پەرەگراف زانیاریی ورد لەبارەی دەستگیركردنی دوو بەرپرسەكەی میت لەلایەن پەكەكەوە ئاشكرا دەكات

30-09-2017 05:45
ژمارەیەك گەریلای پەكەكە لە قەندیل. فۆتۆ؛ ڕێبەر نەجم.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

ئەو دوو بەرپرسەی میتی توركیا كە لەلایەن پەكەكەوە لە سنوری سلێمانی دەستگیركران، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە هەبووەو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی تایبەت كە لە ڕێگەی هەلیكۆپتەرەوە ئەنجامبدرێت‌و جەمیل بایك بكرێتە ئامانج، سەردانی ڕێگای (ڕانیە-دوكان)یان كردووە.

 

ئەو كارەی دوو بەرپرسەكەی میت-ی هێنایە سلێمانی، پێچەوانە بووەوەو تیمێك لە گەریلاكانی پەكەكە ئەو دوو بەرپرسەیان دەستگیركردو گەیاندنیانە قەندیل، پەرەگراف لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بۆ یەكەمجار زانیاریی ورد لەبارەی پلانەكەی میت‌و دەستگیركردنی دوو بەرپرسەكەیان لەلایەن پەكەكەوە ئاشكرا دەكات.

 

بەپێی سەرچاوەكانی پەرەگراف، ئەو دوو بەرپرسەی میت كە ئێستا لە قەندیلن، لەساڵی 1997وە لەناو میتدا لەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) كاردەكەن‌و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی وڵاتەكەیانن دژی پەكەكە.

 

"پلەداری باڵان‌و بەرپرسی ئەو ئۆپەراسیۆنەبوون كە میت ویستویەتی ئەنجامی بدات، هاتنیان بۆ سنوری پارێزگای سلێمانی سەرەتای مانگی ڕابردوو بۆ كێشانی دواین نەخشەی ئۆپەراسیۆنەكەیان بووە كە تێیدا جەمیل بایك كراوەتە ئامانج"سەرچاوەیەكی ئاگادار وادەڵێت.

 

میت "زانیاریی هەڵە"ی پێدراوە لەبارەی سەردانێكی جەمیل بایك بۆ سلێمانی لەناوەڕاستی مانگی 8ی ئەمساڵ لە ڕێگای ڕانیە-دوكانەوە، بۆ ئەو مەبەستە ویستویەتی لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێكەوە "دەستگیری بكات یان بیكوژێت" پەكەكەش ئاگاداری ئەو هەوڵەی توركیا بووەو پلانی پێچەوانەی ئامادەكردووە.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف دەڵێت"ئەو دوو بەرپرسە هاتوونەتە دوكان بۆ پشكنینی ڕێگای ڕانیە=دوكان تابزانن چ خاڵێك گونجاوە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدەن، ویستویانە لەڕێگەی دوو هەلیكۆپتەری سەربازییەوە بە ئۆپەراسیۆنێك(ئینزال) پلانەكەیان جێبەجێ بكەن."

 

وەك سەرچاوەكان دەڵێن، پلانەكەی توركیا لە ئاستێكی باڵادا داڕێژراوەو ئەو دوو بەرپرسە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاوە هەبووە، "توركیا بەجۆرێك بایەخی بە ئۆپەراسیۆنەكەداوە ژورێكی تایبەتیان ئامادەكردووە تا لەكاتی ئەنجامدانیدا ئەردۆغان‌و بەرپرسانی دیكەی ئەو وڵاتە ڕاستەوخۆ ئۆپەراسیۆنەكە ببینن."

 

"هەروەها ڕۆژنامەنوسێكیان ناردووە چاوپێكەوتنی لەگەڵ دایك‌و باوكی جەمیل بایك كردووە كە ماڵیان لە گوندی ئەلعەزیزە لە دێرسیم، پرسیاری ئەوەی لێكردوون تاچەند خۆشحاڵ دەبن بە دەستگیركردنی كوڕەكەیان، دایان نابوو بایەخی زۆربدەن بە دەستگیركردنی جەمیل بایك."

