گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی ڕاگیران

29-09-2017 06:34
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر. فۆتۆ: ماڵپەڕی فڕۆكەخانە.

 

پەرەگراف

 

گەشتە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەولێرو سلێمانی ڕاگیران، ئەوەش دوای كۆتایی هاتنی ئەو وادەیەی بەغدا دیاریكردبوو بۆ ڕادەستكردنی فڕۆكەخانەكان بە حكومەتی ناوەندیی.

 

كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ مۆڵەتە 6 ڕۆژییەكەی بەغدا كۆتایی هات‌و سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەكان لە فڕۆكەخانەی هەولێرو سلێمانی ڕاگیران، تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند"بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە" ئەوەشی خستەڕوو، داواكارییەكیان ئاڕاستەی بەغدا كردووە بۆ گفتوگۆكردن‌و ڕانەگرتنی گەشتەكان، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

 

ڕاگرتنی گەشتەكان، گەشتی سەربازیی‌و دیبلۆماسیو شاندەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ناگرێتەوە، هەروەها گەشتی ناوخۆیی بۆ شارەكانی عێراق ڕانەگیراوەو هاوڵاتیانی هەرێم ئەگەر بیانەوێت گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن، دەبێت بچنە بەغداو لەوێوە گەشتەكەیان بكەن.

 

بڕیارەكەی بەغدا بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان، لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمەكەی كوردستاندایە كە زیاتر لەسەدا 92ی دەنگدەران دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا لە عێراق، بەغداش زنجیرەیەك بڕیاری لە دژی هەرێمی كوردستان دەركرد.

 

حكومەتی هەرێم تەواوی ئەو بڕیارانە ڕەتدەكاتەوە كە پەرلەمان‌و حكومەتی عێراق لە كاردانەوەی ڕیفراندۆمدا دژی هەرێم دەریانكردووەو بڕیارەكان بە "سزادانی بەكۆمەڵی گەلی كوردستان" لە قەڵەم دەدات.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لە كۆبوونەوەی دوێنێیدا بەهەمانشێوە بڕیاری داخستنی جوڵەی فڕۆكەوانی بەسەر هەرێمی كوردستانداو قەدەغەكردنی گەشتی فڕۆكەوانی لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم، بە نایاسایی ناودەبرد.

 

"بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد كە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی بەغدا بكەوێتە گفتوكۆ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كار بكرێت بۆ ئەوەی نایاساییبوون و نادەستووریبونی ئەو بڕیارە چ بەپێی یاساكان و دەستووری عیراق و چ بەپێی ڕێككەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەكان ڕوون بكرێتەوە و ڕیكاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر" ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێم وادەڵێت.

 

هاوكات نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت، دەستبەسەرداگرتنی دەروازە زەمینی‌و ئاسمانییەكان لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بۆ برسێتی‌و گەمارۆدانی هاوڵاتیانی هەرێم نیە وەكو هەندێك لێپرسراوی هەرێم لێكدانەوەی بۆ دەكەن.

 

"بەڵكو ئەو رێكارە بۆ رێكخستنی هاتوچۆی هاوڵاتیان‌و گواستنەوەی شمەكە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی‌و دەزگاكانی چاودێر وەكو هەمو دەروازە سنوریەكانی تر بە ئامانجی ڕێگری لە قاچاخ‌و گەندەڵی."

 

نوسینگەی عەبادی دەربارەی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندیی بەسەر فڕۆكەخانەكاندا، دەشڵێت، ئەو كارە بەپێی دەستور دەكەن وەكو چۆن لە هەموو فڕۆكەخانەكانی تردا كراوە، گەشتە ناوخۆییەكان بەردەوامی دەبێت‌و لەگەڵ ڕادەستكردنی فڕۆكەخانەكان، گەشتەكانی دیكەش بەردەوامدەبن.