مەسرور بارزانی نیگەرانە لە بێدەنگیی ئەمەریكا لە هەڕەشەکانی سەر كوردستان

29-09-2017 02:21
مەسرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

مەسرور بارزانی نیگەرانە لە بێدەنگیی ئەمەریكا دەربارەی ئەو هەڕەشە سەربازییانەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەن‌و داوا لە واشنتۆن دەكات ئەو گرژییە كەمبكاتەوە كە لە نێوان هەولێرو بەغدا دروست بووە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە.

 

مەسرور بارزانی، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە بە دەیڤد ئیگنەیشس وتارنوسی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریكی وتووە"ئێمە ناچاركراین ڕیفراندۆم بكەین، لەبەرئەوەی حكومەتەكانی عێراق زۆر لە بەندەكانی دەستوریان پێشێلكردووە."

 

ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، كوردستان ئێستا داوای گفتوگۆ دەكات لەگەڵ بەغدا، "بەڵام بەمەرجێك ڕێزگرتنی بەرامبەر هەبێت لەنێوان هەردوولادا."

 

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە زیاتر لە سەدا 92ی دەنگی بەدەستهێنا، كاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناو پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق زنجیرەیەك بڕیاریان لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، پەرلەمان داوای دادگایی كردنی مەسعود بارزانی دەكات‌و عەبادی پابەند كردووە بە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ كەركوك‌و تەواوی "ناوچە جێناكۆكەكان"و گەڕاندنەوەی نەوتی كەركوك بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا.

 

هەروەها بڕیاری قەدەغەكردنی گەشتی ئاسمانیی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێم دراون‌و لەمڕۆوە جێبەجێ دەكرێت، ئەو بڕیارانە لەكاتێكدان لە یەكەم پەیامی دوای ڕیفراندۆمیدا مەسعود بارزانی وێڕای پیرۆزبایی سەركەوتن هاوكات قۆناغێكی نوێی ڕاگەیاندو داوای لە بەغدا كرد دەرگای گفتوگۆ دانەخەن.

 

"حەیدەر عەبادی هەندێك ڕێكاری ڕاگەیاندووە كە مەترسیدارن‌و كوردستانییەكان سزادەدات" مەسرور بارزانی وای بە نوسەرەكەی واشنتۆن پۆست وتووە، هاوكات دەیڤد ئیگنەیشس لە وتارەكەیدا دەڵێت، ناوەڕۆكی پەیامەكەی بارزانی ئەوەبووە كە داوای هاوكاریی لە ئەمەریكا دەكەن، ئیگنەیشس قسەیەكی مەسرور بارزانی نوسیوەتەوە كە پێی وتووە"ئەمەریكا دەبێت پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی بكات‌و ئەم گرژییە كەمبكاتەوە، هیچ وڵاتێكی دیكە نییە وەكو ئەمەریكا كە پێگەی وابێت ئەمكارە بكات."

 

مەسرور بارزانی وتوشیەتی"من نیگەرانم لەبارەی بێدەنگی ئەمەریكا لەكاتێكدا كە كوردستان هەڕەشەی سەربازیی لەسەرە."

 

دەیڤد ئیگنەیشس، كە یەكێكە لە وتارەنوسە بەهێزەكانی واشنتنۆ پۆست لە كۆتایی وتارەكەیدا نوسیویەتی، ڕاستە ڕەنگە كاتی ئەم ڕیفراندۆمەی كوردەكان باش نەبووبێت، بەڵام ئەمە بڕیارێكە دۆستێكی ئەمەریكا داویەتی‌و ڕەگی لەو هەڵسوكەوتەدایە كە لەگەڵیاندا كراوە لە مێژووداو ئەو بەدبەختییەی بەسەریاندا هاتووە.

 

ئیگنەیشس دەشڵێت، ئەمەریكا قەرزاری كوردەكانە كە هاوكارییان بكات بۆئەوەی گفتوگۆ دەستپێبكەن لەگەڵ بەغدا، باشترین شتیش ئەوەیە ڕێككەوتنێك بكرێت بۆئەوەی پەیوەندی كوردستان بمێنێت لەگەڵ هێڵی ئاسمانی لە جیهاندا.

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

ڕیفراندۆم‌و سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، دژایەتییەكانی حكومەتی ناوەندیی‌و ئێران‌و توركیای بردە قۆناغێكی دیكەو هەڕەشەی تووند دەكەن‌و دەڵێن، چەند ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ سزادانی كوردستان، هاوكات ئێران ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست.

 

دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بێهیوابوونی قوڵی خۆی پیشاندا لە ئەنجامدانی، وتیشی، پەیوەندی مێژوویی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیە، بەڵام ئەو هەنگاوە ناسەقامگیری‌و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان‌و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

سەرباری هەڵوێستی فەرمی ئەمەریكا، بەڵام لە ئاستی جیاوازدا لەو وڵاتە پاڵپشتی لە داوای كوردەكان كراوە بۆ جیابوونەوە لە عێراق، لەوچوارچێوەیەدا سیناتۆر چەك شومەر، ڕێبەری دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سینات(پیران)ی ئەمەریكا، پشـتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ڕاگەیاند‌و داوا لە وڵاتانی جیهان كرد ڕێز لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان بگرن.

 

چەك شومەر، لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕایفراندۆمەكە بەیانـنامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"دەنگدانێكی مێژوویی لە كوردستانی عێراق سازكراو دەبێت جیهان ڕێز لە ئەنجامەكەی بگرێت‌و دانی ‌پێدابنێت."

 

ئەو گەورە سیناتۆرەی ئەمەریكا ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوپەڕی پشتیوانی لە كوردی عێراق دەكات‌و لەو باوەڕەدایە كە پـێویستە كوردەكان لە زووترین كاتدا وڵاتێكی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، دەشڵێت"دەبێت هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكا بۆ پشتیوانیكردنی پـڕۆسەیەكی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستی كوردەكان لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ."