وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: دان بە ڕیفراندۆمی کوردستاندا نانێین و شەرعییەتی نییە

29-09-2017 11:51
كه‌ركوك/25-9-2017/ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ ریفراندۆمی كوردستان. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 


پەرەگراف

 

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دان بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی کوردستاندا نانێت و دەنگدان و ئەنجامەکەیشی شەرعییەتیان نییەو نیگەرانییەکانی واشنتۆن بەردەوام دەبن.

 

ڕیکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا دەشڵێت، ئێمە ھانی ئارامی و کۆتایی ھێنان بە تۆمەتبارکردنی زارەکی و ھەڕەشەگۆڕینەوە دەکەن لە نێوان هەولێرو بەغدا، "ھانی دەسەڵاتەکانی کوردی عێراق دەدەین ڕێز لە ڕۆڵی دەستوری حکومەتی ناوەندی بگرن و ھەروەھا داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکەین ھەڕەشە ڕەت بکاتەوە یان تەنانەت ئاماژەش بەئەگەری بەکارھێنانی ھێز نەکات."

 

لەدوای دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وڵاتانی ناوچەكەو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشارەكانیان دەستپێكرد بە مەبەستی پاشگەزكردنەوەی كورد لەو بڕیارە، بەتایبەت هەریەكە لە ئێران‌و توركیا بەتووندی ڕەتیانكردەوە، بەڵام سەركردایەتی كورد نەچووە ژێرباری فشارەكان‌و ڕیفراندۆمی بە مافی ئاسایی گەلی كوردستان لە قەڵەمدا.

 

ڕیفراندۆم‌و سەركەوتنی دەنگی بەڵێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق، دژایەتییەكانی حكومەتی ناوەندیی‌و ئێران‌و توركیای بردە قۆناغێكی دیكەو هەڕەشەی تووند دەكەن‌و دەڵێن، چەند ڕێكارێك دەگرنەبەر بۆ سزادانی كوردستان، هاوكات ئێران ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی هەرێمدا داخست.

 

دوای پڕۆسەی ڕیفراندۆم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بێهیوابوونی قوڵی خۆی پیشاندا لە ئەنجامدانی، وتیشی، پەیوەندی مێژوویی ئەمەریكا لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردانایەت لەژێر ڕۆشنایی ئەودەنگدانە نا ئیلزامیە، بەڵام ئەو هەنگاوە ناسەقامگیری‌و نەهامەتی بۆ هەرێمی كوردستان‌و خەڵكەكەی زیاد دەكات.

 

سەرباری هەڵوێستی فەرمی ئەمەریكا، بەڵام لە ئاستی جیاوازدا لەو وڵاتە پاڵپشتی لە داوای كوردەكان كراوە بۆ جیابوونەوە لە عێراق، لەوچوارچێوەیەدا سیناتۆر چەك شومەر، ڕێبەری دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی سینات(پیران)ی ئەمەریكا، پشـتیوانی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردی ڕاگەیاند‌و داوا لە وڵاتانی جیهان كرد ڕێز لە ئەنجامی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان بگرن.

 

چەك شومەر، لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕایفراندۆمەكە بەیانـنامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت"دەنگدانێكی مێژوویی لە كوردستانی عێراق سازكراو دەبێت جیهان ڕێز لە ئەنجامەكەی بگرێت‌و دانی ‌پێدابنێت."

 

ئەو گەورە سیناتۆرەی ئەمەریكا ئەوەشدەخاتەڕوو، ئەوپەڕی پشتیوانی لە كوردی عێراق دەكات‌و لەو باوەڕەدایە كە پـێویستە كوردەكان لە زووترین كاتدا وڵاتێكی سەربەخۆی خۆیان هەبێت، دەشڵێت"دەبێت هەڵوێستی حكومەتی ئەمەریكا بۆ پشتیوانیكردنی پـڕۆسەیەكی سیاسی بێت بۆ بەدیهێنانی خواستی كوردەكان لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ."

 

دەقی بەیاننامەکەی تیلەرسن کە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر بڵاویکردووەتەوە

 
‎وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
‎نوسینگەی ووتەبێژ
‎بۆ بڵاوکردنەوەی دەست بەجێ
‎بەیاننامەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تیلەرسن
‎٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧

‎ڕیفراندۆمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی عێراق

 

‎ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دان بە ڕیفراندۆمی تاک لایەنەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا نانێت کە ڕۆژی دووشەمە ئەنجامدرا.

دەنگدان و ئەنجامەکەشی شەرعیەتیان نیەو ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی عێراقێکی یەکگرتوو فیدراڵ و دیموکراسی و خۆشگوزەران.

نیگەرانیمان بەردەوام دەبێت سەبارەت بە دەرەنجامە نەرێنییە موحتەمەلەکانی ئەم ھەنگاوە تاکلایەنەیە. بەرلە دەنگدانەکە، ئێمە کارمان لەگەڵ ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لەبەغداد کرد بۆ دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی بەرھەمدارتر و ھەروەھا بۆ ھاندانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان. ئەم خواستانە لەکۆتاییدا ناتوانرێت بەرەو پێشببرێن لەرێگەی ڕێوشوێنی تاک لایەنەی ھاوشێوەی ئەو ڕیفراندۆمەوە

ئێمە ھانی ئارامی و کۆتایی ھێنان بە تۆمەتبارکردنی زارەکی و ھەڕەشەگۆڕینەوە دەدەین. ھانی دەسەڵاتەکانی کوردی عێراق دەدەین ڕێز لە ڕۆڵی دەستوری حکومەتی ناوەندی بگرن و ھەروەھا داوا لە حکومەتی ناوەندی دەکەین ھەڕەشە ڕەت بکاتەوە یان تەنانەت ئاماژەش بەئەگەری بەکارھێنانی ھێز نەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داوا لەھەموو لایەنەکان دەکات, بە دراوسێکانی عیراقیشەوە, کاری تاک لایەنە و بەکارھێنانی ھێز ڕەت بکەنەوە.

شەڕی دژ بەداعش کۆتایی نەھاتووەو گرووپە توندڕەوەکان بەدوای ئەوەوەن ناسەقامگیری و ناتەبایی بقۆزنەوە. ئێمە ھانی ھاوشانە عێراقیەکانمان دەدەین بەردەوام بن لە تیشک خستنە سەر بەزاندنی داعش.

ھانی ھەموو لایەک دەدەین بچنە ناو دایەلۆگێکی بنیاتنەرانەوە بۆ باشترکردنی داھاتووی ھەموو عێراقیەکان.