بە ڤیدیۆ؛ بەرهەم ساڵح هاوپەیمانییەكەی ڕاگەیاندو هێرشی توند دەكاتەسەر دەسەڵاتداران

02-10-2017 07:38
بەرهەم ساڵح بە لیستێكی نوێ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات. فۆتۆ؛ پەرەگراف.

 

پەرەگراف

 

بەرهەم ساڵح هاوپەیمانییەكەی ڕاگەیاندو هێرشی توند دەكاتەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم‌و دەڵێت، ئەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆ بەرۆكی كوردەواریی گرتووە ئەنجامی كاری كۆمەڵێ ناوەندی بەرژەوندیخوازە، كە سەرەڕای جیاوازییان لەڕووی حزبی، سەرەڕای ناوی جیا، زاراوەو دەربڕین‌و دروشمی جیاجیا، پێكەوە لەسەر برابەشكردن و كۆمپانیای هاوبەش‌و پاوانكردنی دەسەڵات‌و درێژەدان بە مەینەتی ئەم گەلە هاوكار و هاوئاوازن.

 

بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ڕاگەیاند كە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان‌و دەكات، لە پەیامەكەیدا تیشكدەخاتەسەر كێشەو قەیرانەكانی هەرێم‌و چارەسەركردنیان كە پێیوایە، "چارەسەری ئەم بارە ناهەموارە، ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم زوڵم وستەمكاریە، بە تاكە كەس و بەتاكە حزب و بە ناوچەیەك ناكرێ."

 

"هاوپەیمانی تێدەكۆشێت بۆئەوەی دوای مێژویەك لەتاڵاوی دابەشكاری و پاوانكاری، ململانێی زبر و زمانی تەشهیر و تەخوین، ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرقەراربكەین، كێشەكانی حوكمڕانی چارەسەر بكەین لە مووچەبڕین و پاشماوەكانی شەڕی ناوخۆ، بە حیزبیكردنی كایەكانی ژیان، خزم خزمێنە، دەستێوەردانی بازاڕ، بەدگومانی هاوڵاتیان لە دەسەڵات و سیاسەتی نەوت، نەبوونی سیاسەتی ئەمنیی یەكگرتوو و شپرزەیی وبێسەری بڕیاڕی سیاسی..ئەم هاوپەیمانییە تێدەكۆشێت بۆ چەسپاندنی الحكم الرشید و دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردەوە" بەرهەم ساڵح وادەڵێت.

 

بەرهەم ساڵح، 16ی ئەم مانگە لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هاوپەیمانییەكەی تۆماركرد بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 1-11 ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای بێئومێدبوونی لە هەوڵەكانی چاكسازی ناوخۆیی حزبەكەی.

 

پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكراكرد، بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، لە دروستكردنی لیستەكەیدا چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی یەكێتی پشتیوانی دەكەن، هاوكات هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان.

 

"لێرەدا كۆمەڵیك هاودید كۆبوینەوە، بەشێكمان بێ پاشخانی حیزبی یا سیاسی، بەشەكەی تریشمان لە حیزب و قەوارەی جیاوازەوە هاتووین، هەریەكە ئەزموونیكی تایبەتی خۆی هەیەو دڵنیام هەریەكە بە هیوای دابینكردی ئایندەیەكی گەش بۆ گەلەكەی لە بواری خۆیدا كاری بێوچانی كردووە، بەڵام وا ئەمڕۆ هەموومان بەئامانجی خزمەتكردن و حوكمڕانی دیموكرات و دادپەروەر لەم هاوپەیمانییە كۆبووینەتەوە" بەرهەم ساڵح لە پەیامەكەی ئەمڕۆیدا وادەڵێت.

 

دەقی پەیامەكەی بەرهەم ساڵح