 

بەوتەی سەرچاوەیەكی دیكەی پەرەگراف، كە بەهەمانشێوە ئاگاداری وردەكاریی ڕووداوەكەیە، ئەو دوو بەرپرسەی میت كە "لە هەولێرەوە هاتوونەتە دوكان"، تەواوی جموجوڵەكانیان لەژێر چاودێری پەكەكەدا بووە، "لە چالاكییەكدا لە دوكان كە سەرجەمی بە ڤیدیۆ تۆماركراوە، پەكەكە هەردووكیانی دەستگیركرد‌و گەیاندنیە قەندیل، میتەكان بەڕێگای سەرەكیی ڕانیە-دوكاندا نەبراون‌و لەشوێنی تایبەتەوە براون."

 

زانیارییەكانی میت لەبارەی سەردانی جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) بۆ سلێمانی، "هەڵەبووەو هیچ بەرنامەیەك نەبووە سەردانی سلێمانی بكات، ڕۆژی دەستگیركردنی ئەو دوو پلەدارەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ پێش ئەو ڕێكەوتەبووە كە توركیا پلانی بووە ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا ئەنجامبدات."

 

وەك ئەو سەرچاوەیە دەڵێت"دواینجار كە جەمیل بایك هاتووە بۆ سلێمانی ساڵێك دەبێت پێش ئەوكاتەبوو كە نەوشیروان مستەفا سەردانی لەندەن بكات(مانگی 9ی 2016) لە سلێمانی لەگەڵیدا كۆبووەتەوە."

 

لە دوای گەیاندنی ئەو دوو بەرپرسەی میت بۆ قەندیل تائێستا لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، لە كاردانەوەی ئەو ڕووداوەشدا كۆتایی مانگی ڕابردوو حكومەتی توركیا نوێنەری یەكێتی لەو وڵاتە دەركرد، بەوپێیەی ڕووداوەكە لە سنوری ژێر دەسەڵاتی ئەودا ڕوویداوە، هەرچەندە"یەكێتی ئاگاداری ڕووداوەكە نەبووە."

 

پەرەگراف زانیویەتی توركیا فشاری زۆری خستوەتەسەر یەكێتی بۆ ئازادكردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت، بەڵام پەكەكە ڕەتیدەكاتەوە ئازادیان بكات، وەك سەرچاوەیەك دەڵێت"زانیاریی زۆریان لایەو لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت، تائێستاش بڕیار نەدراوە وێنەو ڤیدیۆیان بڵاوبكرێتەوە، ئەگەر ئەوە بكرێت مەترسیی بۆسەر حكومەتی توركیا دروست دەبێت، چونكە یەكەمجارە میت ڕوبەڕوی شكستی لەوجۆرە ببێتەوە."

 

ڕووداوی دەستگیركردنی ئەو دوو بەرپرسەی میت لەلایەن پەكەكەوە نزیكەی 20 ڕۆژ بە نهێنی مایەوەو نەبووە هەواڵی ڕاگەیاندنەكان، كاتێك توركیا بەهرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەكێتی لە ئەنقەرە ئاگاداركردەوە كە وڵاتەكەی جێبهێڵێت، ڕووداوەكە ئاشكرابو و بووە پرسێكی گەرم، گەڵاڵی‌و خێزانەكەی 24ی مانگی ڕابردوو گەیشتنەوە سلێمانی.

 

گەڵاڵی لەكاتی گەیشتنەوەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداو ئەوەی خستەڕوو، توركیا ئاگاداریان كردووەتەوە كە نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمنیی سلێمانی‌و داوایان لێكردووە لەماوەی 3 ڕۆژدا مەكتەبی یەكێتی لە توركیا دابخرێت تا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.

