پەرەگراف ناوەڕۆكی كۆبوونەوەیەكی بەرهەم ساڵح‌و عومەری سەید عەلی ئاشكرادەكات

03-10-2017 03:09
عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەرهەم ساڵح، سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەرهەم ساڵح‌و عومەری سەید عەلی كۆبوونەتەوەو گفتوگۆی یەكخستنی لیستەكانیان كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، قەوارەكەی بەرهەم ساڵح چاوەڕوانی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات.

 

كۆبوونەوەكەی سەرۆكی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لەگەڵ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوور لەچاوی ڕاگەیاندنەكان لە ماڵی دۆستێكی هەردولایان بووە  ڕۆژی 1ی ئەم مانگە لە سلێمانی.

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەكە بە پەرەگرافی وت"بەرهەم ساڵح‌و عومەری سەید عەلی دووقۆڵی كۆبوونەتەوە‌و هەلومەرجی ئێستاو ئایندەی كوردستانیان باسكردووە."

 

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، لەو كۆبوونەوەیەدا "بەرهەم ساڵح پێشنیاری دروستكردنی هاوپەیمانییەكی لەگەڵ گۆڕان خستووەتەبەردەم عومەری سەید عەلی، كاك عومەریش داوای لێكردووە لەسەری بوەستێت تا لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی گۆڕان باسیدەكات."

 

سەرچاوەیەكی دیكەش كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكەیە دیدارەكەی بەرهەم ساڵح‌و عومەری سەید عەلی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوەو وتی"گۆڕان سەردەستەی چاكسازیی ئەم هەرێمەیەو قەوارەكەی بەرهەم ساڵحیش هەمان ئامانج‌و ئیرادەیان هەیە هەربۆیە هەردوولایان لە كۆبوونەوەكەدا بۆچونەكانیان نزیك بووە لەیەكەوە بۆ كاری هاوبەش."

 

هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح بڕوای بە پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان هەیە لەو حزب‌و كەسایەتییانەی ئامانجیان چاكسازی‌و گۆڕانكارییە، بۆئەو مەبەستەش لەگەڵ هەریەكە لە بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی‌و ئەو حزب‌و گروپانەی نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) لە گفتوگۆی بەردەوامدایە.

 

هەریەكە لە ئارام قادر سەرۆكی پێشوی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان‌و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ‌و محەمەد ڕەئوف سەرۆكی پێشوی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دیارترین دوو كەسایەتیی حزبیی دەرەوەی یەكێتین كە لەگەڵ بەرهەم ساڵحدان، ئەوە سەرباری چەندین بەرپرسی باڵای یەكێتی كە خۆیان یەكلایی كردووەتەوە پشتیوانیی لیستەكەی بەرهەم ساڵح دەكەن.

 

"نزیك بوونەوەی هاوپەمانییەكەی بەرهەم ساڵح‌و گۆڕان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەی ئەم قۆناغەیە بۆ سەلامەتیی خەڵك‌و خاكی كوردستان، هەڵسوڕاو و لایەنگرانی گۆڕان‌و كەسانی نزیك لە بەرهەم ساڵحیش گوشاریان دەستپێكردووە بۆ دروستكرنی هاوپەیمانیی نێوانیان"سەرچاوە ئاگادارەكەی پەرەگراف وای وت.

 

ئەوەشی ڕوونكردەوە، هەوڵەكەی بەرهەم ساڵح‌و گۆڕان بۆئەوەیە هەردوولایان بەیەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن بكەن‌و لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی‌و بەشێك لە یەكێتیش هەمان پرس باسكراوە، وتیشی"هەوڵەكە بۆ پێش هەڵبژاردنە كە لیستەكان بكرێنە قەوارەیەكی هاوپەیمانیی بۆئەوەی بەریەك كەوتن دروست نەبێت لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەگەر ئەمە ڕووینەدا وێستگەی دووەم بۆئەوەیە لەدوای هەڵبژاردن دروست ببێت."

 

هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن خۆی تۆماركردووە بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە 1-11 ئەنجامبدرێت، دروستكردنی ئەو لیستە لەلایەن بەرهەم ساڵح، دوای بێئومێدبوونی دێت لە هەوڵەكانی ڕابردوو بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، هەروەها ئەو هەوڵانەی بۆ گەڕانەوەی ناوبراو دران بۆ ناو حزبەكەی شكستیان هێنا، هەربۆیە بڕیاریدا لە دەرەوەی یەكێتی بەشداریی لە هەڵبژاردن بكات

 

دوێنێش لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا، بەرهەم ساڵح هاوپەیمانییەكەی بە خەڵك ناساند‌و هێرشی توندیكردەسەر دەسەڵاتداران‌و تیشكی خستەسەر كێشەو قەیرانەكانی هەرێم‌و چارەسەركردنیان كە پێیوایە، "چارەسەری ئەم بارە ناهەموارە، ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم زوڵم وستەمكاریە، بە تاكە كەس و بەتاكە حزب و بە ناوچەیەك ناكرێ."

 

بەرهەم ساڵح لە پەیامەكەیدا وتیشی"ئەم قەیرانە سەختەی ئەمڕۆ بەرۆكی كوردەواریی گرتووە ئەنجامی كاری كۆمەڵێ ناوەندی بەرژەوندیخوازە، كە سەرەڕای جیاوازییان لەڕووی حزبی، سەرەڕای ناوی جیا، زاراوەو دەربڕین‌و دروشمی جیاجیا، پێكەوە لەسەر برابەشكردن و كۆمپانیای هاوبەش‌و پاوانكردنی دەسەڵات‌و درێژەدان بە مەینەتی ئەم گەلە هاوكار و هاوئاوازن."