـێیان دەگوترێت چاوەڕێ بكەن بۆ سبەینێ، بۆیە جیهانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریكا قەرزاریانەو دەبێت دەستبەجێ پاڵپشتی پـڕۆسەیەكی سیاسی بكات بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی كورد."

 

ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا -ئەنجومەنی سینات- یەکێکە لە ئەنجومەنەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکی لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەران. هەر ویلایەتێکی ئەمەریکا دوو نوێنەریان لەو ئەنجومەنەدا هەیە بەبێ گوێدانە ژمارەی دانیشتوانەکەی. هەرئەندامێکی ئەنجومەنەکە دەتوانێت شەش ساڵ لەئەنجومەنەکەدا بمێنێتەوە. بەپێی دەستووری ئەمەریکا، هەر یاسایەک لەو وڵاتە دەربچێت پێویستە ئەنجومەنی پیران پەسەندی بکات، هەروەها سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت واژۆی پەیماننامە و ڕێککەوتنەکان و بڕیارە گرنگەکان بکات بەبێ ڕاوێژ و ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیران.

 

ئەوە یەكەمجارە سیناتۆرێكی باڵای ئەمەریكا بەو شێوەیە پشتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی ڕابگەیەنێت، لەكاتێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بێهیوابوونی قوڵی خۆی پیشاندا لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، وتیشی، پەیوەندی مێژوویی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیە، بەڵام ئەو هەنگاوە ناسەقامگیری‌و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان‌و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناو دوێنێش پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەركردو داوای دادگایی كردنی مەسعود بارزانی دەكات‌و حەیدەر عەبادی پابەند كرد بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك‌و تەواوی "ناوچە جێناكۆكەكان"و گەڕاندنەوەی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق لەكاتێكدایە لە یەكەم پەیامی دوای ڕیفراندۆمیدا مەسعود بارزانی وێڕای پیرۆزبایی سەركەوتن هاوكات قۆناغێكی نوێی ڕاگەیاندو داوای لە بەغداكرد دەرگای گفتوگۆ دانەخەن.

 

ڕێبەری دیموكراتەكانی ئەمەریكا هیوادارە هەموو عێراقییەكان گفتوگۆبكەن، دەڵێت"بە شێوەیەكی ئاشتیانە بڕیار لەسەر باشترین ڕێگەبدەن بۆ بەدیهێنانی ئەو خواستە شەرعییەی كە شایستەی كوردەكانی عێراقە. بەردەوامبوونی هاوكاری ئاسایشی نێوان هێزەكانی ئاسایشی كوردو عێراق ـبە تایبەتی لە مەسەلەی تیرۆرداـ شتێكی سەرەكیـیە لە هەر گۆڕانكاریـیەك لەسەری ڕێكبكەون."

 

دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم‌و سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، حكومەتی ناوەندیی‌و ئێران‌و توركیا دژایەتییەكانیان تووند كردەوەو هەڕەشەی تووند دەكەن‌و دەڵێن، چەند ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ سزادانی كوردستان.

 

"وڵاتانی دراوسێی عێراق ئەوانەی زۆرداران ڕابەرایەتیان دەكەن هەموویان لە دژی دەوڵەتی كوردین، چونكە جێی هەڕەشە دەبێت بۆ سەر پـێگەو بەرژەوەندییە تایبەتەكانیان، پـێویستە ڕێزبگرن لە خواستی كوردو عێراقیـیەكان لە بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان" سناتۆر چەك شومەر وادەڵێت.

 

هاوكات سیناتۆری كۆماری بۆب كۆركەر كە سەرۆكی كۆمیتەی پەیوەندیـیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریكایە، باسلەوەدەكات گەلی كورد دۆستن‌و ڕێبەرانی زۆرباش دەناسێت، بەڵام بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەكە نائومێد بووەو مەترسی لە ئاكامەكەی هەیە، پاشان لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەوەی كەی دەوڵەتی كوردیی دادەمەزرێت، كۆركەر مەزەندە دەكات 2019 - 2020 دەوڵەتی كوردی دابمەزرێت.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو دەرەوە فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.