 

"لە ماوەی ڕابردوودا ڕووداوێك لە سلێمانی دروستبووە كە ڕەنگە هەڵەی یەكێتی تێدابووبێت، بەڵام زیاتر هەڵەی خۆیان بووە"گەڵاڵی وای وت، بەبێ ئەوەی ئامادەبێت وردەكاریی ئەو ڕووداوە ئاشكرابكات، وتیشی"یەكێتی باجی هەڵوێستەكانی هەمیشە داوە، پێویستە لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكانی سنوری یەكێتی وای لێنەیەت ببێتە شوێنی تەراتێنی وڵاتان."

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا نوێنەرایەتی لە توركیا نییەو حزبەكان نوێنەرایەتییان كردووەتەوە، بەهرۆز گەڵاڵی ماوەی 17 ساڵە نوێنەری یەكێتییە لە ئەنقەرە.

 

هەمان ڕۆژی گەیشتنەوەی گەڕانەوەی گەڵاڵی، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە بارەی دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی لە ئەنقەرە باسیلەوەكرد، زۆر جار حزبەكەی نرخی سیاسەتی كوردستانی‌و هاوكاری نەكردنی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە دەدات، وتی"ئەم جارەش هەمان شتە كە كردەوەیەكی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی لەلایەن توركیاوە كراوەو سەركەوتوو نەبووەو بە زەرەری توركەكان تەواوبووە."

 

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو، كاربەدەسـتانی توركیا یەكێتی تۆمەتباردەكەن بەوەی هاوكاری نەكردوون لەو كردەوەیەدا، وتیشی"یەكەم توركیا مافی ئەوەی نییە لە وڵاتێكی دیكە ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدات، دووەم كەسیان ئاگادارنەكردووەتەوە و خۆیان خەریكی بەرنامەیەك بوون كە تیایدا سەرنەكەوتوون، لەبری ئەوەی دانبنێن بە شكستەكەیان دەیانەوێت قەیرانێك دروستبكەن بۆ ئەوەی شكستەكەیان بشارنەوە، بۆیە بەهرۆز گەڵاڵی و بنەماڵەكەی باجەكەی دەدەن."

 

لەدوای ڕووداوەكە چەند بەرپرسێكی پەكەكە لەناویاندا جەمیل بایك لەوبارەیەوە لێدوانیان داوە، بەڵام تائێستا پەكەكەو یەكێتی‌و حكومەتی توركیاش زانیارییان لەبارەی چۆنیەتی ڕووداوەكەوە ئاشكرا نەكردووە.

 

چوار ڕۆژ دوای دەركردنی نوێنەرەكەی یەكێتی لە توركیا، دیار غەریب، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی گشتی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە)-چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە- بەبێ ئەوەی وردەكاریی ڕووداوەكە ئاشكرابكات، وەك یەكەم بەرپرسی پەكەكە ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە چەند ئەندامێكی میتیان لە سلێمانی دەستگیركردووە.

 

دیار غەریب داوای لە یەكێتی كرد"چۆك بۆ فشارەكانی دەوڵەتی تورك دانەدات، چونكە دەوڵەتی توركیا كاری ناقانوونی دەكات، هاوكات دەستخۆشی لە پەكەكەش بكات كە ئۆپەراسیۆنەكەی دەوڵەتی توركیای پووچەڵ كردوەتەوە‌و ڕێگای نەداوە یەكێتی تووشی ئابڕووچونێكی مەزن ببێت."

 

دواتریش جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی كەجەكە ڕایگەیاند"لە باشوری كوردستان هەندێك لقی میت هەن، كە بە مەبەستی شەڕی تایبەت كاردەكەن، ئێمە لەوبارەیەوە زانیاریمان لەبەردەستدایە، بێگومان نابێت هێزو حزبەكانی باشوری كوردستان لەناو ئەو كار و پیلانانەی میتی تورك دا جێ بگرن، ئێمە هیوادارین وابێت، ئەگەر لەناو ئەو پیلانانەدا جێبگرن گەورەترین دوژمنایەتی پەكەكەو گەلی كوردیان كردووە."